740وتار

کارى لە پێشینە، وەرگرتنەوەى قەرز لە سەرمایەداران، نەک قەرز و پێشینەکانى هاوڵاتیان

4/7/2019 7:59:00 PM
دابان محەمەد

حکومەتى هەرێم تەنیا یەک موچەى بێ پاشەکەوتى داوە بە موچەخۆران، بەڵام وەزارەتى دارایی، لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا، فشار و بڕیارەکانى بۆسەر هاوڵاتیان زیاد کردوە، بەوەى قەرزەکان و پێشینەکان بگێڕنەوە، (( بەو شێوازەى پێش قەیرانى دارایى نا)) بەڵکو بە میکانیزمێکى نوێ، کەتەنیا توندکردن و گوشینى ناوقەدى موچەخۆران و هاوڵاتیانى هەژار و کەمدەرامەتە.
لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردودا، حکومەت نە خۆى بە ڕێک و پێکى موچەى پێدراوە، نە هاوڵاتیانیش توانیویانە قەرزەکانى پێشینەى هاوسەرگیرى و خانوبەرە و نیشتەجێبون و قەرزى بچوکى پرۆژەکان  و ...... هتد، بدەنەوە، کارى لە پێشینەى ئەم حکومەت و وەزارەتە دەبو وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانە بێت کە لاى  سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانە، نەک موچەخۆران و خەڵکى هەژار (( موچەخۆرێک ئەوەندە یان چەندین ئەوەندەى ئەو قەرزانەى لاى حکومەتە، بێ کارێکى قەرزاریش هێشتا کارى دەست نەکەوتوە و کاسبکارێکیش هێشتا بازڕى لە چەند مانگى ڕابردو باشتر نیە)).

کارى لە پێشینە ئەبێت وەرگرتنەوەى قەرزى سەرمایەداران بێت.
قەرزى حکومەت لاى سەرمایەداران و وەبەرهێنەران، سەرو نیو ترلیۆن دینارە، تەنیا لە پارێزگاى سلێمانى، حکومەتى هەرێم نزیکەى 247 ترلیۆن دینارى لا چەند سەرمایە دارێکە، چارەکى ئەو مەبلەغەش لاى کەسانێکن، ئێستا بە حساب نوێنەرەکانیان دا داکۆکى لە هاوڵاتیان دەکەن!!!! ئەو سارەمایەدارانەى قەرزارى حکومەتن، لە کاتى خۆیدا، پارەکانیان بە مۆڵى و بە سودێکى ڕەمزى، بە پشتیوانى بەرپرسێک و دوانى حزبى و حکومى وەرگرتوە، چەند جارێک، لە چەند بڕیار و ڕێنماییەکدا حکومەت و وەزارەتى دارایى داواى قەرزەکانى لێکردونەتەوە، کات و وادەکەش تەواو بوە، بێ ئەوەى کەسیان دینارێک بەو بڕیارانە بپێوێت، بە پێچەوانەوە چاوپۆشى و نەرمى نواندن بۆ وەرگرتنەوەیان هەیە، هێشتا کارى چەند کەسێکى حزبى و حکومى بەو خەڵکانە تەواو نەبوە!
پێویستە بڕیارەکە ڕابگیرێت.

ئەم کابینەى حکومەت و وەزارەتى دارایی کە کار بە ڕێکەرن و لە ژێر چاودێریدا نین، پێویست ناکات بە بڕیارەکەیاندا لەو بارەیەوە بچنەوە، بەڵکو پێویستە دەست بەجێ بڕیارەکە ڕاگرن، تا کابینەى نوێى حکومەت و وەزارەتى دارایى نوێ، ڕێوشوێنى گونجاو بۆ وەرگرتنەوەى ئەو قەرز و پێشینانە دەدۆزێتەوە، بە جۆرێک بۆ فەرمانبەران لە پارەى پاشەکەوتکراویان هەژمار بکرێت و بۆ کاسبکار و خەڵکى کەمدەرامەتیش، لانى کەم شێوازى پێش قەیرانى دارایى پەیڕەو بکرێت، قەرزى سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانیش ئێستا نەبێت لە کابینەى نوێدا چاودێرێکى ورد دەبین بۆ وەرگرتنەوەیان، تا دادگایى کردن و دەستبەسەرداگرتنى ڕەهن و حەپس کردنیان.
تێبینى:
وەک فراکسیۆنى گۆڕان لە 2 ى 4 ى 2019 لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتى حکومەت، بەدەر لەمە پرسى موچەى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان، دامەزراندنى مامۆستایانى گرێبەست و وانەبێژ و خوێندکارە یەکەمەکان، فەرمانبەرانى گرێبەستى فەرمانگەکان و خۆبەخشانى تەندروسى، کارى لە پێشینەى کابینەى حکومەتى کار بەڕێکەر و حکومەتى نوێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن