شۆک نەبوون
6/30/2021 12:08:00 PM
ئاریان رەئوف
دانیشتنەکەی دوێنی پەرلەمان، یەکێکە لەو روداوە
کەم وێنانەی کە مەحاڵە لە شوێنی تری ئەم دنیایە روبدات جگە لە کوردستان وعێراق،
چونکە ئەوەی لەو دانیشتنە پەرلەمان باسکرا کەم وێنە بوو لەوەی هەموو فراکسوینەکان بە ئۆپۆزسیون و دەسەڵات بە ئاشکرا باسی گەندەڵیان
ئەکرد، ستافی حکومەتیش بە دۆکیومێت دەیان وت ئەم وڵاتە نوقمی گەندەڵیە، هەردولای پەرلەمان
و حکومەت هەردو لای فراکسیۆنە کانی ئۆپۆزسیۆنی و دەسەڵات بی باکانە باسی هەرچی گەندەڵەیە
کردیان، بە دەر لەوانەش دانیشتنەکە بە حساب چاکردنەوە و گەرانەوەی لێبرینی ٢١ ٪
موچەی فەرمانبەران بوو بەڵام بێ ئەنجام بوو، کەچی هەموو ئەم روداوانەی نێو دانیشتنەکەی
پەرلەمان کە زەنگی زۆر مەترسیداربوون و سەلمێنەری فۆرمی کلپتۆکراسیە لە هەرێم، کەچی
هاوڵاتیان و فەرمانبەران پێی شۆک نەبون وەک ئەوەی شتیک روی نەدابێت زۆر بە ئاسایی
تێپەری. ئەم شۆک دروست نەبونە خۆی بۆ خۆی
زەنگێکی مەترسیدارترە لەو فۆرمە کلیپتۆکراسیەی کە چەندین ساڵە لە هەرێم جێ پێی خۆی
قایمکردوە.
لە بیرمە لەو ساڵانەی کە بزوتنەوەی گۆران لە پەرلەمان
ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بوو بچوکترین زانیاری کە لە لایەن ئەو بزوتنەوەو فراکسوۆنەکەیەوة
دەورژێنرا شۆکی گەورەی لە کۆمەڵگا دروست دەکرد زانیاریەکانیش ئەگەرچی لە لایەن
پارتە دەسەڵاتدارەکان رەت دەکرایەوە و نکۆلیان لێ دەکرد، بەڵام تەنانەت مقۆمقۆی لای لایەنگرانی پارتەکانی دەسەڵاتیش
دروست دەکرد. ئەو شۆکبونەی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا گەیشتە ئاستی تەقینەوە دژ بە دەسەڵاتداران لە هەرێم، ئەمەش وردە وردە
پارتەکانی دەسەڵاتی ناچارکرد هەندێک لەو پارە بێ شمارە کە پێشتر سەرنگون دەکران بۆ
خزمەتگوزاری و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک بە خەرج بدەن. گۆرانکاری لە گوزەرانی هاوڵاتیان
لە نیوان ساڵانی ٢٠٠٩- ٢٠١٣ سەلمێنەرن.
بەڵام لە دوای ٨ ساڵ ئەگەرچی پیشتر پارتە دەسەڵاتدارەکان
چ لە پەرلەمان و چ لە لایەن وەزیرەکانیانەوە نکۆلیان لە بونی گەندەڵی دەکردەوە و
بزوتنەوەی گۆرانیشیان بە تێکدەر وەسف دەکرد، کەچی ئەمرۆ بێ سڵەمینەوە خۆیان دەیان جار زیاتر لەوەی بزوتنەوەی گۆران لە ساڵانی ٢٠٠٩ -٢٠١٣ ئاماژەی پێ دەکرد، باس دەکەن هیچ ناترسن لە جوڵانی شەقام چونکە ترسیان لەوە
نیە کە شۆک لە کۆمەڵگادا دروست بکات، هەر ئەمەشە سیحری ئۆپۆزسیۆنبونی لە هەرێم پوچەڵکردۆتەوە و راست وناراست وەک یەک لێکردوە.
هۆکارگەلێکی زۆر لە پشتی شۆک نەبونی کۆمەڵگای ئەمرۆی
هەرێمی کوردستان هەن، کە مەحاڵە لەم چەند دێرە ئاماژەیان پێ بکرێت، بەڵام شایەنی ئەوەیە
کە ببێتە جێی مشتومری رۆشنبیران و هەڵوەسەکردن لە سەر ئەم دیاریدە زۆر کوشندەیە کە
وادەکات جەبەروتی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە ستەمکاری تەواوەتی بچەقێنیت .