لێکەوتەی سیاسی و ڕەهەندی یاسایی دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵاتان
1/3/2026 2:56:00 PM
د. ئاریان ڕەئوف
پرسی
دەستگیرکردنی سەرۆکی دەوڵەتێک لەلایەن دەوڵەتێکی ترەوە، یەکێکە لە ئاڵۆزترین
ومشتومڕاوییترین بابەتەکان لە کایەی یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزویلا لەلایەن هێزێکی سەربازی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی زەقی یاسایی نێودەوڵەتیە ودەچێتە
خانەی کردەیەکی رفاندنی سەربازی و سیاسی کە بنەماکانی سیستەمی وێستفالی کە سەروەری
دەوڵەتان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم وتارەدا بە کورتی ئاماژە بە رەهەندی یاسایی و
لێکەوتە سیاسیەکانی دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزویلا دەکەین.
ئەگەرلە ڕووی یاسایی نێودەوڵەتیەوە خوێندنەوە بۆم
ئەم کردیە بکەین ئەوا لە چەند روویەکەوە پێشێلکاریە:
1. پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتان: لە ماددەی (٢) بڕگەی
(٤) لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتوە (هەموو ئەندامان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیاندا،
دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکپارچەیی خاک یان
سەربەخۆیی سیاسی هەر دەوڵەتێک، یان بە هەر شێوازێکی تر کە لەگەڵ ئامانجەکانی نەتەوە
یەکگرتووەکاندا نەگونجێت.) هەربۆیە دابەزینی هێزی سەربازی بۆ ناو خاکی وڵاتێکی تر
بەبێ ڕەزامەندی یان بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، بە "تاوانی دەستدرێژی ئەژمار دەکرێت.
2. پارێزبەندی کەسی: لە یاسای نێودەوڵەتیدا ( بە پێی
عورفی نێودەوڵەتی و بریاری دادگایی دادی نێودەوڵەتی ICJ لە دۆسیەى یێرۆدیا) سەرۆکی وڵاتان، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوە خاوەنی پارێزبەندییەکی
ڕەهان. ئەم پارێزبەندییە ڕێگرە لەوەی هیچ دەوڵەتێکی تر بتوانێت ڕێکاری جێبەجێکردنی
یاسا (وەک دەستگیرکردن) بەرامبەریان ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر تۆمەتبار بن بە
تاوانی گەورەش.
3. نایاساییبوونی ڕفاندنی نێودەوڵەتی: دادگا نێودەوڵەتییەکان
و ئەنجومەنی ئاسایش ( لەکەیسی ئادۆڵف ئایشمان* - ١٩٦٠) جەخت دەکەنەوە کە دەبێت تۆمەتبار
لە ڕێگەی ڕادەستکردنەوەی یاسایی ببرێتە بەردەم دادگا، نەک لە ڕێگەی ڕفاندنی سەربازییەوە.
لەلایەکی
ترەوە ئەنجامدانی کارێکی لەم شێوەیە، لێکەوتەی سیاسیی قووڵی دەبێت کە دەکرێت لەم
خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:
1. داڕمانی زیاتری متمانە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا:
ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی دروستبوونی زیاتری پشێوی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. وڵاتان چیتر هەست بە ئاسایش ناکەن
و پەنا بۆ خۆ پڕچەککردنی زیاتر و توندکردنەوەی سنوورەکان دەبەن، چونکە "یاسای
هێز یان یاسایی جەنگەڵ" جێگەی " یاسایی نێودەوڵەتی" دەگرێتەوە, ئەمەش
سەردەکێشێت بۆ قۆڵبونەوەو فراوانبونی زیاتر ململانێ نێودەولەتیەکان.
2. دروستبوونی پێشینەی سیاسی: لەدۆخە پر کێشەو ئاڵەنگارییەى
کە ئێستا جیهان پێدا تێپەر ئەبێت پێشینەى
مەترسیدار دروست ئەکات, چونکە کە ئەمریکا ڕێگە
بە خۆی بدات سەرۆکی فەنزویلا بڕفێنێت، ئەوا ڕێگەی خۆش دەکات بۆ وڵاتانی تری وەک ڕووسیا
یان چین کە هەمان مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانیان یان سەرۆکی وڵاتانی دراوسێیان بکەن، بە
بیانووی ئەوەى بونەتە مایەی هەرەشە لەسەر وڵاتەکانیان.
3. تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەیی: دەستگیرکردنی سەرۆکێک
بەو شێوەیە، دەکرێت ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە یان شەڕی نێوان وڵاتان. لە
نموونەی فەنزویلادا، ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە ئەمریکای لاتین و
دروستبوونی شەپۆلێکی دژە ئەمریکی توند.
شایەنی
ئاماژە بۆکردنە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ یەکەم دەستگیرکردن و رفاندن نیە لە میژوودا
بەڵکۆ نمونەى ترهەن لە کیشوەرى ئەمریکا کە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێی هەڵسابێت
ئەویش دەستگیرکردنی سەرۆکی پەنەما (مانوێل نۆریێگا )بوو لەساڵی ١٩٨٩ .
لە
کۆتایدا دەتوانین بڵێین ئەم کارە لە ڕووی یاساییەوە تاوانی دەستدرێژی و ڕفاندنی سیاسییە. هیچ دەقێکی یاسایی نێودەوڵەتی
ڕێگە بە وڵاتێک نادات هێزی سەربازی بنێرێتە ناو وڵاتێکی تر بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی، هەربۆیە ئەم جۆرە دەستگیرکردنانە ئەوەمان بۆ
روندەکاتەوە کە زلهێزەکان دەتوانن لە ڕێگەی هێزەوە یاسا نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێنن.
ئەم رەفتارانەش لە مەودای نزیکدا دەبنە هۆی تێکدانی بنەماکانی ئاشتی وئاسایشی نێودەوڵەتی
ولاوازکردنی شەرعییەتی یاسای نێودەوڵەتی وقۆڵکردنەوەى زیاتری ململانێ نێودەوڵەتیەکان
کە سەرئەنجام رەنگە جیهان رووبەرووی مەترسی جەنگی گشتیگیر بکاتەوە.
* بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە کەیسی (ئادۆڵف ئایشمان - ١٩٦٠) ,کاتێک ئیسرائیل
ئادۆڵف ئایشمانی( بەتاوانی جینۆسایدی جولەکە) لە ئەرجەنتین ڕفاند ئەنجومەنی ئاسایش
بڕیاری ژمارە (١٣٨)ی دەرکرد و ڕایگەیاند کە: "ئەم جۆرە کارانە، ئەگەر دووبارە
ببنەوە، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە" و داوای لە ئیسرائیل
کرد قەرەبووی ئەرجەنتین بکاتەوە. ئەم بڕیارە بووە سەرچاوەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی کە ڕفاندنی
نێودەوڵەتی کارێکی قەدەغەیە.