دەرکردنی کرێکاری سووری بۆچی هەڵەیەکی ئەخلاقییە؟
1/12/2026 1:21:00 PM
د. ئاریان ڕەئوف
ئەو دیمەنە دڕندە
و ترسناکانەی مامەڵەکانی میلیشیا وسوپای عەرەبی
سوریا دژ بە کورد لە گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب، هەروەها ئەو زمانە بارگاویە بە داماڵینی کورد لە مرۆڤبوون، دەیسەلمێنێت کە ئەحمەد شەرع
تاوانی جەنگ ئەنجامداوە و هەنگاوی سەرەتایی جینۆسایکردنی دەستپێکردوە. کاتێک دەبینین
میلیشیاکانی ژێر فەرمانی ئەحمەد شەرع(جۆلانی)، بەوپەڕی دڕندەییەوە جەستەی شەهیدانی
ئاسایش (هەسەدە) تێکدەدەن، بریندارەکان لە باڵەخانەکان فڕێ دەدەنە خوارەوە و بە دیلی
چاوی گەنجەکانمان دەردەهێنن، جۆرێک لە (تراومای بەکۆمەڵ- شۆکی دەروونی قووڵی کۆمەڵگە)
و تووڕەییەکی لەناو دەرونی هەر یەکێکماندا
دروست کردوە . بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم تووڕەییە بەرەو
کوێمان دەبات و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین؟
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا،
لەژێر کاریگەری ئەم فشارە دەروونییە قورسەدا، تارادەیەک گوتارێکی مەترسیدار (دژە
سوری) و...هتد لە ناو میدیا بەگشتی سەریهەڵداوە. هاوکات هەڵمەتی دەرکردنی کرێکارە
سورییەکان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بە شێوەیەکی سنوردار دەستی پێکردوە، ئەگەرچی ئەم
کردەوانە وەک پەرچەکردارێکی عاتیفی دەبینرێت،
بەڵام لە ڕاستیدا هەنگاوێکی کوشندەیە بەرەو خۆکوژیمان ئەبات، چونکە ئەم بەرچەکردانە
ئێمە روبەرووی گەورەترین تاقیکردنەوەی ئەخلاقی و مرۆیمان ئەکاتەوە. کە هەوڵ ئەدەم
بە چەند خاڵێک سەرنج بخەمە سەریان:
١-کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت: مەترسیی
پەرچەکردار
ئێمە دەبێت ڕاستییەکی
تاڵ بزانین؛ کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە و لەناو جەرگەی دەوڵەتان و پێکهاتە نەتەوەیی
و ئاینیەکان دەژی. کاتێک ئێمە لە هەولێر کرێکارێکی بێدەسەڵاتی سوری دەردەکەین تەنها
لەبەر ئەوەی (سورییە)، ئێمە ڕێگە خۆش دەکەین بۆ توندڕەوەکانی لایەنی بەرامبەر کە هەمان
ڕەفتار بەرامبەر کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، بەغدا و شارەکانی تری ناوچەکە بکەن. هەر
هەنگاوێکی ڕەگەزپەرستانە لە هەولێر، دەبێتە فیشەکێک بۆ سەر سنگی کوردێک کە لە دەرەوەی
هەرێمی کوردستان و ئیدارەى خۆسەرى رۆژئاڤا دەژی. بە مانایەکی ترئێمە بە دەستی خۆمان،
کوردەکانی حەلەب و دیمەشق و حەلەب و بەغدا و هتد... دەکەینە نێچیرێکی ئاسان بۆ میلیشیا
ئاینی و نەتەوەیەکان.
٢-تەڵەی تێکەڵکردنی جەلاد و قوربانی
ئەو کرێکارە سورییەی
لە هەولێر لەنانەواخانەیەک یان کارگەیەک یان چێشتخانەیەکدا کار دەکات، زۆربەی جار
خۆی لە دەستی هەمان ئەو میلیشیایانە هەڵاتووە کە ئێستا لە حەلەب تاوان دەکەن.
سزادانی ئەو کرێکارە لەبەر تاوانەکانی جۆلانی، نەک هەر نادادییە، بەڵکو جۆرێکە لە
شکستی مەعریفی و ئەخلاقی. ڕقبوونەوە لە نەتەوەیەک یان ئایینێک بەهۆی تاوانی گروپێکی چەکدار، گەورەترین خزمەتە بە خودی گروپە
توندڕەوەکە، چونکە ئەوان دەیانەوێت ململانێکە بکەنە شەڕی نەتەوەیی و ئایینی تا ڕەوایەتی
بۆ تاوانەکانیان پەیدا بکەن.
٣- ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیا نەک لە نەتەوە
ئێمە مافی خۆمانە
ڕەخنەی توند لە "ئیسلامی سیاسی توندڕەو" و میلیشیا بکوژەکان بگرین. دەبێت
دژی هەموو ئەو هزرانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆ سەر شوناس و بوونمان. بەڵام ئەم ڕەخنەیە
کاتێک کاریگەر دەبێت کە (ئەخلاقی و مرۆڤانە) بێت. ئەگەر ڕەخنەکەمان تەنها گۆڕینی ڕق
بێت بۆ نەتەوەیەکی تر، ئەوا ئێمە تەنها بەرگێکی تری هەمان ئەو توندڕەوییەمان پۆشیوە
کە لێی دەترسین.
٤- بەرپرسیارێتی میدیا: لایک یان بەرژەوەندی نیشتمانی؟
لێرەدا دەبێت پەنجە
بخەینە سەر برینە گەورەکە؛ بەشێک لە میدیاکانی ئێمە لە پێناوی چەند لایک و کۆمێنتێک،
بوونەتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە یان دواندنی کەسانێک کە تێگەیشتنیان
لە ئاستی ئازارو دیمەنە درندەکاندا بێ باکانەو دورە لە ئاستی بیرکردنەوەی مرۆیانە
. میدیایەک کە هانی راسیزم بدات یان ئازاری ویژدان بدات و گاڵتە بەئەو شۆکە دەرونیە
قوڵە کۆمەڵگە بکات، میدیایەکی نابەرپرسیارە و ئاسایشی نیشتمانیی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.
ئەرکی میدیا لەم ساتەدا ئەوەیە کە هۆشیاری بدات کە بەرژەوەندیەکانی کورد وەک خاوەن
شوناسێکی غەدر لێکراو لە کۆێدایە نەک هەست و سۆزی خەڵک بۆ کاری توندوتیژی و مامەڵەى نا ئەخلاقی بجوڵێنێت، چونکە تێکدانی تێڕوانینی خەڵک بەرامبەر "ئەوی
تر" لە پێناوی بەرژەوەندیی کاتیی سۆشیاڵ میدیا، باجەکەی زۆر قورس دەبێت.
٥-پەیامێک بۆ ڕۆشنبیران و خاوەنکارەکان
دامەزراوەکان
ئەرکی نوخبەی ڕۆشنبیرە
کە لەم کاتەدا بێدەنگ نەبن. دەبێت جیابکرێتەوە لە نێوان سەرزەنشتکردنی تیرۆر و ئیسلامی
سیاسی توندرەو و (سزادانی مرۆڤی بێتاوان). خاوەنکارێک کە کرێکارەکەی دەردەکات، هیچ
زەبرێک لە میلیشیاکانی ئەحمەد شەرعی ناوەشێنێت، بەڵکو تەنها وێنە و شوناسی مرۆڤ دۆستی و دڵدەدانی قوربانی لەلایەن هەرێمی
کوردستان لە چاوی جیهاندا دەشێوێنێت، چونکە
کورد هەمیشە شانازی بەوە کردووە کە پەناگەیەک بووە بۆ لێقەوماوان، نابێت بهێڵین
تاوانەکانی جۆلانی ئەم شانازییەمان لێ بستێنێتەوە. لەم روانگەوە ئەرکی دامەزراوە فەرمیەکانە
بە ئەرکی خۆیان هەڵبسن رێگری بکەن لە هەرکارێکی لەوجۆرە.
لەکۆتایدا ئەمەوێت
ئاماژە بەوە بدەم گە ئازاری ئەو دیمەنانەی لە حەلەب دەبینرێن، جەرگبر و جێگەی قبوڵکردن
نین. بەڵام گەورەترین سەرکەوتن بۆ کورد ئەوەیە کە لە ناو ئەم هەموو خوێن و ڕقەدا،
(ئەخلاقی و مرۆڤانە) بمێنێتەوە. هەربۆیە وەرن با نەبینە بەشێک لەو بازنە داخراوەی ڕق
کە توندڕەوەکان دەیانەوێت تێمانبگلێنن بە داوی (ڕەگەزپەرستی).