هەڵپەساردنی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەى ئەتۆم و لێکەوتەکانی
7/2/2025 5:59:00 PM
ئاریان رەئوف
لەسەرەتای
جەنگی ١٢ رۆژەى نێوان ئیسرائیل و ئێران هەمیشە بەرپرسانی ئێرانی ئاژانسی وزەى ئەتۆم تۆمەتباردەکەن وبەهۆکاری
سەرەکی هێرشەکانی ئیسرائیل وئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازی وئەتۆمیەکان تۆمەتباری
دەکەن , چونکە رۆژێک پێش هێرشەکانی ئیسرائیل دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی
نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بریارنامەیەکی دەرکرد کە تیایدا تارانی بەوە تۆمەتبارکرد
کە پابەند نیە بەزەمانەتەکانی ئاژانسی وزەى ئەتۆم. هەربۆیە بەرپرسە ئێرانیەکان و لە ناویشیاندا
وەزیری دەرەوەی ئێران هەرەشەى ئەوەىان دەکرد دەرئەنجامی هەڵسوکەوتی نادروستی
ئاژانسەکە و بەتایبەت سەرۆکی ئاژانسەکە ڕافائیل گرۆسی, ئێران مامەڵەکانی لەگەڵ
ئاژانسەکە هەڵدەسپێرێت, چونکە بێ لایەنانە کارەکانی ئەنجام نادات وبەڵکو
زانیاریەکانی بەرنامە ئەتۆمیە (ئاشتیخوازەکەى ئیران) دەدات بە نەیارەکانی ئێران,
هەربۆیە رۆژێک دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل, پەرلەمانی ئێران لە رێکەوتی ٢٥/٦/٢٠٢٥ بریای
هەڵپەساردنی مامەڵەکردنەکەى دەرکرد, لە بریارەکەى پەرلەمانی ئێران هاتوە "تاوەکو
ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەرەنتی نەکرێت، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەگرێت" ئەمرۆش بریارەکە لەلایەن سەرۆک
کۆماری ئێران پەسەندی کرا. بەڵام بریارەکە هێشتا مەجالێکی هێشتوەتەوە بۆ دانوسان,
چونکە بریاری کشانەوەى لەپەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی NPT لەخۆ نەگرتوە و لەلایەکی تریشەوە هەڵپەساردنەکەى
بەستوەتەوە بە زەمانەتی ئاسایشی بەرنامە ئەتۆمیەکەى کە ئەمەش مەجالێکی تری بۆ
دانوسان هێشتوەتەوە, کە رەنگە ئێران مەبەستی بێت بەم بریارە کات فەراهیم بکات چ بۆ
دانوسان یاخود دەسخستنی چەکی ئەتۆمی.
وەک ئاشکرایە ئاژانسی
وزەی ئەتۆم وەک "چاودێری ئەتۆمیی جیهان" کار دەکات و ئەرکی سەرەکیی بریتییە
لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی جیهان پڕۆگرامە ئەتۆمییەکانیان تەنها بۆ مەبەستی
ئاشتیخوازانە (وەک بەرهەمهێنانی کارەبا یان بەکارهێنانی پزیشکی) بەکار دەهێنن، نەک
بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
کاتێک وڵاتێکی
وەک ئیران بڕیار دەدات مامەڵەی لەگەڵ ئەم ئاژانسە هەڵپەسێرێت (بۆ نموونە ڕێگە بە
پشکنەرەکانی نەدات سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن)، ئەمە هەنگاوێکی زۆر
مەترسیدارە و کاریگەریی هەمەلایەنە و قوڵی
لەسەر ئێران و ناوچەکە و جیهانە ئەبێت کە دەتوانین کاریگەریەکان پوخت بکەینەوە لە
چەند ئاستێک:
یەکەم - ئاستی
سیاسی :
١-رەوانەکردنی
دۆسیەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆسیەی هاوکاری
نەکردنی ئێران ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکردنی
بڕیارنامەی نێودەوڵەتی دژی وڵاتەکە، کە زۆرجار سزای توندی لەگەڵدایە. پێشتریش ئێران رووبەرووی ئەو جۆرە سزایانە بویەوە
بۆنمونە بەهۆی هاوکاری نەکردن و شاردنەوەی بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی،
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2010 زنجیرەیەک
سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئەم سزایانە لە چوارچێوەی چەندین بڕیارنامەدا
(بە تایبەتی بڕیارنامەکانی 1737, 1747, 1803, و 1929) بوون و ئامانجیان فشارخستنە
سەر ئێران بوو بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و پابەندبوونی بە داواکارییەکانی
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
رەنگە ئێران
ئەو سیناریۆی گرتبێتەبەر لەم قۆناغەدا کە بروای وایە بەهۆی ململانێ نێودەوڵەتیەکان
ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتی وەک ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٠ بە ئاسانی ئەنجومەنی ئاساشی نێودەوڵەتی نەتوانێت
پرۆژە بریارێکی هاوبەش بۆ سزادانی ئێران دەربکات هەر بۆیە ئەم هەنگاوەى گرتبێتە
بەر.
٢-پەراوێز
و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی : لەرابردوودا ئیران بەهۆی شاردنەوەى بەرنامە
ئەتۆمیەکەى متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لەدەستدا. زۆربەی وڵاتان لێی وەک "وڵاتێکی یاخی" سەیریان دەکرد بەڵام لە
دوای رێکەوتنامەJCPOA) ) ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥ جۆرێک لە متمانەى بۆ
گەرێندرایەوە و سزاکانی لەسەر کەکرایەوە. بەڵام ئەم بریارەى (هەڵپەساردن) سەرلەنوێ
توشی پەراوێز وگۆشەگیری و سزای نێودەوڵەتی دەبێت بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا و
ئەوروپا و تۆمەتبار دەکرێت کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت.
٣-لەدەستدانی
پشتگیریی دیپلۆماسی: رەنگە تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە لەم جەنگەی لەگەڵ
ئیسرائیل هاوسۆزیان بۆ دەرئەبری ئەوانیش پشتگیرى نەکەن چونکە فشارێکی زۆریان دێتە
سەر بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان سنووردار بکەن.
دووەم -ئاستی
ئابوورى :
١-سزای
ئابووریی توند : راستە لە رابردوشدا ئێران توشی سزای
ئابوورى توند بوتەوە بەڵام ئەمە وادەکات سزای ئابوررى توندتر بدرێت.
٢-لاوازبونی
ئابوورى ناوخۆی: سزا ئابوریەکان لێکەوتەى
توندتری لە چاو قۆناغەکانی پیشوتری لەسەر ئابوورى ئێران دروست دەکات و رەنگە توشی
دارمانی ئابوورى ناوخۆی بکات( دابەزینی بەهای تمەن و فراوانبونی هەژارى و کەمبونەوەى
کاڵا و پێداویستیە سەرەکیەکان) بەهۆی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و لاوازبونی
پرۆکسیەکانی لە ناوچەکەدا, ئابوورى ناوخۆی ئیران توشی زەرەی زۆر هاتوە.
سێیەم - ئاستی
سەربازی و ئەمنی:
١-زیادبوونی
گرژیی هەرێمی: وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی خەلیج هەست بە مەترسی دەکەن و ئەمەش لەوانەیە ببێتە
هۆی فراوانبونی زیاتری پێشبڕکێی چەک لە
ناوچەکەدا.
٢-گریمانەی
دروستکردنی چەکی ئەتۆمی: هەموو جیهان وادادەنێت کە ئێران بەم کارەی
دەبیەوێت بە نهێنی خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بێت و گومانەکانی پێشوتر راست
بن لەسەر ئێران . ئەمەش بیانوو دەداتە دەست وڵاتانی تر بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی
توندتر.
٣-مەترسیی
سەرهەڵدانەوەى جەنگ: لە حاڵەتی وەهادا ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل و ئەمریکا، بیر لە هێرشی
سەربازی نۆێ بکەنەوە بۆ لەناوبردنی
تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و
گۆرینی دەسەڵات . لەگەڵ ئەوەشدا پرۆکسیەکانی ئێران شەرەکە ئەمجارەیان فراوانتر بکەنەوە.
دەرئەنجام
دەتوانین بڵێین هەڵپەساردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژانسی وزەى ئەتۆم لێکەوتەى خراپی
دەبێت چ لە ئاستی نێودەوڵەتی یاخود ئاستی نێوخۆی لە ئێران .لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
دەێتەهۆی ئەوەى ئاژانسی وزەى ئەتۆم هیچ زانیاریەکی دەست نەکەوێت لەسەر بەرنامە
ئەتۆمیەکەى ئێران, هەروەها لەمپەر وئاڵەنگاری بۆ دانوسانەکانی نێوان ئێران ئەمریکا
دروست دەکات و ئاستی گرژی و ململانێ هەرێمیەکان بەرزدەکاتەوە لە لایەکی تریشەوە
ئەگەری ئەوە هەیە کە پێشبرکێی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا پەرەبسێنێت. هەروەها ئەم
هەنگاوە ئێران توشی گۆشەگیریی سیاسی و
دیپلۆماسی و، داڕمانی ئابووری ناخۆی، سەرهەڵدانی پشێوی نێوخۆی دەکات.