شەرع چ جۆرە کوردێکی ئەوێت؟
1/18/2026 8:02:00 PM
د. ئاریان ڕەئوف
تاوانە
ناخهەژێنەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە وچاوپێکەوتنەکەی ئەحمەد شەرع لە کەناڵی
(شمس) و دەرکردنی ئەو مەرسومەی گوایە بۆ مافەکانی کوردە، پێکەوە پرسیارێکی جەوهەری
دەوروژێنن: ئایا ئەحمەد شەرع چ جۆرە کوردێکی لە سووریای داهاتوودا دەوێت؟ بۆ وەڵامی
ئەم پرسیارە، پێویستە لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە سەیری مێنتاڵێتی شەرع بکەین.
ئەو
بەشە بڵاوکراوەیەی چاوپێکەوتنەکەی ئەحمەد شەرع لە کەناڵی (شمس)، رووی زۆر پلان و هەڵوێستی
شاراوەى دژ بە کورد بەگشتی و هێزەکانی سوریایی دیمکراتی هەڵماڵی, چونکە چاوپێکەوتنەکە تەنها هەڵوێستێکی سیاسی کاتی هەڵچوو نەبوو بۆ قۆناغی
پر ئاڵۆز و ململانێی و رووبەرووبونەوەى چەکداری، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قووڵاییەکی فیکرییە
کە باوەڕی بە "فەرهەنگی فرەیی" و "مافی خۆبەرێوەبەرى" نییە. چونکە دەرکەوت کە مێنتاڵێتی ئەحمەد شەرع تەنها دان بەو
کوردەدا دەنێت کە لە چوارچێوەی "شوناسێکی داتاشێنراو"دا جێگەی ئەبێتەوە.
ئەم شوناسە داتاشێنراوە فۆرمێکی دیزاینکراوی دەسەڵاتە کە تێیدا کورد وەک "تاکێکی
بێدەنگ" قبوڵ دەکرێت، بەڵام وەک "نەتەوەیەکی خاوەن قەوارە" ڕەت دەکرێتەوە.
ئەم مێنتاڵێتییە هەوڵ دەدات پێکهاتەکان (وەک کورد یان دروزەکان) بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی
بڵێت «من پارێزەری هەمووانم»، بەو مەرجەی هەمووان ببنە ئەو پێکهاتە دیزاینکراوەی کە
ئەو دەیەوێت.
ئەو مۆدێلە کوردبونەى ئەحمەد شەرع دەیەوێت کوردی
رۆژئاڤایی پێ پێناسە بکات مۆدێلێکی نوێ نیە بەڵکو درێژکراوە ئەو مۆدێلەیە کە بەعسیەکان
و ئەسەدی باوک و کوڕ و سەدام حسین لە عێراق سوریادا بەدرێژایی حوکمرانیان پیادەیان کرد. هەربۆیە بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر ئەو مۆدێلە لە
كوردبوونەی شەرع دەیەوێت، پێویستە لە ڕەگ و ڕیشە فیکرییەكانی ئەو 'عروبە'یە بكۆڵینەوە
كە ویژدان و هۆشیاریی سیاسیی ئەوی پێ گۆش كراوە."
بنیاتی
فیکریی ئەحمەد شەرع، میراتێکی ڕاستەوخۆی ئەو ناسیۆنالیزمە عەرەبییە (عروبە)یە کە
باوکی احمد شەرع بە شانازییەوە باسی دەکات. باوکی شەرع لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا،
کاتێک کوڕەکەی لە لوتکەی دەسەڵاتی دیمەشقە، بە ڕاشکاوی دەڵێت: "من ناسیۆنالیستێکی
عەرەبیم؛ لە سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبیدا فیدراڵی و تایفەگەری نەبوو، هەمووان
دەیانگوت عەرەبین و تەنانەت کوردەکانیش دەیانگوت ئێمە عەرەبین". ئەم لێدوانە
تەنها بیرەوەرییەک نییە، بەڵکو نەخشەڕێگەی ئەو "شوناسە داتاشێنراوە"یە کە
رژێمی ئەسەدی باوک و کور بۆ کوردیان بڕیوە. ئەگەر باوکی شەرع نوێنەرایەتی
"عروبە"ی کلاسیکی سەردەمی ئەسەد بکات، ئەوا کوڕەکەی (ئەحمەد شەرع) هەمان
ئەو عروبەیەی بە بیری "ئیسلامی سیاسیی توندڕەو" بارگاوی کردووە و ئاینی
کردووە بە ئامرازێک بۆ سەنەدی شەرعیەتی ئەو ناسیۆنالیزمە عەرەبییەی کە باوکی لەسەری
پەروەردەی کردووە.
لەم
چوارچێوەیەدا، تێبینیی مەودایەکی فراوان دەکەین لە نێوان "گوتاری میدیایی"
و "ڕەفتاری واقیعی" شەرع. لە کاتێکدا ئەو لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بە
زمانی "هاوبەشی" و "کەسەکانمان" لەبارەى کوردەوە دەدوێت، لەسەر
زەمینی واقیع خودی شەرع هێزەکانی سوریا دیموکرات
بەنوێنەرى کورد نازانێت, و میلیشیاکانی بە دڕندانەترین شێواز رووبەرووی ئەو هێزە دەبنەوە کە لە دوای ساڵی
٢٠١١ ەوە کوردی چەندین جار لە جینۆسایدکردن پاراستوە, هەروەها جوگرافیایەکی
حوکمرانی دیفاکتۆی بۆ کورد بە هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکانی تردا هێناوەتە بوون, کە
هاوشێوەی کەم وێنەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست, و بەروارد ناکرێن بە دەسەڵاتەکەی شەرع. لەلایەکی تریشەوە میلیشیاکان وکەناڵە میدیایە جیهانیە
هاوپەیمانەکانی شەرع پرۆسەیەکی سیستماتیکی
داماڵین لە مرۆڤایەتیان "دیهومانیزەیشن" دژ بە کورد ئەنجام دەدەن و بەشێوەیەک
وێنایدەکەن کە کورد هۆکاری سەرجەم مەینەتیەکانی گەلانی سوریایە. لەهەمانکاتدا بەکارهێنانی
دەستەواژەی سوکایەتیپێکراوی وەک "خەنزیرەکانی قەندیل" و کوشتنی دیلەکان
لەژێر دروشمی ئایینیدا، پەیامێکی سیمبۆلیی قووڵە؛ ئەوان دەیانەوێت کورد لە بوونەوەرێکی
خاوەن ماف و قەوارەوە بگۆڕن بۆ "دوژمنێکی کەمبایەخ" کە کوشتن و تێکدانی
جەستەی رۆخانی قەوارەکەی (بەرێوەبەرایەتی
خۆسەرى لە رۆژئاڤا) ڕەواییەکی ئایدیۆلۆژی هەبێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە تێیدا ئاین
دەبێتە ماسکێک بۆ داپۆشینی ڕقی نەتەوەیی و جێبەجێکردنی ئەو وەهمەی باوکی ئەحمەد شەرع
کە دەیگوت "کوردەکان دەیانگوت ئێمە عەرەبین". کەواتە لێرەدا ئەوە روون ئەبێتەوە کە ئەحمەد شەرع تەنها
ئامانجی ئەوە نیە قەوارەکە لە ناوببات، بەڵکو دەیەوێت وەک پێشینەکانی خۆی پێناسەی
"کوردبوون"یش بکاتەوە ومێژوویەکمان بۆ دابتاشێت کە تێیدا کورد تەنها
پاشکۆیەکی بێناسنامەی ناو پڕۆژەی ئەوانی تر بێت.
مەرسومە
هەشت ماددەییەکەی ئەحمەد شەرع سەبارەت بە کورد، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەک هەنگاوێکی
ئەرێنی بۆ (مافە کلتوورییەکان) و چارەسەری کێشەی (بێ ناسنامەیی) دەردەکەوێت، بەڵام
لە جەوهەردا گەورەترین پڕۆژەیە بۆ تێپەڕاندنی و پشتگوێ خستنی دۆزی سیاسیی کورد. شەرع
لەم مەرسومەدا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ کورد وەک (تاک یان کەمینەیەکی کلتووری) دەکات
نەک وەک (نەتەوەیەکی خاوەن قەوارە و مافی سیاسی). لەکاتێکدا ماددەی پێنجەم ناوی (کۆماری
عەرەبی سوریا) جێگیر دەکاتەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە کورد تەنها دەبێت لەناو قاڵبێکی
عەرەبیدا وەک میوانێکی کلتووری جێگەی ببێتەوە. شەرع بەم مەرسومە دەیەوێت بڵێت: دەتوانن
بە کوردی بدوێن و نەورۆز بکەن، بەڵام بۆتان نییە باس لە "فیدراڵی، خۆبەڕێوەبەری
و ئیرادەی سیاسی" بکەن. ئەمە ڕێک ئەو کوردە دیزاینکراوە یان شوناسی داتاشێنراوەیە
کە تەنها ئەو مافانەی پێ ڕەوا دەبینرێت کە دەسەڵاتەکەى شەرع پێی دەبەخشێت، نەک ئەو
مافانەی کە وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن شایستەیەتی.
بە کوردی و بەکورتی ئەحمەد شەرع و سیستەمە هاوشێوەکانی،
پێویستیان بە کوردێکە کە ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێت:
١.
کوردێکی بێ قەوارە و بێ ئیرادە: کوردێک کە ڕازی بێت دەستووری وڵات تەنها بە
"عەرەبی" و "ئیسلامی توندڕەو" بمێنێتەوە و هیچ داوایەکی فیدراڵی
و مافی نەتەوەیی نەبێت.
٢.
کوردێکی پاشکۆ: کوردێک کە شوناسی نەتەوەیی خۆی لەپێناو ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدا
قوربانی بکات و ببێتە چەکدارێکی (موجاهید) گوێڕایەڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئەو.
٣.
کوردێکی بێ نوێنەر: ئەوەی نوێنەرایەتی کورد دەکات لە سوریا بەرێوەبەرایەتی خۆسەرى رۆژئاڤا وهێزەکانی
سوریای دیمکراتە, بەڵام شەرع بە ئاشکرا ئەڵێت ئەوانە نوێنەرایەتی کورد, چونکە لای
ئەو، هەر کوردێک خاوەن بڕیار و هێزی سەربەخۆ بێت تیرۆریستە، و تەنها ئەو کوردە
"نیشتمانپەروەرە" کە ببێتە داردەستەى ئەوان.
لە
کۆتاییدا، دەبێت نوخبەی ئەکادیمی و سیاسی و هاوڵاتیانی کوردستان درک بەو ڕاستییە
بکەن کە "بەرگری فیکری" بنەمای هەموو بەرگرییەکانی ترە. تێپەڕاندنی ئەم
قۆناغە پێویستی بەوەیە کە کورد خۆی پێناسەی خۆی بکات و ڕێگە نەدات نەیارەکانی
شوناسێکی بۆ دابتاشن کە تێیدا تەنها وەک "کەمینەیەکی بێدەنگ" یان
"چەکدارێکی کرێگرتە" دەربکەوێت. چونکە پاراستنی قەوارە سیاسییەکان و
شوناسی راستەقینە، تەنها ململانێیەک نییە بۆ دەسەڵات، بەڵکو تاکە گەرەنتییە بۆ ئەوەی
کورد لەو سوریایەی شەرع و ناوچەکەی بۆی نەخشێنراوە، نەبێتە قوربانیی پڕۆژەی
"شوناسی داتاشێنراو".