515وتار

ئیدارەدانی هەرێم بەعەقڵیەتی ئەمنی

6/17/2023 7:14:00 PM
ئاریان رەئوف

وەک رونە لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، زۆر بەرونی ئەوە بەدی ئەکرێت کە بە عەقڵیەتی ئەمنی و مخابەراتی ئیدارەی هەرێم لە ئاستی ناوخۆیی ئەکرێت، رەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەتە لە حومکرانی هەرێم  پەرچەکرداری لای یەکێتیش لێ کەوتوەتەوە، بە تایبەت دەرئەجامی روداوەکانی ناوخۆی یەکێتی بە رونتر ئەوە بە دەرکەوتوە. هەربۆیە دەبینین ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی  ئەگەر چی ململانێی ئابووریە و ئیدارییە بەڵام بە ئامرازی ئەمنی و مخابەراتی مامەڵەی لەگەڵدا ئەکرێت، هەربۆیەش سەرەرای هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەڵام بێ هودەبوون و ململانێکان گەیشتونەتە ئاستی ترسناک، کە سەرئەنجام کاریگەری خراپیان لە سەر ژیان و گوزەران و ئاسایشی هاوڵاتیان دروستکردوە. لەئاستی نێو خۆی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیەش هێندەی تر هەرێمی کوردستانیان لاوازکردوە.
بە شێوەیەکی گشتی عەقڵیەتی ئەمنی و مخابەراتی بیرکردنەوەی بۆ ململانێ و کێشەکان بەشیوەیەکە کە بیر لە براوەی  و سەرکەوتن بە سەر نەیار ئەکاتەوە نەک ئەوەی کە بەرێگەی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندی هەردوولا کێشەکان چارەسەر بکات، بە روانین لە ململانێکانی پیشتوتری نێوان یەکێتی و پارتی لە پێش ئەم کابینە ئەم خاڵە زۆر بەرونی بە دی ئەکرێت. خراپی ئیدارەدان بە عەقڵیەتی ئەمنی و مخابەراتی لەوەدایە کە هەمیشە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان براویان بە سفرکردنەوەی بەرامبەر و ملدانێیەتی  بە تەواوەتی بۆ خواستەکانی، ئەمەش بە رونی لە ململانێی پەسەندکردنی بودجەی عێراق زۆر بەرونی بە دی کرا کە سەرئەنجام ئەو برگانەی کە پەیوەستن بە مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم لە لایەن بەغداوە لە سەر خواستی لایەکیان بۆ بودجە زیادکرا، ئەمە لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە پێشوتردا ئەم کێشانەیان لە نێوانی خۆیان چارەسەر ئەکرد نەک لەوەی بیبەن بۆ بەغداد و لە پەرلەمان و دادگایی فیدراڵی یەکلای بکەنەوە.
تەنانەت پێداگیری لایەکی ململانێکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی لە تێفکرینی ئەمنیەیەوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەک لە خەمخۆری بۆ دیموکراسی لە هەرێم! چونکە بروای وایە ململانێکان بە سەرکەوتنی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەباتەوە  ولەکایەکی تریشەوە ئەم هەڵبژاردنە پێگەی لایەکەی تر کە یەکێتیە  لەو رێگەیەوە بە تەواوەتی لاواز دەکات و ناچاری بە سازشی تەواوەتی ئەکات. چونکە ئەوە دەزانێت لەم هەڵبژردنەدا ململانێەیەکی سەخت لە سنوری سلێمانیدا هەیە کورسیەکانی پەرلەمان دابەش ئەبن بەسەر هێز و گروپی زۆرو (لە هەمان کات لاواز) لە  سنوری سلیمانی ئەوکاتەش زۆر بە ئاسانی دەتوانن چیان بوێت بە دەستی بهێنن.
لە راستیدا ئەگەر ئەم عەقڵیەتی ئەمنی و مخابەراتیە لە ئیدارەدانی هەرێم لە لایەن هەردوولای ململانێکەدا گۆرانکاری بەسەردا  نەیەت هێندەی تر دۆخەکە ئاڵۆزتر ئەبێت دوور نیە پەنا بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی هەرێم ببرێت و سەرئەنجام ئەمن و ئاسایشی هەرێمیشی پێ تێکبدەن، لەلایەکی تریشەوە هێندەی تر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان مەحاڵتر ئەکات. رێگە چارە بۆ ئەم دۆخەش بریتیە نیە لەو هێزە پۆپیۆلیستیانە کە بانگەشەی رزگاربون دەکەن بەڵکو گەرانەوەی دوولای ململانێکەیە لە هەرێم بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی رێگە چارەی نا ئەمنی بۆ ململانێەکاکان .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن