گۆڕان و دوو ئیدارەیی
2/23/2019 12:23:00 PM
هەردی مێد
هاوڕێم دكتۆر سەردار عەزیز بابەتێكی جوانی سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان وەك لەمپەر لە بەردەم شەڕی ناوخۆ نوسیوە، دروستتر لە بەردەم هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ.
من جگە لەوەی هاوڕاییم، پێمخۆشبوو ئەوەش بە بیر زۆر كەس بێنمەوە كە من پێموایە هیچ هێزێك بە ئەندازەی بزووتنەوەی گۆڕان كاری بۆ كۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی نەكردووە.
بە پێچەوانەی ئەو بۆچونە باوەی جەختی لەوە دەكردەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان هێزێكی لۆكاڵیە و دەیەوێت سلێمانی بكات بە كانتۆن، گۆڕان هەوڵی یەكخستنەوەی هەرێمی دەدا.
باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی وەزیران بوو بە مەبەستی ئەوەی چیدیتر جێگری سەرۆكی حكومەت وەك سەرۆكی حكومەت لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە ڕانەسپێردرێت، بەڵكو سەرۆكی حكومەت خودی خۆی جێگرێك بۆ خۆی دەستنیشان بكات.
لە راستیدا تا ٢٠١٣ یاسای ئەنجومەنی وەزیران بە جۆرێك لە جۆرەكان دانپێدانانێكبوو بە دوو ئیدارەییدا، چونكە گەر جێگری سەرۆكی حكومەت وەك سەرۆكی حكومەت راسپێردرێت، ئەمە بە ناراستەوخۆیی مانای ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەت دوو سەرۆكی هەیە.
جا خۆ هەر واشبوو، جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ زۆنێك و سەرۆكش بۆ زۆنەكەی دیبوو.
بەڵام، هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە و ڕێگرتن لەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت راسپێردرێت لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە كردەیەكی رەمزی زێدە سەنگین بوو بۆ یەكخستنەوەی مەملەكەت.
بڕواناكەم زۆرێك لە ئێمە ئەم راستیەیان لە یاد مابێت.
هەر بەدەر لەمەش، من لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانم زۆرجار تێبینی ئەوەم كردوە و دەكەم كە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان گەورەترین كاریگەری هەتا لە سەر رەفتار و گوتاری سیاسیەكان، حزبایەتی حزبەكانی دی، چونەڕێوەی دەستگاكان، تد هەبووە.