ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێگەیشتن له ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستان
4/30/2019 8:44:00 PM
هەردی مێد
زۆرجار پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت كه ئایا ئۆپۆزسیۆن له كوردستان دروست ده‌بێت؟ به ڕای من له‌جیاتی ئه‌م پرسیاره، زۆر گرنگتر‌و به بایه‌ختره بپرسین: گه‌لۆ ئۆپۆزسیۆن له كوردستان ده‌توانێت مان و به‌رده‌وامی مسۆگه‌ر بكات؟ ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانمان له‌به‌رده‌مدایه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن. بینیمان ئۆپۆزسیۆن ده‌توانیت دروست بێت.
به مانایه‌كی دی هێزێك ده‌توانیت ببێته ئۆپۆزسیۆن. به‌ڵام، هیچێك له‌م هێزانه به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانشه‌وه نه‌یتوانیووه مان و به‌رده‌وامێتی خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مه‌یسه‌ر بكه‌ن. هه‌ر بۆیه من جه‌خت له گره‌وی مان و به‌رده‌وامێتی، نه‌ك له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌م. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، به رای من له هه‌رێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆن ده‌توانیت سه‌رهه‌ڵبدات، به‌ڵام ناتوانێت گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی وه‌ك هێزێكی به‌رهه‌ڵستكار له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵادات بكات، به لایه‌نی كه‌مه‌وه له به‌ر كۆمه‌ڵێ هۆكار كه له‌لای خواره‌وه هه‌وڵده‌ده‌م به كورتی له‌سه‌ریان بوه‌ستم. پاشان باسی ئه‌و چه‌رمه‌سه‌ریانه ده‌كه‌م كه دووچاری ئۆپۆزسیۆن ده‌بنه‌وه له‌و كاته‌ی ناچار ده‌بێت بچێته ناو حكومه‌ته‌وه.
له راستیدا یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی هه‌لومه‌رجی مانه‌وه‌و به‌رده‌وامێتی هه‌ر هێزێكی ئۆپۆزسیۆن له كوردستان سه‌خت و د‌ژوار ده‌كه‌ن، بونی ئه‌و شته‌یه كه ده‌شێت لێره ناوی بنێن "بونیادێكی پاوه‌نكه‌ر (Monopolistic configuration)". بونیادێك تێدا كۆی سه‌رچاوه‌و سه‌رمایه گرنگه‌كانی وه‌ك ئابوری، سه‌ربازی، ده‌ستگایی، تد له‌لایه‌ن هێزێك یان دوو هێزه‌وه قۆرخ ده‌كرێت. له هه‌رێمی كوردستاندا پارتی و یه‌كێتی هه‌ردووكیان كۆی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕێگه‌كانی گه‌شتن به سه‌رمایه جۆربه‌جۆره‌كانیان پاوه‌نكردووه. سه‌رمایه‌ی سه‌ربازی (هێز، چه‌ك، تد)، سه‌رمایه‌ی ئابوری (بودجه، داهاتی گومرگ، داهاتی ناوخۆ، تد)، سه‌رمایه‌ی ئیداری (ته‌عین، پله، راژه، به‌رزبوونه‌وه)، سه‌رمایه‌ی كولتوری (بڕوانامه، خوێندنی باڵا، تد) له‌ژێر ڕكێف و ئیداره‌دانی هه‌ر جوت حزبدان.
له دۆخێكی وادا هیچ هێزێكی به‌رهه‌ڵستكار ناتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خۆی بكات، چونكه هه‌ر پارتێكی سیاسی بگریت مه‌حكومه به هاوكاریكردنی ماددی كادیره ته‌رخانكراوه‌كانی، واته ئه‌وانه‌ی به به‌رده‌وامی كاری حزبی ده‌كه‌ن و چالاكی بیرۆكراسی حزب له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن.
پاشان هه‌موو حزبێك مه‌حكومه به به‌خشیشكردنی ئیلتیزام و خه‌باتی هه‌ڵسوڕاوانی ئاسایی. له هیچ شوێنێك نه‌بووه هه‌ڵسوڕاوێك له چه‌شنی (خریزنه) ئاسا به سكی برسی و خۆنه‌ویستیه‌وه خه‌بات بكات.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، له زانسته سیاسیه‌كان مشتومڕێكی دوورودرێژ سه‌باره‌ت به به‌خشیشكردنی خه‌بات و ئیلتیزامی هه‌ڵسوراو (Activist engagement) هه‌یه. بۆ كه‌سێكی وه‌ك ئۆڵسن هه‌موو خه‌باتگێرێك به دوای قازانج و به‌ده‌سهێنانی ده‌ستمایه‌یه‌كی ماددیه‌وه‌یه. بۆ ئۆڵسن تاك بونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانیه‌و به‌بێ بردنه‌وه‌و به ده‌ستنه‌هێنانی ده‌ستمایه‌یه‌ك خۆی بۆ هیچ كار‌و چالاكیه‌ك ته‌رخان ناكات.
بێگومان، ئه‌م دیده ئابوریانه‌ی ئۆڵسن مشتومڕو ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه به‌تایبه‌تی له فه‌ره‌نسا. پرۆفیسۆری زانسته سیاسیه‌كان دانیه‌ل گاكسی ره‌خنه له‌م دیده‌ی ئۆڵسن ده‌گرێت و پێیوایه هه‌ڵسوراو ته‌نها به دوای قازانجی ماددیه‌وه نییه كاتێك ده‌یه‌وێت له ڕێكخراو یان حزبێكدا خه‌بات بكات.
جگه له به‌خشیشه ماددیه‌كان، به‌خشیشی ره‌مزیش هه‌ن و له بنه‌ڕه‌تدا گرنگ و جه‌وهه‌رین بۆ به‌گڕخستن و بزواندنی هه‌ڵسوڕاون. بۆ نمونه خزمه‌تكردنی دۆزێك هه‌ستكردن به ئاسوده‌یی له لای كه‌سه‌كه دروست ده‌كات، ئعتیباری كه‌سی به‌هێزتر ده‌كات. بوون و ئاماده‌یی له نێو كۆمه‌ڵێ هه‌ڵسوڕای تردا له ته‌نهایی و په‌راوێزبوون ده‌یپارێزێت و تۆڕێك په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگی بۆ دروست ده‌كات. له راستیدا، هه‌ردوو ئه‌م جۆره له به‌خشیشكردنی ئیلتیزامی هه‌ڵسوڕاوان گرنگه. به مانایه‌كی دی، هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێك ده‌بێت هه‌م هه‌ست به له‌زه‌ت و بایه‌خ بكات له كاتی ڕییایكردنی كار و چالاكیه حزبیه‌كانی و ده‌ستخۆشی لێبكرێت و هانبدرێت، هه‌مش به‌خشیشی ماددی بكرێت.
وه‌لێ، به‌خشیشی ماددی هه‌ڵسوراوان له دۆخێكی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان پێداویستیه‌كی حه‌تمیه و گره‌وێكی هه‌ره سه‌ره‌كی به‌رده‌م هه‌ر هێزێكی به‌رهه‌ڵستكاره، به لایه‌نی كه‌مه‌وه به هۆی بوون و ئاماده‌یی ئه‌و شته‌ی ده‌توانین ناوی لێبنێن سیسته‌می "كڕیارگه‌رایی پێشبڕگێكه‌ر (Competitive Clientelism)". سیسته‌مێك تێدا هێزه ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان پێشبڕكێ له كڕین و ڕاكێشانی (كڕیار) ده‌كه‌ن. له دۆخێكی واشدا، ڕاكێشانی هه‌ڵسوڕاو، كادیر و ئه‌ندامی حزبه‌كانی دی به‌رامبه‌ر به به‌خششی ماددی ده‌بێته گره‌وی پێشبڕكێكه. به مانایه‌كی دی له دۆخی كڕیارگه‌رایی پێشبڕكێكه‌ردا هیچ هێزێكی به‌رهه‌ڵستكار به بێ سه‌رچاوه‌ی پێویست كه زه‌مینه‌سازی به‌خشیشكردنی ئیلتیزامی هه‌ڵسوڕاو كادیره‌كانی بۆ بسازێنێت، نا‌توانیت به‌رده‌وامی خۆی مه‌یسه‌ر بكات.
بۆیه گریمانه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كه بونیادێكی پاوه‌نكه‌ر و سیسته‌مێكی كڕیارگه‌رایی پێشبڕكێكه‌ر، مان و به‌رده‌وامێتی ئۆپۆزسیۆن به هه‌میشه‌یی ده‌خه‌نه ژێر پرسیار و مه‌ترسیه‌وه و له هه‌موو كات و ساتێكشدا بژارده‌ی چونه نێوده‌سه‌ڵاتی به سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. واته له دۆخێكی وادا، چونه ناو حكومه‌ته‌وه خۆی نه‌ك هه‌ر وه‌ك مه‌رجێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رمایه و سه‌رچاوه (پۆست، موچه، تد) بۆ هه‌ڵسوڕاو و كادیرانی حزب ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵكو وه‌ك مه‌رجی مانه‌وه و به‌رده‌وامێتی حزبه‌كه‌ش.
وه‌لێ، چونه نێو ده‌سه‌ڵاتش بۆ هه‌ندێ هێزی به‌رهه‌ڵستكار سه‌خته، چونكه له بیرمان نه‌چێت هه‌موو هێزێكی به‌رهه‌ڵستكار ئه‌و رۆڵانه‌ی ده‌بێت بیانگێڕێت، له راستیدا پێش دروستبوونی بۆی داتاشراوه. له هه‌موو شوێنێك خه‌ڵك چاوه‌ڕوانه ئۆپۆزسیۆن ببێته به‌رهه‌ڵستكار و به گژی هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات بچێته‌وه.
خاوه‌ن مۆڕاڵ، دید، ئێتۆس و دونیابینیه‌كی دی بیت. خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ئۆپۆزسیۆن ماددی نه‌بێت، هه‌ڵسوڕاوه‌كانی خۆنه‌ویست بن، نزیك بن له گه‌ل، خاكی و رووخۆش بن. به مانایه‌كی دی ئۆپۆزسیۆن پێش ئه‌وه‌ی دروستبێت، یه‌ك دونیا ستریۆتیپ (خه‌سڵه‌ت) و رۆڵی بۆ داتاشراوه و ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵیاندا بگونجێنێت. له كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌م ستریۆتیپانه ته‌نها ئایدیالی و ره‌مزین و هه‌ندێكیان ته‌نها وه‌ك یۆتۆپیا ده‌توانن هه‌بن، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی كردار‌و واقعدا ئه‌سته‌من. بۆیه كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ر هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دواجار ئاشتكردنه‌وه‌و گونجاندنی كردار‌و ئه‌م وێنا‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ن كه بۆ ئه‌و هه‌ن.
ڕه‌چاوكردنی ئه‌م لایه‌نه بۆ هێزێكی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان شتێكی جه‌وهه‌ریه. چونكه گۆڕان چه‌ند به‌رهه‌می له‌یه‌كترازانی نێو یه‌كێتی بوو، ئه‌وه‌نده‌ش به‌رهه‌می ئه‌و شه‌پۆله تۆڕه‌یی و بزووتنه‌وه سه‌ركۆنه‌كرانه‌بوو كه له‌دوای ساڵانی ٢٠٠٣ه‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا دروست ده‌بن. زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی بوونه هه‌ڵسوڕاو و خه‌باتكاری بزووتنه‌وه‌كه چاوه‌ڕوانی هێزێكی به‌رهه‌ڵستكارو یاخیان له گۆڕان ده‌كرد. یان دروستر خه‌ڵك هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی باسمان كردن كه له ئۆپۆزسیۆنێكدا هه‌بێت ده‌یانویست له گۆڕاندا هه‌بێت. وه‌لێ، به به‌شداریكردن له حكومه‌ت، چیدیتر هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت له ئاستی ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه بێت كه خه‌ڵك بۆیان هه‌بووه. بۆیه هه‌ر به‌شداریه‌ك له حكومه‌تدا له زه‌ین و دیدی لایه‌نگرو هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، جۆرێكه له خیانه‌ت و ده‌رچوون له‌و ڕۆڵانه‌ی بۆی دیاریكراوه، پاشان پشتكردنه له‌و خه‌سڵه‌ت و ئایدیانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بیانپارێزێت.
به مانایه‌كی دی، به‌شداریكردن له حكومه‌ت ده‌بێته مایه‌ی دروستكردنی جۆرێك له ناگونجان و هاودژی له‌نێوان كردار‌و ئایدیا، له كاتێكدا گونجاندنی ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده به‌یه‌كه‌وه مه‌رجێكی سه‌ره‌كی تری به‌رده‌وامی هه‌ر حزبێكن، ئیتر چ ئۆپۆزسۆن بێت، یان له ده‌سه‌ڵاتدا بێت.