چه‌ند سه‌رنجێك ده‌رباره‌ی فێرخوازه یه‌كه‌مه‌كان
7/20/2024 1:26:00 PM
هەردی مێد
یه‌كه‌م، زۆرێك له فێرخوازه یه‌كه‌مه‌كان دانیشتووی ئه‌و ناوچانه‌ن كه ئه‌مساڵ زیاد له چه‌ند مانگێك له خوێندن بێ به‌شبوون. ئه‌م فێرخوازانه به بێ به‌رده‌وامێتی پرۆسه‌ی خوێندن و خوێند‌نگا توانیان یه‌كه‌م بن، واته له غیابی خوێند‌نگا توانیان ئه‌دایه‌كی سه‌ركه‌توو نیشان بده‌ن. یه‌كه‌م گریمانه كه له لام دروست بووه ئه‌مه‌یه : له‌وانه‌یه خوێند‌نگا ئامراز و شوێنی مسۆگه‌ركردنی نمره‌ی به‌رز نه‌بێت ؟ به مانایه‌كی دی، فێرخواز ده‌توانێت له ده‌ره‌وه‌ی خوێند‌نگا ئه‌دایه‌كی به‌رچاو و به‌رزی هه‌بێت. گه‌ر دروستێتی ئه‌م گریمانه‌یه ساغبێته‌وه، ئه‌وا حه‌قه پرسیاری جددی له سه‌ر ئه‌ركی خوێند‌نگا دروست بێت.
دووه‌م، له ئه‌وروپا سۆسیۆلۆژیا چینایه‌تی و سۆسیۆلۆژیای په‌روه‌رده به پشت به‌ستن به سه‌ده‌یه‌ك له لێكۆڵینه‌وه و داتای بابه‌تی و زانستی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه زۆرینه‌ی زۆری ئه‌و فێرخوازانه‌ی نمره‌ی به‌رز ده‌هێنن، پاشان له زانكۆ و ناوه‌نده هه‌ر به‌رچاو و شوره‌تداره‌كان ده‌خوێنن، بۆهاتووی ئه‌و خێزانه‌ن كه زه‌نگینن، به تایبه‌تیش ئه‌و ناوه‌نده خێزانیانه‌ی سه‌رمایه‌یه‌كی كولتوری به‌رزیان هه‌یه. چه‌ند سه‌رمایه‌ی كولتوری، واته چه‌ند بڕوانامه و زانیاری گشتی، باوك و دایكی منداڵه‌كه به‌رز بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌نده شانسی منداڵه‌كه له به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رز و خوێندن له خوێند‌نگا شوره‌تداره‌كان زیاتر ده‌بێت. له ئه‌وروپا، كه‌مترین منداڵی ناوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه هه‌ژاره‌كان ده‌ستیان به خوێند‌نگا و ناوه‌نده به‌ناوبانگه‌كان ده‌گات. ئایا ئه‌م تێزه سۆسیۆلۆژیه به سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌بێت : ئایا ئه‌و خوێندكارانه‌ی یه‌كه‌من له ناوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه زه‌نگین به سه‌رمایه‌ی كولتوریه‌كان-ه‌وه هاتوون ؟ ئایا دایك و بابی ئه‌م منداڵانه چ كاره‌ن و ئاستی كولتوری و ڕۆشنبیریان چه‌نده ؟
سێیه‌م، گه‌ر خێزان و مه‌ڵبه‌ندی خێزانی ئه‌م خوێندكارانه هه‌ژارن له ڕووی ماددی و كولوتورییه‌وه، چۆن له سه‌ركه‌وتن و ئه‌م ئه‌دایه له هێنانی نمره‌ی به‌رز بگه‌ین ؟
بێگومان، ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی و پشت به‌ستوو به مێتۆدۆلۆژیه‌كی تۆكمه ده‌توانێت وڵامی ئه‌م پرسیارانه بداته‌وه و به‌رچاوڕوونیمان بۆ بكات.