530وتار

نەوشیروان مستەفا چ جۆرە هاوسەنگیەکی تێکدا

7/24/2021 8:51:00 PM
ئاریان رەئوف



لای هەموومان ئاشکرایە کە دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ٢٠٠٥ گەیشتبووە ئاستێکی زۆر خراپ کە کاریگەری لەسەر گوزەرانی هاوڵاتیان دروست کردبوو و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بێ کار بوون چ لە حکومەت و چ لە کەرتی تایبەت هەلی کاریان بۆ فەراهیم نەدەکرا، ئەمە لە کاتێکدا پارەیەکی زۆر وەک بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێم دابین دەکرا. بەرپرسانی هەرێم لە ئاستی ئەم دۆخە خراپەی خزمەتگوزاری و ئابووریە بێ باک بوو دەرئەنجامی ئەمەش خۆپیشاندان و نارەزای گەنجانی لێکەوتەوە.


سەبارەت بە دۆخی سیاسی لە هەرێم جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوانی ینک و پدک هەبوو بۆ دابەشکردنی پۆست و ئیدارەدان لە ژێر قەڵەمرەوی خۆیان و دەستکەوتەکانیان لە بەغداد . بەڵام ئەم هاوسەنگیە سیاسیە لەپێناو بەرژەوەندی خودی ینک وپدک و سەرکردەکانی بوو نەک بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری هاوڵاتیان.  بە مانایەکی تر نا هاوسەنگیەکی زۆر لەنێوان پێگەو هێزی هاوڵاتیان لە بەرامبەر هێزی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار هەبوو کە وەک بەرەیەکی دژ بە هاوڵاتیان لێهاتبوو یەک دەست و یەک هەڵوێست بوون بەرامبەر نارەزایەکانی هاوڵاتیان.


نەوشیروان مستەفا هەر ئەوکات کە لە نێو ینک بوو بە ئاشکرا رەخنەکانی خۆی لە سەر فۆرمی حوکمرانی لە هەرێم و تەشەنەکردنی گەندەڵی لە راگەیاندنەکانی ینک بە ئاشکرا خسەتە روو. کاتێک هەستی کرد رەخنەکانی و بەرنامە سیاسیەکەی لە نێو یەکیتی ناتوانێت کاریگەری هەبێت وگۆرانکاری  دروست بکات، هەر بۆیە وازی لە یەکێتی هێناو کۆمپانیایی وشەی دامەزراند لە رێگەی رۆژنامەو سایتەکانی لە رەخنەگرتن نەوەستا. دواتریش کە لیستی گۆرانی پێکهێنا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ هەژانێکی سیاسی گەورەی دروست کرد کە بێ وێنەیە لە مێژووی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان. ئەم هەژانە سیاسیە هاوسەنگیەکی نوێی دروست کرد کە هاوسەنگی هێزی هاونیشتمانیان بوو بەرامبەر بە دوو هێزی سیاسی(پدک وینک) کە لە راپەرینەوە  حوکمرانی  لە هەرێم قۆرغکرابوو لە ژێر پاوانی دەسەڵاتیان بوو. بە مانەیەکی تر کاک نەوشیروان هاوسەنگی هێزی نێوان ینک وپدک ی تێک نەدا ( بە پێچەوانەوە پدک وینک هەردوو لایان بون بە لایەکی هاوسەنگی هێزەکە و لە هەمانکاتدا پاڵپشتی یەکتر بوون وەک یەک بەرە مامەڵەیان دەکرد) بەڵکو بەرەیەکی تری دروستکرد بۆ گەرانەوەی هێز بۆ هاونیشتمانیان بۆ ئەوەی کاریگەریان لەسەر دەسەڵات هەبێت و دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری باشبکرێت و گەندەڵی نەمێنێت و دامەزراوە دروستبکرێت و هێزی پیشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان بە نیشتمانی بکرێن نەک وەلائیان بۆحیزب و سەرکردەکانیان هەبێت.



کاک نەوشیروان هەوڵەکەی لە گەرانەوەی هێز و پێگە بۆ هاونیشتمانیان و دروستکردنی هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر دەسەڵات سەرکەوتوو بوو و توانی ئەوە ئامانجە بەدەست بهێنێت، ئەمە لە کاتێکدا لە پیشتردا لای دەسەڵاتداران هیچ بایەخێک بە هێزو پێگەیی هاوڵاتیانیان لە حوکمرانی نەدەدار. ئەم وەرچەرخانە دەسەڵاتدارانی  ناچارکرد بەشێک لەو داهاتەی لە بودجەی عێراق دەهات  تەرخان بکرێت بۆ باشکردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و باشترکردنی دۆخی فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکان کە موچەکانیان هاوتایی بەغداد کرا دۆخی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کەسوکاری شەهیدان وئەنفالکراوان وخاوەن پێداویستیەکان گۆرانی بەسەردا هات. ئەمەش کاریگەری گەورەی لە سەر دۆخی بازار کرد وئاستی داهاتی هاوڵاتیان بەرزکردەوە و جوڵەی ئابووری زیاتری دروست کرد و دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزاریەکان  گەشەی زۆری بەخۆە بینی. ئەگەر چی بەرنامەی سیاسی کاک نەوشیروان زۆر فروانتر فرە چەشنتر بوو.



 بە مانایەکی تر حکومەت وپارتە دەسەڵاتدارەکان لە دوای ٢٥/٧/٢٠٠٩ ناچار بوون مل بۆ هێزو پێگەی هاوڵاتیان دابنەوێنن وبایەخ بە خواست و داخوازیەکانیان بدەن چ لە باشکردنی خزمەتگوزاریەکان بێت یان باشترکردنی گوزەرانیان بێت، بەڵگەش بۆ ئەم گۆرانکاریە ئەوەیە کە لە پێش ٢٥/٧/٢٠٠٩ دەسەڵاتداران بۆ هەر فشارێکی هاوڵاتیان چ لە رێگەی خۆپیشاندان یان داواکاری تەنها بەڵێنیان دەدا بەڵام دوای ئەو مێژووە ناچار وەک هیزێکی هاوتا بۆ هێزی خۆیان حسابێکیش بۆ هێز وپێگەی هاونیشتمانیان بکەن.  بەڵام بە داخەوە هاتنی داعش  لە ساڵی ٢٠١٤ تێکچونی دۆخی ئەمنی  وەک فریاد رەسێك بوو بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان (ینک و پدک)  کە دوبارە ناهاوسەنگی هێز لە قازانجیان بێت لە بەرامبەر هێز و پێگەی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان، چونکە شەری دژ بە داعش ئەزشی بۆ هێزی مەدەنی نەهێشتەوە و بە تەواوەتی لاوازی کرد، بەڵکو ئەوەی بایەخی هەبوو هێزی سەربازی ئەمنیەکان بایەخی زیاتریان پەیدا کرد،  تەنانەت لای ئەمریکا و ئەوروپیەکانیش کە پێشتر هەموو پاڵپشتیەکیان لە هێزە مەدەنیەکان دەکرد. ئەمەش بوو بە هەلێکی باش کە (ینک و پدک) پشت لە خواست و داواکاریەکان هاوڵاتیان بکەن بە بیانوی بونی هەرەشە لە سەر هەرێم.


وەك هەوڵێک بۆ گەرانەوەی ئەو هاوسەنگیەی  کە لە پێش هاتنی داعش هەبوو و لە گەڵ هاتنی داعش لاسەنگ ببوو، کاک نەوشیروان لەگەڵ مام جەلال رێکەوتنی دەباشانی گەڵالەکرد کە دواتر لە ١٧/٥/٢٠١٦ ئیمزا کرا، بەڵام بەداخەوە بە هەوڵی سەرکردەکانی ینکەوە بو بە مەرەکەبی سەرکاغەز.


ئەوەی هانی دام ئەم وتارە بنوسم ئەوەیە لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی( لەوانەی دەسەڵاتیان هەیە لەوانەشی کە رۆڵیان لە کۆنگرەی ینکەوە پەراوێز خراوە) وەك لۆمە کردنێک ناوی کاک نەوشیروان بە تێکدەری باڵانسی هێز لە بەرامبەر پارتی ناو دەبەن وتۆمەتباری دەکەن وەک هۆکار بۆ تاکرەوەی پارتی لە بریارەکانی هەرێم وەک خۆیان دەیڵێن ( کە لە کاتێکدا ینک و پدک لە رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیانەوە تاکو ئیستا بە هاوبەشی بڕیار لەسەرجەم پرسەکان دەدەن لە هەرێم) ئەم تۆمەتبارکردنەی کاک نەوشیروان بۆ ناشرینکردنیەتی و شاردەنەوەی تاوانەکانی خۆیانە لەلایەکی تریش بۆ راکێشانی سۆزی هاوڵاتیانە بۆ خۆیان ونکردنی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەیان کە کردویانە و دەیکەن و تاوانەکەی دەخەنە سەر کەسێک کە لەکاتی زیندوبونی خۆی فزەیان لێوە نەدەهات.لە لایەکی تریشەوە بەنگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەوان دەیانەوێت ئەو لاسەنگی هێزە هاوسەنگ بکەنەوە. 

 لە کۆتایدا ئەمەوێت ئەوە  بڵێم ئەو باڵانسی هێزەی ئەوان هەوڵی بۆ ئەدەن بە حساب بیگێرنەوە بۆ دۆخی خۆی زۆر جیاوازە لەو باڵانسی هیزە کە کاک نەوشیروان لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ هێنایە کایە ولە رێکەوتنی دەباشانیش دووبارە هەوڵی هێنانەوەی دا، چونکە ئەوەی ئەوان بۆ گەرانەوی شان و شکۆی حیزبی خۆیان و بەردەوامی دان و درێژەدانە بەو فۆرمە حوکمرانیەی کە هیچ حسابێک بۆ هێز و پێگەی هاوڵاتی ناکات و بروای بە دامەزراوە و حوکمی یاسا  ویەکخستنی هێزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەکان نیە، کە هەموو ئەمانەش  دژن بە سیاسەت و ستراتیژی نەوشیروان مستەفا کە لە دروستکردنی باڵانسی هێزدا هەوڵی بۆ دەدا تاکو دوا ساتەکانی ژیانی. کەواتە نەوشیروان مستەفا لاسەنگی هێزی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان هاوسەنگ کردەوە نەک پێچەوانەکەی.


تێبینی \ ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرە وتارێک بە بۆنەی لە دایک بوونی یەکەمین بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی هەژێنەری دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لەم زنجیرە وتارە هەوڵ ئەدەین سەرنج بخەینە سەر لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی ٢٥/٧ هەڵە و کەموو کورتیەکان، لەم زنجیرە وتارە زۆر رۆناچمە ناو روداو گرفتەکان بەڵکو بەکورتی بەسەریان راگوزەر ئەکەم  ودەیانخەمەوە پێش چاو چونکە بەشێکی زۆرمان لەو دۆخەدا ژیاوین وروداوەکان بە باشی لە بیرمانن بەڵام لەپیش چاومان ونن، بەڵام هەوڵ دەدەم خۆم لە خستنە رووی هەندێک راستی بدەم کە پیشتر زۆر کەم باسکراون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن