82 کوردستان

سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی چۆن دەستگیرکران؟.. لە شۆفێری پاسەوە بۆ زیندانی ئەمریکا

03:31 - 03/01/2026

زەمەن - شیكاری

دوای چەند مانگێک لە گرژیی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، دواجار ئەمڕۆ شەممە ئەمریکا هێرشی بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجام دا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی وڵاتەکە و خێزانەکەی دەستگیرکران.

ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” نووسیویەتی: “ویلایەتە یەکگرتووەکان بە سەرکەوتوویی گورزێکی بەرفراوانی لە ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادۆرۆی سەرکردەی وەشاند، کە ناوبراو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەستگیر کراون و لە ڕێگەی ئاسمانەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون”.

ترەمپ ئاشکرای کرد؛ پرۆسەی دەستگیرکردنی مادۆرۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکا ئەنجام دراوە.


دەستگیرکردنی مادۆرۆ لەلایەن”ئەو یەکەیەی بەغدادیی لەناوبرد” ئەنجام درا

تۆڕی هەواڵی “سی بی ئێس”ی ئەمەریکی ئاشکرایکرد، کە هێزەکانی “دێڵتا”ی سەر بە سوپای ئەمەریکا، سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەیان دەستگیر کردووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا بە “سی بی ئێس”یان ڕاگەیاندووە، کە مادۆرۆ “بەرەبەیانی شەممە لەسەر دەستی ئەندامانی هێزەکانی دێڵتا دەستگیر کراوە”.

هێزەکانی “دێڵتا” بە باڵاترین یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە سوپای ئەمەریکادا دادەنرێن.

ئەو هێزە بەرپرسیشە لەو ئۆپەراسیۆنەی کە بووە هۆی کوژرانی ئەبو بەکر بەغدادی، سەرکردەی پێشووی ڕێکخراوی “داعش” لە ساڵی ٢٠١٩ دا.

هاوکات خالید هیندی، ئەندامی پارتی دەسەڵاتداری ڤەنزوێلا جەختی کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی تووشی “سەرسوڕمان” بووە بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر کاراکاس و ناوچەکانی دیکە، ئاماژەشی بەوە دا کە ئامادەکارییان کردووە بۆ هێرشی زەمینی.

هیندی ڕۆژی شەممە بە “سکای نیوز عەرەبی”ی ڕاگەیاند، کە چەندین ناوچەی ستراتیژی ڕووبەڕووی بۆردومانی ئەمەریکی بوونەتەوە.

وتیشی: “پرۆژەی ئەمەریکا ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سامانەکانی ڤەنزوێلایە، ئامانجی ڕاستەقینەی ترەمپ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ڤەنزوێلایە”، ڕوونیشیکردەوە کە “واشنتن دەیەوێت سەرجەم وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بقۆزێتەوە”.

ئەو ئەندامەی پارتی دەسەڵاتداری ڤەنزوێلا پێیوابوو کە “خۆماڵیکردنی کۆمپانیا نیشتمانییەکان لە وڵاتەکەیدا ئەوەیە کە واشنتنی تووڕە کردووە”، هەروەها ئاشکرایکرد کە پەیوەندییە باشەکانی ڤەنزوێلا لەگەڵ چین و ڕووسیا و ئێران “بە دڵی واشنتن نین”.

ڕۆژی شەممە هێرشەکانی ئەمەریکا پێگە سەربازی و مەدەنییەکانیان لە ڤەنزوێلا کردە ئامانج، لە نێویاندا گەڕەکە نیشتەجێبووەکان و ژێرخانی ناوەڕاستی کاراکاس.

لای خۆیەوە نیکۆلاس مادۆرۆ بڕیاری کاراکردنی پلانەکانی بەرگریی نیشتمانی بۆ سەرجەم خاکەکانی ڤەنزوێلا دەرکرد، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی بە “دەستدرێژیی ئاشکرای ئەمەریکا کە سەروەریی نیشتمانی و سامانە ستراتیژییەکانی وڵات دەکاتە ئامانج” وەسفی کرد.

لەلایەکی دیکەوە ئیڤان خێڵ، وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکی حکومەتدا ڕایگەیاند، کە “مادۆرۆ بڕیاری ڕاگەیاندنی دۆخی لەناکاوی لە سەرانسەری وڵات دەرکردووە”، و هۆشداریدا لەوەی “هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ڕژێمی دەسەڵاتدار شکست دەهێنێت هەروەک چۆن هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێنا”.

سەرەتای ژیان و کاری سیاسی

نیکۆلاس مادورۆ مۆرۆس لە 23ی تشرینی دووەمی 1962 لە شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا لەدایکبووە.

مادورۆ لە خێزانێکی چینی مامناوەند گەورە بوو و لە تەمەنی گەنجیدا وەک شۆفێری پاس لە کۆمپانیای میترۆی کاراکاس دەستی بە کارکردن کرد. سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا هەر لەو کاتەوە خولیای سیاسی هەبوو و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سەندیکای کرێکارانی میترۆ، ئەمەش رێگەی بۆ خۆش کرد تاوەکو بێتە نێو جیهانی سیاسەتەوە.

ژیانی مادورۆ لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆوە بینی، کاتێک پەیوەندی بە هۆگۆ چاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا کرد.

مادورۆ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (بزووتنەوەی کۆماری پێنجەم) و رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە جۆشدانی جەماوەر بۆ پشتگیریکردنی چاڤێز، بەتایبەت دوای ئەوەی چاڤێز بەهۆی هەوڵێکی کودەتاوە لە ساڵی 1992 خرایە زیندانەوە. دڵسۆزیی بێپایانی مادورۆ وایکرد ببێتە یەکێک لە متمانەپێکراوترین کەسایەتییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی چاڤێز.

گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵات

دوای ئەوەی هۆگۆ چاڤێز لە ساڵی 1999 دەسەڵاتی گرتە دەست، مادورۆ چەندین پۆستی گرنگی پێ سپێردرا.

مادورۆ وەک سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ 7 ساڵ لە نێوان 2006 بۆ 2013 وەک وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا کاری کرد. لەو ماوەیەدا مادورۆ توانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا، چین، ئێران و کوبا بەهێز بکات.

لە تشرینی یەکەمی 2012دا چاڤێز، مادورۆی وەک جێگری سەرۆک دەستنیشان کرد. پێش مردنی چاڤێز بە نەخۆشیی شێرپەنجە، لە دوایین گوتاری تەلەڤزیۆنیدا داوای لە گەلی ڤەنزوێلا کرد کە ئەگەر شتێکی بەسەردا هات، دەنگ بە مادورۆ بدەن وەک جێگرەوەی. ئەم راسپاردەیە رێگەی بۆ مادورۆ خۆش کرد تاوەکو لە نیسانی 2013 لە هەڵبژاردنێکدا بە سەرۆککۆماری ڤەنزوێلا هەڵبژێردرێت.

سەردەمی قەیرانەکان و ململانێ لەگەڵ واشنتن

سەردەمی سەرۆکایەتیی مادورۆ شایەتی یەکێک لە قورسترین قەیرانە ئابوورییەکانی مێژووی هاوچەرخ بووە. بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، گەندەڵیی کارگێڕی و گەمارۆکانی ئەمریکا، ڤەنزوێلا تووشی هەڵاوسانێکی خەیاڵی بوو. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 7 ملیۆن هاووڵاتی ڤەنزوێلی کۆچ بکەن و وڵاتەکەیان جێبهێڵن.

ململانێی مادورۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی 2019دا گەیشتە لووتکە، کاتێک واشنتن و دەیان وڵاتی دیکە خوان گوایدۆیان وەک سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین ناسی. بەڵام مادورۆ بە پاڵپشتیی سوپا و گوروپە چەکدارەکانی ناوخۆ توانی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ساڵی 2020دا مادورۆی بە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و تیرۆریزم تۆمەتبار کرد و بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت بۆ دەستگیرکردنی دیاری کرد.
ساڵی 2025 و ئۆپۆراسیۆنی "رمی باشوور"

دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، گوشارەکان بۆ سەر حکومەتەکەی مادورۆ چەند بەرامبەر زیادیان کرد.

ئەمریکا ئۆپۆراسیۆنی "رمی باشوور"ی بە جێگیرکردنی 15,000 سەرباز لە دەریای کاریبی دەستپێکرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپۆراسیۆنە تووندکردنی گەمارۆی سەر ڤەنزوێلا بوون.

لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025دا، فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین هێرشیان کردە سەر ئەو بەلەمانەی کە گوایە مادە هۆشبەرەکانیان دەگواستەوە.

مادورۆ هەمیشە ئەم هەوڵانەی بە "جەنگی ئیمپریالیزم" دژی گەلەکەی ناودەبرد و جەختی دەکردەوە کە ئەمریکا تەنیا چاوی لە یەدەگی نەوتی وڵاتەکەیەتی. بەڵام دۆخی ناوخۆیی و لاوازبوونی پشتیوانیی سوپا، مادورۆی خستە ناو تەنگژەیەکی بێوێنەوە.

 

هێزی دێلتای ئەمریکا چییە؟

رۆژی شەممە، 3-1-2026، جارێکی دیکە ناوی یەکەی "هێزی دێلتا"ـی ئەمریکا بووەوە بە سەردێڕی هەواڵە جیهانییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆککۆماری ڤەنزوێلا لەنێو جەرگەی کاراکاس دەستگیربکات. 

هێزی دێلتا (Delta Force)، کە بە فەرمی بە (1st Special Forces Operational Detachment-Delta) دەناسرێت، یەکێکە لە یەکە هەرە بژاردە، نهێنی و مەشقپێکراوەکانی هێزە تایبەتەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
1-ئەركە سەرەکییەکان:


ئەم هێزە بۆ راپەڕاندنی مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین ئەرکەکان دروستکراوە، لەوانە:
·دژە تیرۆر: رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لە جیهاندا.
·رزگارکردنی بارمتە: ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە بارودۆخی زۆر سەختدا دەستبەسەرکراون.
·ئۆپەراسیۆنی ڕاستەوخۆ: هێرشی کتوپڕ و خێرا بۆ سەر ئامانجە گرنگەکان.
·سیخوڕی و گەڕان: کۆکردنەوەی زانیاری لە پشت هێڵەکانی دوژمنەوە.

2. مێژووی دامەزراندن:
هێزی دێلتا لە ساڵی 1977 لەلایەن عەقید چارڵز بێکویس دامەزرا، بێکویس پێشتر لەگەڵ هێزی (SAS)ی بەریتانی کاریکردبوو و سەرسام بوو بە شێوازی کارکردنیان، بۆیە ویستی هێزێکی هاوشێوە لە ئەمریکا دروست بکات کە تایبەت بێت بە دژە تیرۆر.

3. نهێنی بوون:
حکومەتی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) بۆ ماوەیەکی زۆر بوونی ئەم هێزەیان بە فەرمی پشتڕاست نەدەکردەوە، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بە نهێنی دەمێننەوە و تەنانەت ناوی ئەندامەکانیشیان ئاشکرا ناکرێت.

4. پرۆسەی هەڵبژاردن:
وەرگرتن لە هێزی دێلتا یەکێکە لە سەخترین تاقیکردنەوە سەربازییەکان لە جیهاندا. کاندیدەکان دەبێت ئەزموونی زۆریان لە سوپادا هەبێت و تاقیکردنەوەی دەروونی و جەستەیی زۆر توند تێپەڕێنن کە هەندێک جار چەندین هەفتە دەخایەنێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەبێ خەو و خواردنی پێویست.

4. پەیوەندی بە یەکەکانی ترەوە:
هێزی دێلتا بەشێکە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان (JSOC). زۆر جار بە “هاوتا”ی هێزی (SEAL Team Six)ی هێزی دەریایی دادەنرێت، بەڵام دێلتا سەر بە هێزی وشکانییە.
نموونەی ئۆپەراسیۆنە ناسراوەکانیان:
·بەشدارییان کرد لە هەوڵی رزگارکردنی بارمتە ئەمریکییەکان لە ئێران (1980) کە بە “ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ” دەناسرێت (بەڵام سەرکەوتوو نەبوو).
·  رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە دەستگیرکردنی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003.
·  ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش لە سووریا (2019).
بە کورتی، هێزی دێلتا “نوخبەی نوخبەکان”ە لە سوپای ئەمریکا و تەنیا بۆ ئەو ئەرکانە بەکاردێن کە هێزە ئاساییەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن

شکستی ئێران و وەرچەرخانی مێژوویی

یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەی هێزەکە لە ساڵی 1980 بوو، کاتێک ئۆپۆراسیۆنی "چنگی هەڵۆ" بۆ رزگارکردنی بارمتە ئەمریکییەکان لە تاران ئەنجامدرا. بەڵام ئەم ئۆپۆراسیۆنە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و کەشوهەواوە لە بیابانەکانی ئێران تووشی شکستێکی گەورە بوو، کە تێیدا 8 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا.

ئەم شکستە بووە هۆی ئەوەی پێنتاگۆن پێداچوونەوە بە هەموو سیستمی ئۆپۆراسیۆنە تایبەتەکاندا بکات و فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپۆراسیۆنە تایبەتەکان (JSOC) دابمەزرێنێت، کە هێزی دەلتا بووە پایەی سەرەکیی ئەو فەرماندەییە.

دەستگیرکردنی سەرۆکەکان؛ لە نۆریێگاوە بۆ سەدام حوسێن

لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، هێزی دێلتا شارەزایی خۆی لە دەستگیرکردنی سەرکردە سیاسییەکان نیشاندا. لە ساڵی 1989 و لە کاتی کۆنترۆڵکردنی پاناما، ئەم هێزە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە گەمارۆدان و دەستگیرکردنی مانوێل نۆریێگا، دیکتاتۆری ئەو وڵاتە.

ئەوە یەکەمین پێشینەی مێژوویی بوو کە تێیدا هێزی دەلتا توانی سەرۆکی وڵاتێک دەستگیر بکات و رەوانەی ئەمریکای بکات بۆ دادگاییکردن، کە رێک هاوشێوەی ئەو ئەرکەیە کە ئەمڕۆ بەرامبەر مادورۆ ئەنجامی دا.

هاوكات، یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی ئەم یەکەیە لە ساڵی 2003دا بوو. دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، تیمەکانی هێزی دەلتا بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) بۆ ماوەی چەندین مانگ بەدوای سەدام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراقدا گەڕان.

لە 13ی کانوونی یەکەمی 2003، لە ئۆپۆراسیۆنی "بەرەبەیانی سوور"، سەربازانی هێزی دەلتا توانییان سەدام حوسێن لەنێو چاڵێک دەستگیر بکەن، کە ئەمە وەک سەرکەوتنێکی بێوێنە بۆ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا تۆمار کرا.

جەنگی دژی تیرۆر و کوشتنی بەغدادی

لە دوو دەیەی رابردوودا، هێزی دێلتا زۆربەی ئەرکەکانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفغانستان ئەنجام داوە.

لە ساڵی 2019دا، ئەم هێزە ئۆپۆراسیۆنێکی ئاسمانیی ئاڵۆزی لە پارێزگای ئیدلبی سووریا ئەنجامدا کە ئامانجەکەی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی رێکخراوی داعش بوو. لەو ئۆپۆراسیۆنەدا، هێزی دەلتا توانی بگاتە ناو حەشارگەکەی بەغدادی، کە دواتر خەلیفەکەی داعش خۆی تەقاندەوە. 

ئەم کارە جارێکی دیکە سەلماندی کە هێزی دێلتا توانای گەیشتنی بە زۆر شوێنی جیهان هەیە.

ئۆپۆراسیۆنی کاراکاس 2026؛ کۆتایی مادورۆ

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامادەکاری بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ چەندین مانگی خایاندووە.

لە ساڵی 2025دا ئەمریکا پڕۆسەی "رمی باشوور"ی دەستپێکرد و تیمەکانی هێزی دەلتا لە کەشتییە جەنگییەکاندا لە دەریای کاریبی جێگیر کران. 

لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 3-1-2026، دوای ئەوەی 7 تەقینەوەی گەورە پایتەختی ڤەنزوێلای هەژاند و سیستمی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە پەککەوت، تیمەکانی هێزی دەلتا بە فڕۆکەی هێلیکۆپتەری بێدەنگ (Stealth) چوونە نێو کاراکاس.

لە بەشێکی راپۆرتە مەیدانییەکاندا هاتووە کە ئۆپۆراسیۆنەکە کەمتر لە 30 خولەکی خایاندووە. سەربازانی هێزی دەلتا توانیویانە بە خێراییەکی ئێجگار بەرز پاسەوانەکانی مادورۆ بێدەنگ بکەن و سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کۆشکەکەی دەستگیر بکەن.




 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن