ئایا خۆپیشاندانەکان گەیشتوونەتە ئەو “بارستە هەستیارەی” کە توانای ڕووخاندنی ڕژێمی هەبێت؟
11:30 - 17/01/2026
نووسینی: مایكڵ هۆرۆڤیتز*
وەرگێرانی بۆ کوردی: پێنووس
لە کاتێکدا ئێران لەنێو شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا دەتلێتەوە، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەراوێزەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن. پڕیشکی ناڕەزایەتییەکان لە مانگرتنی بازرگانانی بازاڕی تارانەوە دژی داتەپینی دراوی ناوخۆیی دەستی پێ کرد، پاشان لایەنی کەم بۆ ٢٢٠ ناوچە لە ٢٦ پارێزگادا تەشەنەی سەند. خۆپیشاندانەکان لە شەوی ٨ی کانوونی دووەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشان.
هەڵبەتە، گرنگیی ئەم ساتەوەختە تەنیا لە فراوانیی بازنەی ناڕەزایەتی و پشێوییەکاندا نییە، چونکە ئێران پێشتریش ڕاپەڕینی فراوانتر و بەهێزتری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵکوو گرنگییەکە لەو ژینگە ستراتیژییەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داوە. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لەبەردەم دیمەنێکی ستراتیژیی جیاوازی بنەڕەتیدایە. دۆکترینی “بەرگریی پێشەوە”، کە بە “میحوەری موقاوەمە” ناسراوە، گورزێکی وای بەرکەوتووە کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە هاوکێشەی کاریگەری دەری کردوون. هەروەها سیستهمی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران لە جەنگێکی ١٢ ڕۆژەدا لەگەڵ ئیسرائیل وێران کرا. ئەوەی مەترسییەکانیشی زیاتر کردووە، ئەوەیە کە ترەمپ ئامادەیییەکی ڕوونی پیشان داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران، کاتێک ساڵی ڕابردوو بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد و پاشان پەیامەکەی خۆی بە هەنگاوێکی بێ ئەملاولا پتەوتر کرد کاتێک “نیکۆلاس مادۆرۆ”ی هاوپەیمانی تارانی لە جێگەی خەوەکەی لە کاراکاس دەرهێنا و پەڵبەستی کرد.
ئەم گوشارانە بەهۆی گۆڕانێکی قووڵ لە بیرکردنەوەی ستراتیژیی ئیسرائیلیشەوە، خەریکە توندتر دەبن. لەدوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە، ئیسرائیل دەستبەرداری لۆژیکی “بەڕێوەبردنی ململانێ” و دۆکترینی “هەڵمەت لە نێوان جەنگەکاندا” (منطق إدارة الصراع و عقيدة الحملة بين الحروب ) بووە، کە لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردن (containment) و هەڵکشانی حساببۆکراو دامەزرابوو. ئێستا جەنگەکان بەکردەیی دەکرێن و مەودای بەرگری لە وڵات لە تێڕوانینی ئیسرائیلدا تەنیا لە سنوورەکانیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو درێژ بووەتەوە بۆ قووڵاییی خاکی نەیارەکان. ئیسرائیل چیتر بە دەستکەوتی تەکتیکی وەک وێرانکردنی کۆگهیەکی چەک لێرە، یان کوشتنی زانایەکی ئەتۆمی لەوێ، قایل نابێت، بەڵکوو چاوی لە ئامانجێکی گەورەترە کە بریتییە لە داڕشتنەوەی سیستەمی ناوچەکە لە ڕێگەی پاڵنان بۆ ڕووخانی خودی کۆماری ئیسلامی. ئیسرائیل پێی وایە ڕژێمێکی ئێرانی کە بەهۆی داڕمانی ئابووری، زهلیلبوونی سەربازی و گۆشەگیریی هەرێمییەوە شەکەت بووە، دەکرێت پاڵی پێوە بنرێت بۆ لێواری ڕووخان ئەگەر بەوردی و لە کاتی گونجاودا گوشاری بخرێتە سەر.
پرسی بارستەی هەستیار (Critical Mass)*
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە ئێران لە یەک خاڵی یەکلاکەرەوەدا لە شەپۆلەکانی پێشوو جیاوازە؛ ئەویش ئەوەیە ئەم جارەیان لە ناوەندێکی فشەڵ و لاوازیی پێکهاتەی ڕژێمدا ڕوو دەدات. لە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٨ و پاشان لە نێوان ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣، خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی دەسەڵاتێک دەبوونەوە کە هێشتا بڕێک ڕێزی هەرێمیی مابوو و خۆی بە بازنەیەک لە هێز دەور دابوو. بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی حکوومەتێک دەبنەوە کە بەئاشکرا سووکایەتیی پێ کراوە، توانا سەربازییهكانی پاشەکشەی کردووە و نفووزی هەرێمیی پووکاوەتەوە. ئەم واقعە حساباتی هەردوو لایەن (خۆپیشاندەران و دەزگه ئەمنییەکان) دەگۆڕێت.
لێرەدا پرسیارەکە دەمێنێتەوە: ئایا پشێوییەکان گەیشتوونەتە ئەو بارستە هەستیارەی (ئاستەی) کە بتوانێت ڕژێم بڕووخێنێت؟ تا شەوی ٨ی کانوونی دووەم وەڵامەکە بە ئەگەری زۆرەوە “نەخێر” بوو، چونکە ڤیدیۆکان تەنیا سەدان یان چەند هەزارێک خۆپیشاندەریان پیشان دەدا. بەڵام دیمەنەکە لە ٨ی کانوونی دووەمدا و دوای بانگەوازی ڕەزا پەهلەوی (کوڕی شای ئێران) بۆ خۆپیشاندان، بە شێوهیهكی بهرچاو گۆڕانی بهسهردا هات. لەو شەوەدا دەیان هەزار کەس لە شارە گەورەکان، بە تاران و مەشهەدیشەوە، هاتنە سەر شەقام؛ لە خۆپیشاندانێکدا کە لە ساڵی ٢٠٢٢وە وێنەی نەبووە، ئەگەر نەڵێین لە ٢٠٠٩وە کە بزووتنەوەی سەوز ملیۆنان کەسی هێنایە سەر شەقام. ئەمڕۆ جووڵەکە لە قۆناغی گۆڕانکارییەکدایە کە ڕەنگە بگاتە ئاستی مەترسییەکی کوشندە بۆ سەر ڕژێم.
ڕاگرتن لە ڕێگەی هەڕەشەوە
ڕەنگە بانگەوازەکەی ڕەزا پەهلەوی یەکێک بێت لە بزوێنەرە سەرەکییەکان بۆ جووڵاندنی تووڕەیییەکی پەنگخواردووی دەیان ساڵە دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵام پشتگوێخستنی هۆکارێکی سەرەکیی دیکە هەڵەیەکی شیکارییە، ئەویش سەرۆک “ترەمپ”ە. هەڕەشەی ئاشکرای ترەمپ بۆ سەر ئێران، بووە هۆی دواخستنی وەڵامێکی ئەمنیی یەکلاکەرەوە و هیوایەکی بەخشییە خۆپیشاندەران کە واشنتۆن ئەم جارە تەنیا تەماشاکەر نابێت. ئەمەیش تەنیا هەڕەشەیەکی ڕووکەش نەبوو، چونکە ترەمپ ئامادەییی پیشان داوە بۆ ئەوەی کردارەکانی هاوتای گوفتارەکانی بن.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنی “چەکوشی نیوەشەو” لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا لهگهڵ ئیسرائیل بهشدار بێت لە لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەوەیش تەنیا ئەڵقەیەک بوو لە زنجیرە بڕیارێک کە بە کوشتنی “قاسم سولەیمانی” دەستی پێ کرد، بە لێدانی “بەشار ئەسەد” لە سووریا تێ پەڕی و بە دەستگیرکردنی “نیکۆلاس مادۆرۆ” لە ڤەنزوێلا کۆتایی هات.
ئەم ڕووداوانە دەری دەخەن کە ڕقی ترەمپ لە جەنگ و گۆڕینی ڕژێمەکان، بە واتای دوورکەوتنەوەی نییە لە بەکارهێنانی هێز. ئیدارەکەی هەڵوێستێکی توندی گرتووەتە بەر کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرۆک ترەمپ پیاوێکە پابەندی قسەکانی دەبێت؛ وەک لە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی کۆشکی سپیدا ئەم دوایییە هاتبوو: “تاقی بکەرەوە و دەرەنجامەکەی دەبینیت.” ئیتر ئەمە وەک نمایشکردنی هێز تەماشا بکرێت یان نا، ئەگەرەکان وا دەخوازن کە ئەمە تەنیا مانۆڕێکی مایەپووچ نییە و، بۆ خۆی مەسەلەیەکی زۆر گرنگە.
وەک “بازرگانێکی پلە یەکی مامەڵەکان”، ترەمپ مامەڵە لەگەڵ هێزدا ناکات وەک ئامرازێک بۆ داگیرکاری، بەڵکوو وەک کارتێکی گوشار و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ گۆڕینی ڕەفتاری نەیارەکەی لە ڕێگەی ناچارکردن و قەناعەتپێکردنەوە، نەک لە ڕێگەی شکستپێهێنانی تەواوەتی. ئەو مەیلی بە لای بەکارهێنانی هێزدایە بەخێرایی و بە شێوازێکی نمایشیی کتوپڕ کە نەهێڵێت بکەوێتە ناو پابەندبوونی درێژخایەنەوە.
بەڵام ئەم شێوازە، بژاردەکانی لە دۆسیەی ئێراندا تەسک دەکاتەوە، چونکە گۆڕینی ڕژێم یان پیادەکردنی گوشاری درێژخایەن پێویستی بە پابەندبوونێکی بەردەوام هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕەنگە زنجیرەیەک لێدانی سنوورداری ئەمریکی بۆ سەر جومگە ئەمنییە هەستیارەکان، بەس بێت بۆ لاوازکردنی توانای کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان. تەنانەت تەنیا ئەگەری دەستوەردانی ترەمپ، توانای ئەوەی هەیە ئامێری سەرکوتکردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی شپرزە بکات و تووشی دواکەوتن و دوودڵی و بڵاوەپێکردنی بکات کە لەسەر ڕژێمی ئێران گران ڕاوهستێت.
ئێمە لەبەردەم ساتەوەختێکداین کە ڕەنگە ترەمپ ناچار بێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات. خێراییی هەڵکشانەکان لە شەوانی ٨ و ٩ی کانوونی دووەمدا دەسەڵاتدارانی ئێرانی ناچار کرد ئینتەرنێت بپچڕێنن و، چەندان ڕاپۆرت باس لە پچڕانی هێڵەکانی تەلەفۆن دەکەن، کە ئەمە نیشانەیەکی باوە بۆ نزیکبوونەوە لە سەرکوتکردنێکی توندوتیژ. پلاتفۆرمە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناوخۆ باسیان لە زیادبوونی بەکارهێنانی گولـلەی ڕاستەوخۆ کردووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. لە بەرامبەردا، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا هۆشدارییەکەی نوێ کردەوە کە ئەگەر کوژراو لە ڕیزەکانی خۆپیشاندەراندا هەبێت، بە هێزێکی زۆر توند لە ئێران دەدات. بەمەیش ئێمە لە تاقیکردنەوەیەکی کردەیی بۆ ئەم هەڕەشانەی ئەمریکا نزیک دەبینەوە، چونکە چاوسوورکردنەوەی تەنیا بە هەڕەشە ناتوانێت زۆر بەردەوام بێت.
حساباتی ئیسرائیل
ئیسرائیل، وەک بکەرەکەی دیکەی هاوکێشەکە، لەنزیکەوە چاودێریی دیمەنەکە دەکات. ڕێبازەکەی بۆ قۆستنەوەی لاوازیی ئێران لەسەر تێکەڵەیەکی تۆکمە لە ئامرازەکان دامەزراوە. بەئاشکرا، گوشارە دیپلۆماسییەکە لە ڕاگەیاندنی بنیامین نهتانیاهۆ بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی ئێران و بەیاننامەکانی نووسینگەکەی دەردەکەوێت کە هاوسۆزی لەگەڵ خەباتی گەلی ئێران دووپات دەکەنەوە. ئەم لێدوانانە چەند ئەرکێک دەبینن: پەیامێک بۆ ناوەوە دەنێرن کە خۆپیشاندەران تەنیا نین، ڕژێم شپرزە دەکەن و، زەمینە خۆش دەکەن بۆ هەنگاوی کاریگەرتر لە داهاتوودا.
ڕەنگە هەندێک بڵێن دەستوەردانی ئیسرائیل ئەرکی کۆماری ئیسلامی ئاسان ناکات، بەڵکوو بیانووی دەداتێ تا خۆپیشاندانەکان وەک پیلانێکی دەرەکیی نەیارە سەرەکییەکەی وێنا بکات. بەڵام سەرکردەکانی ئیسرائیل ئەم تێبینییە بەگرنگ نازانن، چونکە تاران هەرچۆنێک بێت هەمان تۆمەت ئاراستە دەکات بێ گوێدانە هەڵوێستی ئیسرائیل. لەم قۆناغەدا خستنەپاڵی هەموو پشێوییەکی ناوخۆیی بۆ “مۆساد” چیتر ئاشکراکردنێکی نوێ نییە، بەڵکوو بووەتە کاردانەوەیەکی ئۆتۆماتیکیی بەردەوام. هەرکەسێکیش پێی وابێت تووڕەییی جەماوەر دەستکردە، ئەوا یان ساویلکەیە، یان بەئەنقەست بانگەشە بۆ چیرۆکێک دەکات کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا بۆ جیهان دەگونجێت.
پرسیارەکە گرنگەکە ئەوەیە: ئیسرائیل دەتوانێت چیی دیكه بکات؟ لە ماوەی جەنگە ١٢ ڕۆژەکەدا دەوڵەت توانای خۆی بۆ کارکردن لە ناوخۆی ئێران سەلماند، کاتێک پشتی بە توانا و ئەندامانی مۆساد بەست بۆ پەکخستنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران و کەمکردنەوەی توانای هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکان بەرەو ئیسرائیل. لەدوای جەنگی حوزەیرانەوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران تا ڕاددەیەکی زۆر وێران بوون؛ ئەمەیش ئازادییەکی نیمچەڕۆژانە بە ئیسرائیل دەدات کە لە ئاسمانی ئێراندا جووڵە بکات. ئەم واقعە پەراوێزێک بە ئیسرائیل دەدات بۆ کارکردن لە نێوان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئاشکرا کە ڕەنگە جەنگ هەڵبگیرسێنێت، هەروەها لێدانی وردی حساببۆکراو کە دەتوانێت ڕژێم لە هەر ململانێیەکی داهاتوودا لاواز بکات یان توانای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی پەک بخات.
ئەم ئازادییە نوێیەی جووڵە بۆ ئیسرائیل بەو مانایە نییە کە بتوانێت کۆنترۆڵی چارەنووسی ڕژێمی ئێران بکات. دیمەنە ناوخۆیییەکە تا ڕاددەیەکی زۆر لەلایەن خودی ئێرانییەکانەوە یەکلا دەکرێتەوە کە ئێستا لە شەقامەکاندا گیانیان دەخەنە مەترسییەوە. هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر ڕەنگە ببێتە بەربەست بۆ ئیسرائیل چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی وەستانی خۆپیشاندانەکان لە بری هەڵکشانیان. زۆرێک لە ئێرانییەکان -کە ڕەنگە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە هەر گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانەدا ببینن، بەتایبەتی چینی ناوەڕاستی پارێزگار (موحافزکار) کە شتیان هەیە لەدەستی بدەن- ڕەنگە دوودڵ بن لە هاتنەسەر شەقام ئەگەر فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر سەریانەوە بفڕن و وڵاتەکە ئامادەکاری بۆ بۆردوومان بکات.
ڕەنگە ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران هەنگاو بنێت، بەڵام مەیلی بە لای ئەوەدایە هەر هەڵمەتێکی لەو جۆرە دەبێت کورتخایەن بێت، چونکە ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە نەک کردنەوەی بەرەیەکی فراوان کە ڕەنگە ڕای گشتی لەپشت ئاڵاکەیان یەک بخات و بەشدار بێت لە خنکاندنی ئۆپۆزیسیۆن. ئەوەی ئیسرائیل زیاتر تێیدا كارامهیه، پاڵنانی سەرۆک ترەمپە بۆ ئەوەی بەڵێن و هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات. ئەزموونەکانی پێشوو ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ مەیلی بە لای ئەنجامدانی کاردایە نەک خۆبەدوورگرتن، لانی کەم لە ئاستی گوتاردا. ئەگەر ئیسرائیل سەرکەوتوو بێت لە قەناعەتپێکردنی ئیدارەی ترەمپ بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک لێدانی فراوانتر هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشەی گۆڕینی هەڵمەتە کورتەکە بۆ گوشارێکی بەردەوامتر لەسەر ڕژێم، ئەوا ڕەنگە ئامانجەکە ئەم جارە تەنیا پووچهڵكردنهوهی مەترسیی ئەتۆمی نەبێت، بەڵکوو ڕووخاندنی خودی ڕژێمەکە بێت.
نووسینی: مایكڵ هۆرۆڤیتز، شارەزا لە جیۆپۆلیتیک و سیاسەتە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان
سەرچاوەی بابەتەکە بە زمانی عەرەبی: https://2cm.es/1mO1E
سەرچاوەی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:
<https://en.majalla.com>.
* بارستەی هەستیار لە زانستی فیزیای ئەتۆمیدا، بە کەمترین بڕی ماددە دەوترێت کە پێویستە بۆ ئەوەی کارلێکی ئەتۆمی بەردەوام (Chain reaction) ڕوو بدات. واتا: کەمترین بڕی ماددە کە پێویست بێت بۆ تەقینەوە یان وزە.