کوردستان

حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف؛ ناوه‌نده‌ گرنگه‌كه‌ی شیعه‌

08:02 - 15/08/2022 138 جار خوێندراوەتەوە

مه‌رجه‌ع لای شیعه‌، به ‌ناوه‌ندی بڕیاردان‌و ‌پێگه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ركردایه‌تیكردنی په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌ داده‌نرێت له‌ ته‌واوی جیهانداو خۆیان به‌ جێنشینی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌زانن، له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا.


به‌ڵگه‌ی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ مه‌رجه‌ع، سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی ئاینی‌و ژیانیان له‌سه‌ر زه‌وی، له‌ قورئان و سوننه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.

حه‌وزه‌ی زانستی، كه‌ خوێندنگای ئاینی مه‌زهه‌بی شیعه‌یه‌، ناوه‌ندێكه‌ بۆ پێگه‌یاندنی زانای پایه‌ به‌رزو مه‌رجه‌عی باڵا بۆ مه‌زهه‌بی شیعه‌، بڵاوكردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی فكری مه‌زهه‌بی شیعه‌، جێگایه‌كیشه‌ بۆ خودا په‌رستی و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی زانستی ئاینی، كه‌ له‌لای شیعه‌كان بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندی و پایه‌ی به‌رزی هه‌یه‌. 

حه‌وزه‌ی زانستی (الحوزة العلمیة)، قوتابخانه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه‌یه‌ بۆ تیگه‌یشتن‌و راڤه‌كردنی قورئان و فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر، تایبه‌ته‌ به‌فیقهـ و بیروباوه‌ڕی شیعه‌ بۆ ئاینی ئیسلام.

له‌ئێستاشدا حه‌وزه‌ی زانستی شیعه‌ له‌دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌كی پێكدێن، كه‌ بریتین، له‌ حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف له‌عێراق، حه‌وزه‌ی زانستی قوم، له‌ئێران، كه‌ ئه‌و دووانه‌، ته‌نیا له‌رووی جوگرافیا‌وه‌ له‌دوو شاری دوو وڵاتی جیاوازدا نین، به‌ڵكو ململانێی توندیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌سه‌ركردایه‌تیكردنی شیعه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.


هه‌ردوو قوتابخانه‌كه‌ خۆیان به‌ مه‌رجه‌عی باڵای ته‌واوی په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه ده‌زانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وەشدا، هه‌ردوو قوتابخانه‌كه‌ پرۆگرام و شێوازی خۆیان هه‌یه‌ بۆ پێگه‌یاندنی زانای ئاینی‌‌و سه‌ركردایه‌تی كردنی په‌یڕه‌وانیان و له‌ناوه‌ڕۆكدا لێكه‌وه‌ نزیكن.

حه‌و‌زه‌ی زانستی نه‌جه‌ف، له‌لایه‌ن ئه‌بو جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د بن حه‌سه‌ن تۆسی، له‌ساڵی 448ی كۆچی دامه‌زراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئاینی ئیسلام، نه‌جه‌ف ناوه‌ندێكی زانستی زانسته‌ شه‌رعییه‌كان بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی تۆسی، له‌شاری مه‌شهه‌ده‌وه‌ بۆ نه‌جه‌ف، په‌ره‌ی به‌فیقهـ و زانستی شه‌رعی مه‌زهه‌بی شیعه داوه‌و حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف، له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا گه‌شه‌ی كردوه‌و بووه‌ به‌ناوه‌ندێك بۆ پێگه‌یاندنی ده‌یان زانای گه‌وره‌ی شیعه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ئیسلامیدا.

حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف، زیاتر له‌ 20 خوێندنگای مه‌زهه‌بی شیعه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، دیارترینیان بریتین‌ لە:(خوێندنگای میقداد سیوری، خوێندنگای سه‌در، خوێندنگای موعتمه‌د، خوێندنگای شێخ مه‌هدی، خوێندنگای ئیروانی، خوێندنگای قه‌زوینی، خوێندنگای شربیانی، خوێندنگای بوخاری، زانكۆی ئیسلامی نه‌جه‌ف). 


خوێندن له‌حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف دابه‌ش ده‌بێت بۆ سێ قۆناغ:


له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا، كه‌ به‌پێشه‌كی ده‌ستپێكردنی زانسته‌ شه‌رعییه‌كان داده‌نرێت، فێرخوازان فێری نه‌حو سه‌رف و ره‌وانبێژی و زانستی لۆژیك ده‌كرێن، كه‌ به‌ بنه‌ماكانی زانسته‌كانی زمانی عه‌ره‌بی ئه‌ژمار ده‌كرێن.

له‌قۆناغی دووه‌مدا، فێرخوازان فێری ئسوڵی فیقهـ و زانسته‌ شه‌رعییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ ده‌كرێن.

هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بڕوانامه‌ی حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف به‌ده‌ست بهێنێت، ده‌بێت هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌ ته‌واو بكات، كه‌ ماوه‌ی لانیكه‌م 10 ساڵی پێویسته‌، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ش، فێرخواز پله‌ی موجته‌هید به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

له‌قۆناغی سێیه‌مدا، كه‌ پێی ده‌وترێت، توێژینه‌وه‌ی ده‌ره‌كی به‌كۆمه‌ڵ،‌ ژماره‌یه‌ك ده‌رچووی قۆناغی دووه‌م، له ‌دەوره‌ی مامۆستایه‌كی ئاینی ناودار، كه‌ پله‌ی موجتهه‌دی ته‌واوكردوه‌، گوێ له‌قسه‌كانی ده‌گرن و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و بۆیان هه‌یه‌ رای جیاوازیان هه‌بێت و به‌به‌ڵگه‌ رای مامۆستاكانیان ره‌تبكه‌نه‌وه‌.


به‌ڵام له‌ قۆناغی سێیه‌مدا، فێرخوازان هیچ پرۆگرام و كتێبێكی دیاریكراو ناوخوێنن، به‌ڵكۆ له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌یان هه‌ر جاره‌و له‌سه‌ر بابه‌تێك گفتوگۆ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شه‌ له‌هه‌رسێ قۆناغه‌كه‌دا، سیستمی خوێندن رێكنه‌خراوه‌ وه‌كو خوێندنی خوێندنگاو قوتابخانه‌كانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.

له‌ هه‌رسێ قوناغه‌كه‌دا، هیچ شوێن و پۆلێكی دیاریكراو نییه بۆ خوێندن، به‌ڵكو له‌ماڵی مامۆستاكان و له‌مزگه‌وته‌كاندا‌، فێرخوازان، له‌ده‌وری مامۆستاكه‌یان كۆده‌بنه‌وه‌و له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نیشن، مامۆستاش به‌زاره‌كی وانه‌كانیان بۆ راڤه‌ و شیده‌كاته‌وه‌.

دواى بڕینی هه‌ر سێ قۆناغه‌كه‌و خۆته‌رخانكردن بۆ قوڵبونه‌وه‌ له‌ زانسته‌ شه‌رعییه‌كان و فیقهـ و عه‌قیده‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه‌، زانای ئاینی شیعه‌ ده‌گاته‌ ئاستی مه‌رجەعی باڵا، كه‌ له‌ئێستادا په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌، خاوه‌نی سه‌دان زانای به‌توانان له‌ ئاستی مه‌رجه‌عدا و قسه‌و راكانیان گوێیان بۆ ده‌گیرێت، له‌عێراق و ئێران و لوبنان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی ئیسلامی.

له ‌حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌فدا، له‌‌ناو ئه‌و زانایانه‌دا، به‌هۆی لێهاتویی و زانست‌و كه‌سایه‌تی به‌هێزو خۆشه‌ویستی له‌ناو خه‌ڵك و زانایاندا، زانایه‌ك ده‌بێته‌‌ مه‌رجه‌عی باڵای گشت زانایان و په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌،‌ ئێستا، عه‌لی سيستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كانه‌ له‌عێراق و جیهاندا، كه‌ لێدوان و قسه‌و فه‌تواكانی  له‌لایه‌ن په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌، وه‌ك به‌شێك له‌ئاینی ئیسلام ته‌ماشا ده‌كرێت و جێبه‌جێكردنیان ده‌بێته‌ ئه‌ركێكی ئاینی و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌تاوان و گوناح بۆیان ئه‌ژمار ده‌كرێت.

حه‌وزه‌ی زانستی نه‌جه‌ف، رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌پێگه‌یاندنی سه‌دان زانای گه‌وره‌ی شیعه، له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهاندا، له‌وانه‌، (حولی، تۆسی، كاشانی، محه‌مه‌د باقر سه‌در، سه‌ید موحسین حه‌كیم، خومه‌ینی، خۆئی، عه‌لی خامنه‌یی، عه‌لی سیستانی).

له ‌مه‌زهه‌بی شیعه‌دا، چه‌ندین نازناو دراوه‌ به‌ زانا پایه‌ به‌رزه‌كانیان، كاتێك ده‌گاته‌ ئاستی مه‌رجه‌ع، وه‌كو، مه‌رجه‌عی باڵا، حوجه‌توڵئیسلام، ئایه‌توڵڵای عوزما، رێبه‌ری حه‌وزه‌ی زانستی، ئه‌و پله‌یه‌ ته‌نیا به‌پیاوان ده‌درێت، به‌ژنان نادرێت و پێویسته‌ له‌نێو مه‌زهه‌به‌كانی شیعه‌شدا، له‌په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی دوانزه‌ ئیمامی بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن