ئاماژەكانی دەركەوتنی هێزەكانی ئەمریكا لەشەقامەكانی عێراق
2/9/2019 11:08:00 AM
ئاریان رەئوف
دەركەوتنە مەیدانیە ئاشكراكانی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتاییەكانی مانگی یەكی ٢٠١٩ لە شارەكانی موسڵ و دیالەو كەركوك، كە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراق دایە، ئەگەری پێكدادانی راستەوخۆی نێوان هێزەكانی ئەمریكاو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەك سیناریۆیەكی بەهێز تەماشا دەكرا، بەڵام ئەنجامدانی مانۆڕێكی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژی شەممە رێكەوتی ٢\٢\٢٠١٩ لە گەڕەكێكی شاری موسڵ لە نزیكی بارەگایەكی سەرەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و جوڵاندنی هێزی حەشدی شەعبی بەمەبەستی خۆپیشاندان و رێگریكردن لەو هێزەی ئەمریكا، ئەو سیناریۆیەی بەهێزتر كردو ترسێكی گەورەی لای سیاسیەكانی عێراق دروستكرد، بەوەی شەڕ رووبدات لەنێوان ئەمریكاو حەشدی شەعبی.
ئەگەرچی ئەمجارە هیچ گرژییەكی ئەوتۆ رووی نەدا، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەتا سەر رووبەڕووبوونەوە روونادات، چونكە هێزەكانی ئەمریكا دڵخۆش نیە بە بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارە سوننییەكان و بەتایبەت موسڵ. چونكە شاری موسڵ بووەتە رێڕەوی ئێرانییەكان بۆ سوریا، بۆیە ئەمریكا مەبەستیەتی ئەو رێڕەوە بەلایەنی كەم لاواز بكات، بە ئامانجی لاوازكرنی ئێران لە سوریا، ئەمەش تەنها بە دەركردنی حەشدی شەعبی لەو شارە چ بە ئاشتی بێت یان شەڕ بۆ ئەمریكا مەیسەر ئەبێت.
لە ئێستادا چەند لەمپەرێك لەبەردەم ئەمریكاییەكان هەیە كە رێگری دەكات لە لێدانی راستەوخۆی لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، یەكێك لە لەمپەرەكان بریتییە لەوەی ئەم هێزە میلیشیانە لە عێراقدا بە یاسا كراون بە هێزی فەرمی، هەربۆیە ئەستەمە بە ڕاستەوخۆی بتوانێت بجەنگێت لەگەڵیاندا، لەلایەكی تریشەوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خاوەنی كورسیی پەرلەمانین، دەكرێت لە پەرلەمانەوە كار بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بكەن.
ئەم مانۆڕە كتوپڕەی هێزەكانی ئەمریكا لە نزیك بارەگای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، چەند ئاماژەیەك لەخۆدەگرێت. یەكێك لە ئاماژەكان پێداگریی ئەمریكایە لە مانەوەی لە عێراق، چونكە لەدوای پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی ٢٠١١ ئەمە یەكەم جارە ئاوا بەئاشكرا هێزەكانی لە شەقامەكانی عێراق خۆیان پیشان بدەن، تەنانەت لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی داعش وەها لە عێراق دەرنەكەوتوون.
ئاماژەیەكی تریش وەك هەڕەشەیەكە بۆ ئەو هەوڵەی بەشێك لە پەرلەمانتاری هێزە شیعەكانی عیراق، بە مەبەستی كۆكردنەوەی واژوو بۆ پرۆژە بڕیارێك بە ئامانجی كۆتاییپێهێنانی كارەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئاماژەیەكی تریش ئەوەیە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئیستفزاز بكات، بۆ ئەوەی بیانویەك بدەن بە دەستەوە، تاكو بەرەنگاریان ببێتەوە، لەو رێگەوە بێ هێزیان بكات. ئاماژەیەكی تریش بریتییە لە لاوازكردنی جوڵەی ئێرانییەكان لە رێڕەوی موسڵ بە ئامانجی لاوازكردنی ئێران لە سوریا.