عێراق لە قۆناغی راگوزەردا: ئاڵنگاری و دەرفەتەکان
11:57 - 31/08/2026
پێشەکی
لە دوای (٧ی ئۆکتۆبەری٢٠٢٣)وە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
چووەتە ناو قۆناغێکی وەرچەرخانی مێژوویییەوە؛ دۆخێک کە تێیدا روکار و هاوکێشە کۆنەکان
بەتەواوی هەڵوەشاونەتەوە؛ بەڵام هێشتا هاوسەنگیی نوێ بەتەواوی دەرنەکەوتوە.
لەم ساتەوەختەدا عێراق بەهۆی شوێنی جوگرافی و دۆخی
سیاسی و ئابوری و ئەمنییەوە، گۆڕانکاری و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەکەوێتە سەر. لەماوەی
سێ ساڵی رابردودا دەسەڵاتدارانی عێراق توانییان بەشداریی گروپە چەکدارەکانی عێراق
لە جەنگەکانی ناوچەکە بۆ لانی کەم دابەزێنن. سەرباری ئەم خۆپاراستنە، ئەم جەنگانە،
بەتایبەت جەنگی ئێران ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دەسەڵات لە عێراق بەجێهێشتوە و بەجێ دەهێڵن، بە شێوەیەک کە بۆ یەکەمجار لە
دوای ٢٠٠٣وە، سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی چوارچێوەی هەمانگیی کرد
و ئەمەش رێی خۆشکرد بۆ هاتنەسەرکاری سەرۆک وەزیرانێکی ناحیزبی.
هەر بۆیە ئێستا عێراق کەوتۆتە بەردەم قۆناغێکی
راگوزەر؛ یا دەبێت بە کەمترین زیان خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی ناوچەکەدا بگونجێنێت،
یاخود دەکەوێتە ناو چەقی باهۆزی گۆڕانکارییەکانەوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەسەڵاتدارانی عێراق
ئەتوانن درێژە بەو دۆخەی ئێستا بدەن یان کاتی خۆساخکردنەوە و یەکلاکردنەوەی کۆمەڵێک
فایلی هەڵپەسێردراوی ناوخۆی عێراقە؟ وەکو کۆنترۆڵکردنی چەک (حصر السلح) و بەرەنگاربونەوەی
گەندەڵی.
ئاخۆ عێراق لە کوێی هاوسەنگییە نوێیەکاندایە و
چۆن دەتوانێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت؟
بۆ باسکردنی گرنگترین ئەو ئاڵنگاری و دەرفەتانەی
کە لە ئێستادا لە بەردەم حکومەتی فیدراڵدان، دامەزراوەکەمان گفتوگۆیەکی کراوەی بۆ
ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و شارەزایان لە بوارە جیاوازەکاندا رێکخست کە ناوەکانیان
لە کۆتایی پەیپەرەکەدا هاتوە.
لە گفتوگۆیەکەدا کە لە لایەن د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا
ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق بەڕێوەبرا، دۆخی عێراق لە سێ تەوەری سەرەکیدا
تاوتوێ کرا کە ئەمانە بون:
، ئاڵنگارییە
ئابورییەکان وئاڵنگارییە سیاسییەکان. هاوکات لەهەر یەکێک لەو تەوەرانەدا دەرفەتەکانیش
تاوتوێ کران.
ئەم پەڕاوە سیاسییە بە سود وەرگرتن لەو بیروڕایانەی
لە گفتوگۆ کراوەکە خرانەڕو، لە لایەن (د. یوسف محەمەد سادق و لەنیا بورهان محەمەد)ەوە
ئامادە کراوە و، لە لایەن مەحمود رەزا ئەمین (ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی MASS)ەوە پیاچونەوەی بۆ کراوە .
پوختە:
- وەستانی جوڵەی کەشتیوانی لە گەروی هورموز لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ،
نەک تەنها بویە هۆی کەمبونەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ کەمترین ئاست لە ٢٠ ساڵی
رابردو، بەڵکو سەرقاپی لەسەر کۆی کێشە و قەیرانە دارایی و ئابورییە قوڵەکانی ئەم وڵاتە
هەڵدایەوە.
- جگە لە تاک سەرچاوەیی ئابوریی عێراق، کێشەیەکی بونیادیی تر ئەوەیە کە
بەشێوەیەکی کرداری نزیکەی (٨٥%)ی بودجەی عێراق بۆ بودجەی بەگەڕخستن (الموازنة التشغيلية) دەڕوات. سەرباری
ئەمانەش قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق لە هەڵکشاندان لە کاتێکدا کە پلەبەندی باوەڕپێکراوی
دارایی (التصنيف
الإئتماني Credit Rating )ی عێراق دابەزیوە
بۆ (-B).
- دۆخی دارایی عراق دابڕاو نابێت لە ململانێکانی ناوچەکە و ئابڵوقە
ئابورییە تاکلایەنە و هەمەلایەنەکان جا چ ئەو ئابڵوقانەی پەیوەندیدارن بە ئێران، یان
ئەوانەی پەیوەندیدارن بە تاک و کۆمپانیا و گروپە چەکدارەکانی عێراق.
- حکومەتی فیدراڵ بۆ روبەروبونەی ئەم کێشە دارایی و ئابورییە قوڵانەی
ئێستای عێراق، چارەسەری ئاسانی لەبەردەست نییە، لەوانە دەسکاری کردنی نرخی دینار،
دەرکردنی قەواڵە حکومییەکان (السندات الحکومیة)، گۆڕینی دراو و کەمکردنەوەی ژمارەکانی
و چەند رێکارێکی بەئازاری تر.
- سەرباری هەمو ئەمانە، قەیرانیی دارایی عێراق دەرفەتە بۆ کەمکردنەوەی
پشت بەستن بە نەوت و پەرەدان بە دەروازەکانی تری هەناردەکردنی، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی
داهات، پەرەپێدانی پلان بۆ داڕێژراو بە کەرتە ئابورییەکانی تر و سەرلەنوێ کارکردنەوە
لەسەر رێگای گەشە )طریق التنمیة(.
- عێراق ئەزمونێکی تاڵی هەیە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. ساڵی
(٢٠١١) هێزەکانی ئەمریکا کشانەوە. پاش ماوەیەک لە ساڵی (٢٠١٤) دا داعش ئەو بۆشایییەی
پڕ کردەوە و نزیکەی سێیەکی خاکی عێراقی داگیر کرد. هەڵبەت دۆخی هێزە سەربازییەکانی
ئێستای عێراق و توانا و لێوەشاوەیییان جیاوازە لەو کاتە، بەڵام هێشتا دڵنیایی تەواو
نییە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ و ململانێکانی ناوچەکە و ئەو راپۆرتانەشی
باس لە خۆرێکخستنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و زیادبونی ژمارەیان دەکەن.
- هەندێک پێانوایە کە عێراق هاوشێوەی پێشو گرنگییەکی گەورەی بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکا نەماوە و زیاتر لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکە و
بەستنەوەی بە تۆڕێکی نوێ لە پەیوەندیی ئابوری و وزە لەگەڵ تورکیا و سوریا و جێبەجێ
کردنی رێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لێی دەڕوانێت.
- ئێستا ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، پێویستی بە درێژەدان بە
هەبونی سەربازی و بنکەی جێگیر نییە بە تێچوی زۆرەوە.
- کۆی دۆخی ئەو هێزە چەکدارانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە دروست بون و پەیوەندییان
بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە ئاڵۆزە. هەندێک لەمانە بە تەواوی سەر بە دەستەی حەشدن،
هەندێکیان بە شکڵی سەر بەو دەستەیەن، بەشێکیان سەر بە سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکانن
و هەندێکیشیان لە دەرەوەی کۆی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانن.
- ناڕونی لە چەمکی کۆنترۆڵ کردنی چەک (حصر السلاح) و چییەتی و چۆنیەتیی
ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، جیاوازیی نێوان دۆخی گروپە چەکدارەکان و پەیوەندییان بە
دەستەی حەشدی شەعبی و هێزە سیاسییەکانەوە، پێویستیی رێکخستنی ئەم پرۆسەیەی لە
چوارچێوەیەکی قانونیدا هێناوەتە کایەوە.
- کۆنتڕۆڵ کردنی چەکی بەرەڵا (حصر السلاح المنفلت) پڕۆسەیەکی ئاسان نییە،
چونکە دیدگای گروپە چەکدارەکان بۆی جیاوازە، هەندێکیان هەر بە تەواوی رەتی ئەکەنەوە،
هەندێکی تریان ئەیانەوێت ئەو پرۆسەیە هاوشێوەی خۆگونجاندنی گروپە چەکدارەکانی سوریا
بێت.
- پێویستە لەسەش ئاگادار بین کە ئەم پڕۆسەیە پەیوەندیدارە بە کارلێکی کۆی
گۆڕاوەکانی ناوچەکە، بەتایبەتیش سەرەنجامی جەنگی ئێران- ئەمریکا و ململانێی نێوانیانەوە.
- پرسی چەکی گروپە چەکدارەکان، رەهەندێکی ناوچەییشی بۆ زیاد بوە، بەتایبەت
دوای ئەوەی سعودیە و دەوڵەتانی تری کەنداو چەند جارێک، ئەم گروپانەیان تۆمەتبار
کردوە بەوەی هێرشیان کردۆتە سەریان. ئەگەر ئەندامێتی سعودیە لە رێککەوتننامەی مەککەش
لە بەرچاو بگرین، ئەوا ئەو گرژییە ئەمنی و سەربازییانەی ئەم گروپانە لە ئاستی دەوڵەتانی
دراوسێی عێراق دروستی ئەکەن، رەهەندێکی گەورەتر وەردەگرێت.
- سەرباری هەمو ئەو ئاڵنگارییە ئابوری و تەناهییانەی لە بەردەم حکومەتەکەی
عەلی زەیدی هەن، کێشەیەکی تر بریتییە لە تەواو نەبونی کابینەکە، بە شێوەیەک کە ئێستا
لە کۆی ٢٣ وەزارەت، تەنها ١٤ وەزیر متمانەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرتوە و ٩
وەزارەت بە وەکالەت بەڕێوە ئەبرێن. ئەمەش حکومەتەکەی زەیدی خستۆتە بەردەم ئەگەری لەدەسدانی
نیسابی یاسایی دانیشتنەکان.
- هەر بۆیەش بە دەستکێشانەوە یان متمانە وەرگرتنەوە لە ٢ یان ٣ وەزیری
کابینەکەی زەیدی، سەرباری ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نییە کە حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر، بەڵام
ئەنجومەنی وەزیران نیسابی قانونیی دانیشتنەکانی نامێنێت و ناتوانێت ئەو دەسەڵاتانە
پیادە بکات کە پەیوەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
- لە ناو ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا بە چۆڵی ماونەتەوە و بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن
هەردو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ هەن کە ئەمە بۆ ئەم فۆناغە پڕ لە ململانێیەی دەوروبەری
عێراق، هەروەها دۆخی ناوخۆشی، جێگەی مەترسین.
- سەرباری هەمو ئەمانەش، یەکێکی تر لە ئەگەرەکان دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانە
لە پۆستەکەی کە ئەمەش عێراق ئەخاتە ناو گێژاوی قەیرانێکی سیاسیی گەورە کە دەرچون
لێی ئاسان نابێت.
یەکەم: ئاڵنگارییە ئابورییەکان:
وەستانی جوڵەی کەشتییەوانی لە گەروی هورموز بە
هۆی جەنگی ئێرانەوە، سەرقاپی لەسەر دۆخی پڕتەنگژەی ئابوریی عێراق و کێشە بونیادییەکانی
هەڵدایەوە. بەشێکی زۆری کاتی گفتوگۆکە تەرخان کرا بۆ شەنوکەوکردنی دۆخی ئابوریی عێراق،
چونکە زۆریی موچە و وابەستەبوونی ئابوریی عێراق بە نەوتەوە دوو کێشەی سەرەکی وڵاتەکەیە.
1. دۆخی هەناردەکردنی نەوت:
لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە لە سەدا نەوەد و سێی
(%٩٣) داهاتی عێراق پشتی بەستووە بە داهاتی نەوت. ئەمە وایکردووە هەر گۆڕانکارییەک
لە بەرزی و نزمی یاخود بڕی هەناردەکردنەکەی، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەر بودجە
و خەرجییە لەپێشینەکانی عێراق.
عێراق پێشتر رۆژانە نزیکەی (٣،٨٨٠،٠٠٠) سێ ملیۆن و هەشتسەد و هەشتا هەزار
بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. بەڵام لە مانگی نیسانی ئەم ساڵا ئەم بڕە بۆ نزیکەی
(٣٣٠،٠٠٠) سێسەد و سی هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی ، چونکە لە (٢٨\ ٢\ ٢٠٢٦) بەدواوە،
واتە لەگەڵ دەسپێکی گەڕی دوەمی جەنگی ئێران – ئەمریکا، عێراق بە زەحمەت توانیویەتی
نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکا. هەرچەندە ئێستا بڕی هەناردەکردنی نەوتی
عێراق لە بەرزبونەوە دایە، بەشێوەیەک کە رۆژی ١٤- ٨- ٢٠٢٦ باسم خزەییری، وەزیری نەوتی
عێراق رایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی ئابەوە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دو ملیۆن
بەرمیلی رۆژانە بەرز بوەتەوە ، بەڵام ئەم بڕەش هێشتا زۆر کەمترە لەوەی عیراق بتوانێ
خەرجییە زەبەندەکانی پێ دابین بکا.
2. کێشە بونیادییەکانی تری ئابوریی عێراق:
أ.لاسەنگیی ئابوری: یەکێک لە کێشە بونیادییەکانی
عێراق لاسەنگیی بودجەیە لە نێوان بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی بەگەڕخستن (الموازنة
التشغيلية)دا.
لە ساڵی (٢٠٠٥)وە هەتا ئێستا
بڕی بودجەی بەگەڕخستن لە(٣٢) سی و دوو تریلیۆن دینارەوە بازی داوە بۆ (٢١١) دووسەد
و یانزە تریلیۆن دینار/ ساڵ. بەشێوەیەک کە وەک ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی سێ خولی
لیژنەی دارایی عێراق ئاماژەی پێدا، لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٥ تا ٢٠٢٥) ٧٠٪ـی بودجە بۆ بەگەڕخستن و ٣٠٪ بۆ وەبەرهێنان
دانراوە. بەڵام هیچ ساڵێک تەنانەت ١٥٪ ـی بودجە بۆ وەبەرهێنان بە تەواوی خەرج نەکراوە.
واتە نیوەی بودجەی پلانکراو بۆ وەبەرهێنان هەر دیسانەوە بۆ بودجەی بەگەڕخستن خەرج
کراوە! لەبەر ئەم هۆکارەیە کە عێراق لە روی ئابورییەوە چەقی بەستووە و ژێرخانێکی
وەها لاوازی هەیە کە بە روداوێکی لەناکاو دوچاری قەیرانی گەورە دەبێتەوە، چونکە نەیتوانیوە
داهاتە زۆر و زەوەندەکانی فرۆشتنی نەوت لە ساڵانی رابردودا بقۆزێتەوە بۆ بوژاندنەوەی
ژێرخانی ئابوری و پەرەدان بە کەرتە ئابورییەکانی تر و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی
داهات.
ب. هەڵکشانی قەرزە ناوخۆیییەکان: لە لایەکی
ترەوە عێراق قەرزەکانی بەردەوام لە هەڵکشاندان، بەشێوەیەک کە لە ئێستادا وەک ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران
ئاماژەی پێدا، تەنها قەرزە ناوخۆیییەکان بەرز بوەتەوە بۆ (٩٠) تریلیۆن دینار، ئەمە
جگە لە قەرزی دەرەکی کە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلارە و لە قەرزە ناڕەواکان (القروض
البغيضة)ی دەوڵەتانی کەنداویش کە نزیکەی ٤١ ملیار دۆلارە. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە
٢١- ٨- ٢٠٢٦ رایگەیاند کە کۆی قەرزەکانی عێراق نزیکەی (٢٠٨) ترلیۆن دینارن . لە ئەنجامی
ئەمە و کۆی قەیرانە بونیادییەکانی ئابوری، پلەبەندی باوەڕپێکراوی دارایی (التصنيف الإئتماني Credit Rating )ی عێراق دابەزیوە بۆ (B-) کە ئەمە هەم وەرگرتنی قەرزی دەرەکی زەحمەت ئەکا وە هەم سودی قەرز بەرز
ئەکاتەوە.
ت. ئابڵوقە و سزا ئابورییەکان: یەکێکی تر لەو
ئاستەنگانەی رەنگە رو لە ئابوریی عێراق بکا، کێشەی سزاکانی ئەمریکایە. جا چ ئەو
سزایانەی پەیوەندیدارن بە بەردەوامیی ململانێکان لەگەڵ ئێران یان ئەوانەی پەیوەندیدارن
بە گروپە چەکارەکانی ناوخۆی عێراق و تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە گەندەڵی و پارە سپیکردنەوەوە.
یەکێک لە سەرەکیترین ئامڕازەکانی ململانێکانی نێوان وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و
ئێران، ئابڵوقەی ئابوری و سزا دارایییە تاکلایەنە و بەکۆمەڵ و نێودەوڵەتییەکانن.
لەم چوارچێوەیەدا لە دوا پەرەسەندنەکانی زیادبونی ئەم ئابڵوقە و سزایانە، دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی ٢٠- ٨- ٢٠٢٦ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" (Truth Social) هێرشێکی توند و
گەورەی ئابوری بۆ وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانی ئێران راگەیاند لە ژێر سەرناوی
"رۆژی دابەزینی ئابوری" (Economic D-Day)،
کە مەبەست لێی هێرشی هەمەلایەنەی ئابورییە.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات کە ماوەی ٦٠ رۆژی
ئاگربەست تەواو بو، بەبێ ئەوەی هیچ پەرەسەندێک لە بواری دیپلۆماسیدا بۆ کۆتاییهێنان
بە ململانێکان، رو بدا. ترەمپ ئەم پاکێجەی بە "تێکشکێنەرترین پرۆسەی ئابوری لە
مێژوودا دژی هەر وڵاتێک" وەسف کرد . هەندێک لە شارەزایانی ئابوریی عێراق پێیان
وایە کە عێراق یەکێک لە سەرەکیترین زیانمەندەکانی ئەم ئابڵوقە و سزا دارایییانەی
ئەمریکایە بۆ سەر ئێران .
بە هەمان شێوە بە دور نابینرێت کە وڵاتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکا سزا دارایییەکانی لەسەر ئەو گروپ و کەس و کۆمپانیا و بانکانەی عێراق
توندتر بکاتەوە کە گومانی هەبونی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێ ئەکا. تەنانەت بە
دور نازانرێت کە ئەگەر حکومەتی ئێستای عێراق هەنگاوی کرداری بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکانی
عێراق نەگرێتەبەر، ئەوا کۆی ئابوریی عێراق روبەڕووی سزای دارایی ببێتەوە.
ج. یەدەکی دراو و بەهای دینار: بەپێی وتەکانی محەمەد حسێن، شارەزای ئابوری، یەدەک دوو کاری سەرەکی
هەیە: دابینکردنی دۆلار بۆ هاوردەکردنی پێویستییەکانی ژیان و پاراستنی بەهای دینار.
ئێستا عێراق (٨٦) ملیار دۆلار یەدەکی هەیە. کە ئەمە ئەکاتە نزیکەی ١١٠.٥ ترلیۆن دینار
و بە هۆی چاپکردنی دینارەوە خەریکە بڕی دینار زیاتر ببێ لەو یەدەکە. ئەمەش مەترسیدارە
و ئەبێتە هۆی زیاتر بەرزبونەوەی رێژەی هەڵاوسان. بەڵام لە خراپترین حاڵەتدا نابێ بڕی
یەدەک بگاتە خوار (٧٥) ملیار دۆلار.
هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوە، پێویستی بە چەند
رێکارێکە: بۆ نموونە سیستەمی بانکیی بەهێز ئەبێتە هۆی راکێشان و بەگەڕخستنی ئەو
پارەیەی ئێستا لە ماڵەکاندا شاردراونەتەوە یان هەڵگیراون کە پێی ئەوترێ (النقد
العاطل) کە بڕەکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ترلیۆن دینارە. لە کاتێکدا کە کۆی قەبارەی نەختینەی
(حجم الكتلة النقدية) ئێستای عێراق، نزیکەی ١٢٥ ترلیۆن دینارە .
یەکێکی تر لە کێشەکانی ئابوریی عێراق ئەو
پارانەیە کە براونەتە دەرەوە کە بەپێی بەدواداچەنەکانی د. ئەحمەد چەلەبی نزیکەی
١٠٠ ملیار دینارە.
حکومەتی ئێستا کە هیچ پارەیەکی لە حکومەتی پێشوەوە
بۆ بەجێ نەماوە، ئێستا لەبیری فرۆشتنی موڵکەکانی دەڵەت و فرۆشتنی زەوییە کشتوکاڵییەکاندایە
کە بەڕای ئامادەبوانی گفتوگۆکە ئەمە ناتوانێت چارەسەری قەیرانی دارایی عێراق بکات.
چونکە ئێستا بڕی خەرجییە زۆر پێویستەکانی عێراق ساڵانە نزیکەی (٩٠) تریلیۆن دینارە
و بە فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت ئەوە دەستەبەر نابێت.
3. رێچارەکان:
حکومەتی فیدراڵ بۆ روبەروبونەی ئەم کێشە دارایی
و ئابورییە قوڵانەی ئێستای عێراق، چارەسەری ئاسانی لەبەردەست نییە، هەر بۆیە پێویستە
بەردەوام بێت لە هەڵمەتەکانی دژوەستانەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان.
لە هەمان کاتیش دا بەردەوام بێت لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و کۆکردنەوەی
داهاتەکان بە شەفافی.
بەڕای مەحمو رەزا، پەرلەمانتاری پێشوتری عێراق
و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی (MASS)،
یەکێکی تر لە چارەسەرەکان، هەرچەند بە ئازارە و وەکو نەشتەرگەریی قەیسەری وەهایە،
بە رەچاوکردنی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ، بریتییە لە دەسهەڵگرتنی حکومەت یان
بانکی ناوەندی لە دیاریکردنی نرخی دینار (تعویم العملة). بەڵکو رێگە بدرێ بازاڕ
نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و دراوە قورسەکانی تری دنیا، دیاری بکا. لەو حاڵەتەدا بەرهەمی
ناوخۆ زیاد و هاوردە کەم ئەکا. چونکە بەمە تێچوی بەرهەمهێنانی یەکەیەکی دیاریکراو
لە کاڵا، لە ناوخۆی وڵات، لە چاو نرخی هەمان یەکەی هاوردەی بێگانەدا، دائەبەزێ. بەمە
هەم هەلیکار زیاد ئەکا و هەم پیشەسازیی جۆراوجۆر و بەروبومی کشتوکاڵی لە ناوخۆی وڵات
پەرە ئەستێنن، نەزیفی دۆلار و پرۆسەی تەهریبی دۆلاریش رائەوەستن.
یەکێکی تر لەو رێچارارانەی تر کە باس ئەکرێت، گۆڕینی
دراوی عێراقی و کەم کردنەوەی ژمارەکانییەتی، کە بە بڕوای هەندێک لە شارەزایانی
دارایی ئەوە پێویستی بە دەرکردنی قانونە لە ئەنجومەنی نوێنەران. هەرچەندە مەرج نییە
ئەم رێگایە راستەوخۆ ببێتە هۆی چارەسەری قەیرانی دارایی و کەمیی نەختینە ، بەڵام
لانی کەم ئەتوانرێت جارێکی تر ئەو پارانەی لە دەرەوەی مامەڵەی دارایین بە هەندێک رێوشوێن
بگەڕێنرێنەوە بۆ بانکەکان، لە هەمان کاتیشدا بەشێکی زۆری ئەو پارانەی بە هۆی گەندەڵییەوە
دیار نەماون دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی یان نرخ و بەهایان نامێنێت.
قەرزەکانی ئێستای عێراق و دابەزینی پلەبەندیی
متمانەی دارایییەکەی، دۆزینەوەی قەرزی دەرەکیی ئاسان (القروض الميسرة)ی قورس
کردوە، هەربۆیە وەک کاوان قەرەداخی، شارەزای ژمێریاری ئاماژەی پێکرد، باشترە کە ئەگەر حکومەت ناچار بو بۆ پڕکردنەوەی
کورتهێنانی بودجە قەرز بکات، ئەوا قەواڵە حکومییەکان (السندات الحکومیة) دەربکات
بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دانەوەی لە کاتی تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئێستا، یان پەنا
بۆ چارەسەری یۆنانی ببرێت بۆ سنوردارکردنی راکێشانی پارەی موچە باڵاکان و بە ژمارەکردنی
ئاڵوگۆری دارایی بەتایبەت لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکاندا.
سەرباری هەمو ئەمانە، قەیرانیی دارایی عێراق دەرفەتە
بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و پەرەپێدانی
پلان بۆ داڕێژراو بە کەرتە ئابورییەکانی تری وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و
بازرگانیی نێودەوڵەتی. کێشەکانی کەنداو دەرفەتی زێڕینن بۆ سەرلەنوێ کارکردنەوە لەسەر
رێگای گەشە (طریق التنمیة) و کردنی بە هۆکارێک بۆ دروستکردنی یەکترتەواوکردنی
(التکامل) و پێکەوەبەستنی ناوخۆیی و ناوچەیی. هاوکات پێویستە رێگاکانی دیکەی ناردنە
دەرەوەی وزە چ نەوت و چ گازی سروشتی کاری لەپێشینەی حکومەتی ئێستا بێت.
دووەم: ئاڵنگارییە ئاسایشی و سیاسییەکان:
سەقامگیریی ئەمنی بۆ پەرەپێدانی ئابوری و جێبەجێکردنی
رێکەوتننامەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و تێپەڕاندنی قەیرانە دارایی و ئابورییەکان
گرنگە. هەر بۆیەش تەوەری دوەمی گفتوگۆکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاسایش و
دۆخی تەناهیی عێراق، بەتایبەت پاش کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان
لە ٣٠- ٩- ٢٠٢٦ و دواتریش پرسی کۆکردنەوەی چەکی گروپە چەکدارەکانی عێراق.
پرسی سەرەکی لەم روەوە ئەوەیە کە لە دوای چونەدەرەوەی
هێزەکانی ئەمریکا کێ بۆشایی ئەمنی لە عێراقدا پڕ دەکاتەوە؟ کێ ئاسمانی عێراق ئەپارێزێت؟
لە لایەکی ترەوە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک (حصر
السلاح)ی گروپە چەکدارەکان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ ئایا روبەڕوبونەوە لە نێوان هێزە سەربازییەکان
و گروپە چەکدارەکان دروست ئەبێت؟
1. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا:
هێزەکانی ئەمریکا بڕیارە لە (٣٠- ٩- ٢٠٢٦) بە تەواوی
بکشێنەوە. عێراق ئەزمونێکی تاڵی لەم روەوە هەیە. ساڵی (٢٠١١) هێزەکانی ئەمریکا
کشانەوە. پاش ماوەیەک لە ساڵی (٢٠١٤) دا داعش ئەو بۆشایییەی پڕ کردەوە و نزیکەی سێیەکی
خاکی عێراقی داگیر کرد. هەڵبەت دۆخی هێزە سەربازییەکانی ئێستای عێراق و توانا و لێوەشاوەیییان
جیاوازە لەو کاتە، بەڵام هێشتا دڵنیایی تەواو نییە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ
و ململانێکانی ناوچەکە و ئەو راپۆرتانەشی باس لە خۆرێکخستنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان
و زیادبونی ژمارەیان دەکەن!
هەڵبەت بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی
تازە نییە، بەڵکو ئەمە دەرەنجامی رێکەوتنی حکومەتی پێشوی عێراقە لە سەردەمی محەمەد
شیاع سودانی لەگەڵ ئیدارەی پێشوی وڵاتە یەکگرتوەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدن
لە ئەیلولی ٢٠٢٤ دا ، دواتریش ئیدارەی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و حکومەتی ئێستای عێراق
بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بەردەوام بون لەسەر ئەو رێکەوتنە و زەمانبەندییەکانی .
وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی داڕشتنەوەی
ستراتیژی نیشتیمانیی خۆی دا و ریزبەندیی پێشینییەکانی، هەوڵی کەمکردنەوەی بونی
سەربازی خۆی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەدات. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
کە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریاش، لەم چوارچێوەیە دایە. بەڵام وەک د.
ئاکۆ حەمەکەریم، راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا، ئەمە
بە مانای کۆتایی هاتنی رۆڵی ئەمریکا لە عێراق نایەت، چونکە ئەمریکا هێشتا، بەتایبەت
لەروی ئابورییەوە، کارتی گوشاری گەورەی بەدەستەوەیە بۆ عێراق.
بەشێک لە بەشداربوانی گفتوگۆکە کۆک بوون لەسەر
ئەوەی، کە عێراق هاوشێوەی پێشو گرنگییەکی گەورەی بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نەماوە
و زیاتر لە چوارچێوەی ریزبەندییە نوێیەکانی ناوچەکە، کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران لە
عێراق و ناوچەکە و بەستنەوەی بە تۆڕێکی نوێ لە پەیوەندیی ئابوری و وزە لەگەڵ تورکیا
و سوریا لێی دەڕوانێت. دیاریکردنی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، وەک نێردەی
سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق لەم چوارچێوەیە دایە . هەڵبەت پرسی پەیوەندییە
ئابورییەکان و ئەو رێکەوتنانەی حکومەتە یەکلە دوای یەکەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا
ئەمریکییەکان لەبواری وزە ئەنجامیان داوە زیاتر جێی سەرنجی ئەم ئیدارەیەی ئێستای
ئەمریکایە. دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت کە ئێستا ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی،
پێویستی بە درێژەدان بە هەبونی سەربازی و بنکەی جێگیر نییە بە تێچوی زۆرەوە، بەڵکو
لە رێی فڕۆکە پێشکەوتوەکانییەوە ئەتوانێت لە هەر کات و لە هەر شوێنێک چالاکیی سەربازی
و گورزی ئاسمانی ئەنجام بدات. لەم روەوە کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری پێشوتری عێراق
ئاماژەی بەوەدا کە، هەژمونی ئەمریکا لەسەر عێراق بە ژمارەی بنکە سەربازییەکانی لە
عێراق پێوانە ناکرێت، بەتایبەت دوای روداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر. باشترین بەڵگە بۆ ئەمە
ڤیتۆکردنی نوری مالکی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی چوارچێوەی هەماهەنگی بو.
پێویستە ئەوەش بزانرێ کە پەیوەندییە ئابوری و
ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا دوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی، لە
سەر بناغەی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەر دو وڵات (SFA) ئەبێ .
٢. کۆنترۆڵکردنی چەک (حصر السلاح) لە لایەن
دەوڵەتەوە
پرسی رێکخستنەوەی ئەو هێزە چەکدارانەی لە عێراق،
لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی دەوڵەتن نوێ نییە، بەڵکو هەر لە دوای
روخانی رژێمی پێشوەوە ئەم بابەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بو. ئەوکات لە رێی تێهەڵکێشکردنیان
لەگەڵ سوپا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەم پرسە چارەسەر کرا، وەکو هێزەکانی رێکخراوی
بەدر بەپێی فەرمانی ژمارە (٩١)ی ساڵی ٢٠٠٤ی دەسەڵاتی کاتیی هاوپەمانان . لەگەڵ سەرهەڵدانی
داعش و داگیرکردنی نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ دا و دەستەپاچەیی هێزە سەربازی
و ئەمنییەکانی ئەو کاتی عێراق لە بەردەم ئەم گروپە تیرۆریستییە دا، ئایەتوڵا سیستانی،
مەرجەعی باڵای شیعەکان فەتوای (الجهاد الکفائي)ی دەرکرد و بەپێی ئەمەش چەندین گروپی
چەکدار دروست کران کە دواتر هەندێکیان لە ژێر چەتری یاسای حەشدی شەعبی، ژمارە (٤٠)ی
ساڵی ٢٠١٦ دا کۆکرانەوە ، بەڵام هەندێک لەم گروپانە لە دەرەوەی مانەوە. لە راستیدا
دۆخی کۆی ئەو هێزە چەکدارانە و پەیوەندییان بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە ئاڵۆزە.
چونکە لەگەڵ بونی چەند لیوایەکی تایبەت بە حەشدی شەعبی، کەچی هەندێک لەم گروپە چەکدارانە
سەرباری ئەوەی کە بەشێوەی رەسمی سەر بەم دەستەیەن و لە بودجەی گشتی پارەدار ئەکرێن،
بەڵام خاوەنی سەرکردایەتی و بڕیاری سیاسیی تایبەت بە خۆیانن، وەکو: کەتائیبی حیزبوڵا
و نوجەبا. هەندێکی تر لەم گروپانە سەر بە حەشدی شەعبی نین، بەڵکو راستەوخۆ سەر بە
سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکانن، وەکو: گروپەکانی تایبەت بە عەتەبات، بەڵام هەندێک لەم
گروپە چەکدارانە بەتەواوی لە دەرەوەی هەمو دەستە و دامەزراوە سەربازییە رەسمییەکانن،
وەکو: گروپی (أصحاب الكهف وسرايا أولياء الدم) .
پرسی چەککردن یان کۆنترۆڵکردنی چەکی ”بەرەڵا“
(حصر السلاح المنفلت) یان کۆترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە (حصر السلاح بيد
الدولة)، لە دوای لاوازبونی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش و بە دیاری کراویش لە دوای خۆپیشاندانەکانی
تشرینی ٢٠١٩ەوە، بوەتە بابەتێکی گرنگی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و تەنانەت گفتوگۆکانی
عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بە دیاریکراویش وڵاتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکا، بەتایبەت پاش بەشداریکردنی هەندێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق لە جەنگەکانی
دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بارەگا دیبلۆماسییەکان و بنکە
سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو عێراق و ناوچەکە و بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان،
بەتایبەت ژێرخانی وزە و بەشێک لە دەوڵەتانی کەنداو، لە لایەن ئەم گروپە چەکدارانەوە
کە لە ژێر ناوی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق (المقاومة الإسلامية في العراق) دا
چالاکیی ئەمنی ئەنوێنن.
بەرنامەی کاری حکومەتەکەی عەلی زەیدی، پرسی کۆتاییهێنان
بە دیاردەی "چەکی بەرەڵا"ی دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە رەسمی و شەرعییەکانی
دەوڵەتی کرد بە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی حکومەت . ئێستا لە لێدوان و راگەیەنراوە
رەسمییەکانی تری سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران باس لە کۆنترۆڵکردنی چەک دەکرێت.
ئەمەش ناڕونییەک دەردەخات کە ئاخۆ مەبەستی سەرەکی و ئامانجی کۆتایی ئەم پرۆسەیە چییە
کە ئێستا زۆر باسی لێوە دەکرێت و سەرۆک وەزیران پێداگری نیشان دەدات بۆ ئەنجامدانی.
ناڕونی لە چەمکەکە و چییەتی و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک، جیاوازیی
نێوان دۆخی گروپە چەکدارەکان و پەیوەندییان بە دەستەی حەشدی شەعبی و هێزە سیاسییەکانەوە،
پێویستیی رێکخستنی ئەم پرۆسەیەی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا هێناوەتە کایەوە. هەر
بۆیەش سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ماوەی رابردودا، لە زیاد لە لێدوانێکدا باسی ئامادەکردنی
پرۆژە یاسایەکی لەو شێوەیەی کردوە .
ئامادەبوانی گفتوگۆکە کۆک بون لەسەر ئەوەی ئەم
پرۆسەیە ئاسان نییە و لەمپەری زۆری لە بەردەمایە. ئاماژە بەوە درا، کە هەندێک لە
گروپە چەکدارەکان بە ئاشکرا رایانگەیاندوە کە ئامادە نین چەک رادەست بکەن ، یان
لانی کەم رەتی ئەکەنەوە ئەم پرۆسەیە بەچەک ئەنجام بدرێت . د. کاردۆ کەریم ئاماژەی
بەوەدا کە نابێت تەنیا وەک بابەتێکی سیاسی یان یاسایی تەماشای ئەم پرۆسەیە بکەین،
بەڵکو هەندێک لەم گروپانە ئەیانەوێت لە چوارچێوەی بڕوای مەزهەبییەوە بەردەوامی بە
مانەوەیان بدەن، بۆ نمونە ئەمانە رایدەگەیەنن کە چەکەکانیان تەنها رادەستی "ئیمامی
مەهدی" دەکەن . لەم رەوە د. یاسین تەها ئاماژەی بەوەدا کە ئایەتوڵا سیستانی فەتوای
هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە ، بەڵام بە دووری زانی ئەم گروپانە
ملکەچی فەتوای ناوبراو بن، چونکە خۆیان بە پێڕەوانی مەرجەعی دیکە دەزانن.
لە بەرامبەردا هەندێک لە گروپە چەکدارەکانی تر
هەر زو پابەندبونی خۆیان بۆ پرۆسەی رادەستکردنی چەک دەربڕی. لەوانە رەوتی نیشتیمانیی
شیعە (تیار الوطني الشیعي) کە هەر زو موقتەدا سەدر کۆتاییهێنانی پەیوەندیی گروپی
(سرایا سلام)ی بە رەوتەکەیەوە راگەیاند و فەرمانی بە گروپەکە کرد کە بچنە نێو دامەزراوە
سەربازییەکانی دەوڵەتەوە . بە هەمان شێوە گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاندوە کە
پابەند ئەبن بە رادەستکردنی چەک و تێکەڵ بون بە دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکان
. لەم بارەیەوە شوان داوودی (پەرلەمانتاری پێشوی عێراق) لە گفتوگۆیەکدا ئاماژەی بەوەدا
کە گروپە چەکدارەکانی عێراق لە دۆخی نوێی ناوچەکە تێگەیشتون، هەر بۆیەش ئەیانەوێت
خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن. د. یاسین تەهاش ئاماژەی بەوەدا کە بەشێکی
گروپە چەکدارەکان، بەتایبەت عەسائیبی ئەهلی حەق ئەیانەوێت ئەو پرۆسەیە هاوشێوەی خۆگونجاندنی
گروپە چەکدارەکانی سوریا بێت و (ئامانجیان ئەوەیە باڵە سەربازییەکانیان لەژێر چەتری
فەرمیی دەوڵەتدا بپارێزن و پارەداریشیان بکەن، بەبێ ئەوەی ئەو چەکدارانە دەستبەرداری
مەرجەعییەتی سیاسی و مەزهەبی و رێکخراوەیی خۆیان بن. ئەم هاوكێشەیەیش جۆرێکە لە “دەوڵەت
لەناو دەوڵەتدا” بە بەرگێکی یاسایییەوە) . لەم روەوە ئەکرێ ئاماژە بەوە بدەین کە
لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا سەرباری کۆی ئەو جەنگ و ململانێ سەختانەی لە ناوچەکەدا
لە ئارادا بون، دەسەڵاتدارانی عێراق توانییان بەشداریی گروپە چەکدارەکان سنوردار
بکەن و عێراق بپارێزن لە خزانی راستەوخۆ بۆ ناو ئاگری ئەو جەنگانە.
لە لایەکی ترەوە وەک د. جەلیل عومەر (سەرۆکی بەشی
زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمان)ی ئاماژەی پێدا، نابێت ئەوە لە بەرچاو نەگرین
کە بارودۆخی عێراق پەیوەندیدار نییە بە یەک یان دو فاکتەرەوە، بەڵکو پەیوەندیدارە
بە کارلێکی کۆی گۆڕاوەکانی ناوچەکە، بەتایبەتیش سەرەنجامی جەنگی ئێران- ئەمریکا و
ململانێی نێوانیانەوە. لەم روەوە د. بێستون حسێن، (سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
لە زانکۆی سلێمانی) بە دوری نەزانی کە سەرەڕای نەبونی نەخشەرێگایەکی رون لە لایەن
ئەمریکاوە بۆ پرۆسەی چەکداماڵینی گروپە چەکدرەکان، بەڵام ئەمریکا لە داهاتودا فشارەکانی
لەسەر حکومەتی فیدراڵ چڕتر ئەکاتەوە بۆ هەنگاونانی کرداری لەم فایلە دا.
د. یاسین تەها لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە
بەشێک لە دەستەبژێری سیاسیی عێراق ئاماژە بەوە ئەکەن کە پشتگیریی ئەمریکا بۆ زەیدی
مەرجدارە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکاوە، بەتایبەت لە پەیوەست بە چەککردنی
گروپە چەکدارەکانەوە. ئەمەش بە رای مامۆستا ئارام عەلی، نوسەر و مێژونوس عێراق دەخاتە
بەردەم دوڕیانێکی سەخت و چارەنوسسازەوە و دور نییە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ
لەناو هێزە شیعەکان دا.
هەرچەندە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و تەنانەت کۆی
سەرۆکایەتییەکانی عێراق سورن لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک ، بەڵام هەندێک لە ئامادەبوان
لە نێوانیشیاندا رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشو گومانی خۆیان نەشاردەوە لەوەی
هەمو هێزە سەربازییە فەرمییەکان گوێڕایەڵی سەرۆک وەزیران بن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی
لەم پرۆسەیەدا. هەر بۆیە وەک عەلی عومەر ئاماژەی پێدا، سەرۆک وەزیران دەیەوێت لە رێی
بەهێزکردنی زیاتری هێزەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری عێراقەوە پشتیوانییەکی گەورەی
سەربازی دروست بکات بۆ هەنگاوەکانی لەم بوارەدا. هەر بەم ئاراستەیەش ئیئتیلافی ئیدارەی
دەوڵەت لە دوا کۆبونەوەی خۆیدا بۆ هەنگاوەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، رایانگەیاند
کە هەر گروپێک لە دوای ٣٠ی ئەیلولەوە سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات، ئەوا لە چوارچێوەی
روبەڕووبونەوەی تیرۆر مامەڵەیان لەتەک ئەکرێت . بەمەش زەیدی دەیەوێت پاڵپشتییەکی
سیاسی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بەرگێکی قانونی و شەرعی بدات بە هەر روبەڕووبونەوەیەک
لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی دژی کۆنترۆڵکردنی چەک ئەبن لە دەستی دەوڵەتدا. پرسی دەرکردنی
قانونیش بۆ ئەم پرۆسەیە کە پێشتر باس کرا، خزمەت بەم ئامانجە دەکات.
پرسی چەکی گروپە چەکدارەکان، جگە لە رەهەندە
ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکەی، رەهەندێکی ناوچەییشی بۆ زیاد بوە، بەتایبەت دوای ئەوەی
سعودیە و دەوڵەتانی تری کەنداو چەند جارێک، ئەم گروپانەیان تۆمەتبار کردوە بەوەی هێرشیان
کردۆتە سەریان. لەمڕوەوە رۆژی ١٩- ٨- ٢٠٢٦ پێگەی (ئەلمۆنیتەر) راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە
و ئاماژەی داوە کە سعودیە فشاری خستۆتە سەر سەرۆک وەزیران، عەلی زەیدی بۆ گرتنەبەری
هەنگاوی عەمەلی دژی ئەو گروپە عێراقییانەی کە تۆمەتباریان دەکات بەوەی لە پشتی زۆربەی
ئەو هێرشانەوەن کە لەسەرەتای جەنگەکانی ناوچەکەوە کراونەتە سەر ئەو وڵاتە. ئاماژە
بەوەش کراوە کە سعودیە داوای دەستگیرکردن و سزادانی بەرپرسانی ئەو هێرشانە دەکات کە
خاکی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر گەیشتن بە ئاستی سەرکردایەتی
ناو گروپەکان دەکاتەوە و تەنها بە دادگاییکردنی جێبەجێکارەکان رازی نابێت . ئەگەر
ئەندامێتی سعودیە لە رێککەوتننامەی مەککەش لە بەرچاو بگرین کە لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦ واژۆ
کرا، ئەوا ئەم گرژییە ئەمنی و سەربازییانەی ئەم گروپانە لە ئاستی دەوڵەتانی دراوسێی
عێراق دروستی ئەکەن، رەهەندێکی گەورەتر وەردەگرێت. چونکە بە پێی پرنسیپی "بەرگریی
بەکۆمەڵ" کە لەم رێککەوتننامەیەدا دەقنوس کراوە، ئەوا عێراق و گروپە چەکدارەکان،
خۆیان لە بەردەم دۆخێکی نوێدا ئەبیننەوە بەوەی هەر هێرشێک بۆسەر سعودیە لە روی تیۆرییەوە
هێرشە بۆ سەر دو دەوڵەتەکەی تری ئەندامی رێککەوتننامەی مەککە، کە ئەوانیش تورکیا و
پاکستانن . دوریش نییە یەکەم تاقیکردنەوەی هاوپەیمانییەکە بەرپەرچدانەوەی گروپە چەکدارەکانی
ناو عێراق بێت!.
٣. ئاڵنگاریی
سیاسی:
سەرباری هەمو ئەو ئاڵنگارییە ئابوری و تەناهییانەی
لە بەردەم حکومەتەکەی عەلی زەیدی هەن، کێشەیەکی تر بریتییە لە تەواو نەبونی کابینەکە،
بە شێوەیەک کە ئێستا لە کۆی ٢٣ وەزارەت، تەنها ١٤ وەزیر متمانەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران
وەرگرتوە و ٩ وەزارەت بە وەکالەت بەڕێوە ئەبرێن .
هۆکاری زۆر هەن بۆ تەواو نەبونی کابینەکە، لەوانە
هەر لە سەرەتاوە یەکلاکردنەوەی ناوی ٤ وەزیری لە کابینەکەی دواخست، کە ئەم وەزارەتانەن:
(بەرگری، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گەنجان و وەرزش، کۆچ و کۆچبەران). چاودێران
ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکلاکردنەوەی ناوی ئەو چوار وەزارەتە لە سەرەتاوە پەیوەندی
بە هەندێک هێزی وەک (سادیقون بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی)یەوە هەبو، بۆ ئەوەی دوای
کۆتاییهاتنی پرۆسەی تێکەڵبونی گروپی چەکداری (عەسائیبی ئەهلی حەق) بتوانن وەزارەت
وەربگرن و روبەڕوی ڤیتۆی ئەمریکی نەبنەوە.
لە لایەکی ترەوە بە هۆی ناکۆکیی نێوان کوتلە سیاسییەکانەوە،
لە رۆژی دەنگدان لەسەر کابینەکەی زەیدی، پێنج کاندیدی وەزارەتەکانی (پلاندانان،
ناوخۆ، خوێندنی باڵا، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیری)، لە لایەن ئەنجومەنی
نوێنەرانەوە متمانەیان پێ نەدرا.
ئەمەش حکومەتەکەی زەیدی خستۆتە بەردەم ئەگەری لەدەسدانی
نیسابی یاسایی دانیشتنەکانی، چونکە وەک د. بەهار مەحمود، ئەندامی پێشوتری ئەنجومەنی
نوێنەران و پسپۆڕی قانونی عام و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی (MASS)،
لە گفتوگۆکەدا ئاماژەی پێدا، ئەگەر زەیدی خۆی یان چەن وەزیرێکی کابینەکەی، بە هەر
هۆیەک بێ، دەست لەکار بکێشنەوە، حکومەت شەرعییەتی
نامێنێت.
بەپێی مادەی ١- دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی
وەزیرانی فیدراڵی، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٩، ئەم ئەنجومەنە پێکدێت لە سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و جێگرەکانی و وەزیرکان، دوای ئەوەی سوێندی دەستوری لە بەردەم ئەنجومەنی
نوێنەرانا ئەخۆن. هەروەها بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادی ٧ی پەیڕەوەکە دروستبونی نیسابی
دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبونی زۆرینەی رەهای ئەندامانیەتی و نیسابی دەنگدانیش
زۆرینەی سادەیە. بەڵام لە بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەنجومەن
بە پەسەندکردنی تیانوسێک ئەتوانێت وەزیرێک بکاتە جێگرەوەی هەر وەزیرێکی تری ئامادە
نەبو بەهەر هۆکارێک، بۆ پڕکردنەوەی نیسابی یاسایی دانیشتنەکان و تەنانەت بۆ دەنگدان
لە بری وەزیری ئامادە نەبو . هەرچەندە لێرەدا رون نییە کە وەزیری ئامادە نەبو کێیە،
بەڵام لەبەر ئەوەی لە مادەی ١ ئاماژە بەوە دراوە کە وەزیر کاتێک دەبێتە ئەندام لە
ئەنجومەنی وەزیران کە سوێندی خوارد، ئەوا وای دەبینین کە ئەو وەزیرانەی بە هەر هۆکارێک
متمانەیان وەرنەگرتوە و وەزارەتەکەیان چۆڵ (شاغر)ە، ئەوا ئەوانە هەر لە بنچینەوە سیفەتی
وەزیریان وەرنەگرتوە تا بە وەزیری ئامادە نەبو هەژمار بکرێن. هەر بۆیەش بە دەستکێشانەوە
یان متمانە وەرگرتنەوە لە ٢ یان ٣ وەزیری کابینەکەی زەیدی، سەرباری ئەوەی هیچ بەڵگەیەک
نییە کە حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران نیسابی یاسایی دانیشتنەکانی
نامێنێت و ناتوانێت ئەو دەسەڵاتانە پیادە بکات کە لە مادەی ٢ی پەیڕەوەکەدا هاتون.
لە ناو ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا بە چۆڵی ماونەتەوە
و بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن هەردو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ هەن کە ئەمە بۆ ئەم فۆناغە
پڕ لە ململانێیەی دەوروبەری عێراق، هەروەها دۆخی ناوخۆشی، جێگەی مەترسین. بەتایبەت
کە ئێستا سەرۆک وەزیران هەڵمەتێکی دەستپێکردوە بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی، بە هەمان
شێوە بەردەوام پێداگریی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی بەرەڵا دوپات دەکاتەوە، کە ئەمەش
ئەگەری روبەڕوبونەوە لەگەڵ هەندێک لەم گروپە چەکدارانە، بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
بۆ روبەرووبونەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی لەم رەوەوە،
سەرۆک وەزیران لە ٢٣ی تەموزی ئەمساڵا نوسینگەیەکی تایبەتی کردەوە بەناوی نوسینگەی
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کە ئەرکی بریتی دەبێت لە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی
وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، دەزگاکانی: (بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەواڵگریی نیشتیمانی،
ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق) و دەستەکانی: (حەشدی شەعبی، دەروازە سنورییەکان، پیشەسازیی
جەنگی). بەڕێوەبەری ئەم نوسینگەیەش فەریقی یەکەم عەبولئەمیر شەمەرییە .
یەکلانەکردنەوە و پڕنەکردنەوەی وەزارەتە چۆڵەکان،
دۆخی حکومەتی ئێستا بە مۆلەقی دەهێڵێتەوە و لاوازی دەکات لە بواری روبەڕووبونەوەی
مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و هەروەها لە بەرامبەر کاریگەریی ململانێ سیاسییە
ناوخۆیییەکان لەسەر داهاتوی حکومەت. هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی ئەو دۆخەش زۆرن،
لەوانە: کێشمەکێشی هێزە سیاسییەکان لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتانەی ماون؛ یەکلانەبونەوەی
دۆخی کوتلەی سادیقون، هەروەها نادڵنیایی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی تر لە داهاتویان،
بەتایبەت لەگەڵ کرانەوەی دۆسێکانی گەندەڵی و بە هەمان شێوەش نادیاریی داهاتوی پرۆسەی
چەککردنی گروپە چەکدارەکان یان رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی هێزە سەربازی و ئەمنییە
رەسمییەکان دا. هەر بۆیەش وا دەرئەکەوێت کە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەلەیان
نییە لە تەواوکردنی کابینەکە.
سەرباری هەمو ئەمانەش، یەکێکی تر لە ئەگەرەکان
دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانە لە پۆستەکەی. هەندێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان لە کۆتایی
مانگی تەموزی رابردودا ئاماژەیان بەوە کرد کە عەلی زەیدی لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی
چوارچێوەی هەماهەنگی دا، هەڕەشەی دەستکێشانەوەی کردوە بە هۆی پشتگیری نەکردنی هێزە
سیاسییەکان لە هەڵمەتی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و بە هەمان شێوە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی
چەک لە لایەن دەوڵەت و فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان . هەرچەندە دواتر ئەم هەواڵە
رەتکرایەوە ، بەڵام (-) ئەندامێکی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران لە
لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی راگەیاندن، رایگەیاند کە سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەی لەگەڵ
لیژنەکەیان پەشیمانی دەربڕیوە لە وەرگرتنی بەرپرسیاری دروستکردنی حکومەت. دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم کاتە هەستیارە
ئابوری، ئەمنی و سیاسییەی ئێستا، عێراق ئەخاتە ناو گێژاوی قەیرانێکی سیاسیی گەورە
کە دەرچون لێی ئاسان نابێت. ئەگەر حکومەتەکەی زەیدی پاش نزیکەی ٦ مانگ لە ئەنجامدانی
هەڵبژاردن، بە ناتەواوی لە ناوەڕاستی ئایاری ئەمساڵا لەدایک بو، ئەوا دروستکردنی
حکومەتێکی تر لەناو کارلێکی گۆڕاوە گەورەکانی ئێستای ناوچەکەدا کارێکی قورستر ئەبێت.
ئەنجامگیری:
دەرەنجامی گفتوگۆ و شیکارییەکانی ئەم پەڕاوە ئەوە
دەسەلمێنێ کە عێراق لە قۆناغی ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژویی یەکلاکەرەوەدایە.
ئەو دۆخە نەریتییە سیاسی و ئابورییەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە وڵاتەکەی بەڕێوە
بردوە:
1. پشتبەستنی رەها بە داهاتی نەوت؛
2. دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی؛
3. رێزنەگرتنی بەهێزەکان لە قانون و دەستور؛
4. بێدەنگبوون لە ئاست دیاردەی گەندەڵی؛
5. بێدەنگبوون لە ئاست پەرەسەندنی چەکی دەرەوەی دەوڵەت؛
6. بێدەنگبوون لە ئاست پەرەسەندنی نادادیی کۆمەڵایەتی؛
7. بە ئەنقەست و مەبەست گەورەکردنی دیاردەی بێکاریی دەمامکدار؛
تەواو گەیشتۆتە بنبەست و چیتر بەرگەی وەرچەرخانە خێراکانی ناوچەکە و
گوشارە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت.
سەرکەوتنی بەغدا لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە
راگوزەرە و دورخستنەوەی مەترسیی باهۆزی گۆڕانکارییەکان، بەندە بە توانای دەسەڵاتداران
لە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا. لەلایەک لە
رێگەی گرتنەبەری چاکسازیی ریشەیی لە پەیکەری ئابوری دا، لە لایەکی تریشەوە لە رێی
بەهێزکردنی دامەزراوە فەرمییەکان و رێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە دوای
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ریزگرتن لە قانون و دەستور.
هەڵبەت دەبێت لەوەش ئاگادار بین کە بەردەوامیی
ململانێکانی ناوچەکە، کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر دۆخی ناوخۆیی عێراق بەجێدەهێڵن. هەر
بۆیە کەمکردنەوەی کاریگەربون بە روداوەکانی دەرەوە، پێویستی بە هێنانەدی تۆکمەیی هەیە
لە رێگەی سنوردانان بۆ نادادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دابینکردنی ئارامیی کۆمەڵایەتی
و کۆمەڵەگەیی (السلم الإجتماعي والمجتمعي) لە ئاستی ناوخۆدا.
بەردەوامیی حکومەتی ئێستا بە ناتەواوی و هێشتنەوەی
فایلە ئەمنی و ئابورییە هەستیارەکان بە هەڵپەسێردراوی، دور نییە رێگە خۆشبکەن بۆ
ئەگەری داڕمانی نیسابی یاسایی و سیاسی، یان روبەڕووبونەوەی گێژاوی دەستلەکارکێشانەوە
کە دەرئەنجامەکەی خستنەوەی قەیرانێکی قوڵتر دەبێت.
لەم سۆنگەیەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە
و ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە کەرتە ئابورییەکاندا، چیتر بژاردەیەک یان مانۆڕێکی
سیاسی نین، بەڵکو پێویستییەکی ژیانین بۆ پاراستنی کیانی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاریی ریشەییدا. لە هەمان
کاتدا مامەڵەی ژیرانە لەگەڵ ئەم قەیرانانەی ئێستا دا رەنگە ببێتە هۆی هێنانەکایەی
دەرفەت بۆ کێشە بونیادییە ئابوری، سیاسی و ئەمنییەکانی ئێستای عێراق.
ناوی بەشداربوانی گفتوگۆی (عراق لە قۆناغی
راگوزەردا: ئاڵنگارییەکان، سیناریۆکان ودەرفەتەکان)
٢- ٨- ٢٠٢٦
1. د. یاسین تەها: مامۆستای زانکۆ - شارەزا لە کاروباری عێراق، بەڕێوەبەری
گفتوگۆ.
2. د. یوسف محەمەد سادق: سەرۆکی دامەزراوەی MASS.
3. م. ئەحمەد حاجی رەشید: ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
4. د. جەلیل عومەر: سەرۆکی بەشی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سلێمانی.
5. د. بێستون حسەین عارف: سەرۆکی بەشی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سلێمانی.
6. شوان داودی: ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
7. کاوە محەمەد: ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
8. محەمەد حسێن: توێژەر و شارەزاری ئابوری لە ناوەندی زیا جەعفەر بۆ وزەو سامانە سروشتیەکان.
9. د. ئاکۆ حەمەکەریم: راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
10. د کاردۆ کەریم: مامۆستا لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی.
11. رێزان شێخ دلێر: ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران.
12. د. بەهار مەحمود: ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی MASS،
ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
13. مەحمود رەزا ئەمین: ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی MASS،
ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
14. کاوان قەرەداخی: شارەزای ئابوری.
15. م. ئارام عەلی عەزیز: نوسەر و مێژونوس.
16. شاڵاو سوارە: شارەزای سیاسی.
17. هەڵمەت محەمەد شوکر: شارەزای سیاسی.
18. لەنیا بورهان محەمەد: دەرچوی زانستە سیاسییەکان.
19. عەلی عومەر: دەرچوی زانستە سیاسییەکان.