405وتار

تا كه‌ى بۆ موچه‌، فه‌رمانبه‌ر چاوى له‌ ده‌ستى به‌غداد بێت ؟

3/2/2020 9:41:00 PM
دابان محەمەد


تا ئێستا ئیراده‌ى چاكسازى و هه‌نگاوه‌كان به‌ ئاراسته‌ى چاكسازى و چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان لاوازه‌. قسه‌ى زۆر و كردارى كه‌م، به‌ڵێنى زۆر و هه‌نگاوى بچوك، گه‌نده‌ڵى و دزى گه‌وره‌ بێ لێپرسینه‌وه‌، ئه‌م كابینه‌یه‌ سه‌رناخات، به‌ بێ چاكسازى ڕیشه‌ى له‌ بوارى داهات و خه‌رجى له‌م كابینه‌یه‌ش، چاوه‌ڕوانى فه‌رمانبه‌ران بۆ موچه‌ و دواكه‌تن و نه‌هاتنى پاره‌ش له‌ به‌غداوه‌ ئه‌گه‌رێكى كراوه‌یه‌، له‌ هه‌ر سه‌رى مانگێكدا....

پرسى نه‌وت...

پرۆسه‌ى نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێم، له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ و كۆنترۆڵى حكومه‌تدا نه‌ماوه‌، حكومه‌ت زیاتر كار بۆ كۆمپانیاكان ده‌كات و چاوه‌ڕوانى ئه‌وانن مانگانه‌ شتێك پاره‌ى بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، له‌ كۆى 780 ملیار دینارى مانگانه‌ له‌و به‌شه‌ى فرۆشتنى نه‌وت كه‌زانراوه‌!!! 420 ملیۆن دۆلار بۆ خه‌رجى كۆمپانیاكان و كرێى بۆرى و دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌ كه‌ پێشوه‌خت ده‌ڕوات! 360 ملیۆن دۆلار ده‌درێته‌ حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ كوێى دنیا ئه‌گه‌ر كارگه‌یه‌كى ئاویش بێت، خه‌رجیه‌كانى زیاتره‌ له‌و داهاته‌ى ده‌ستى ده‌كه‌وێت !!! ئه‌وه‌ كه‌رتى غاز با بوه‌ستێت، كه‌ داناغاز ده‌ست و قاچى هه‌رێمى توشى شه‌له‌ل كردوه‌ مه‌گه‌ر له‌ كێشه‌یه‌كى وه‌ك كێڵگه‌ى كۆرمۆر، حكومه‌ت و خه‌ڵك هه‌ست بكه‌ن ئه‌م هه‌رێمه‌ خاوه‌نى غازى سروشتیه‌...

پرسى داهات و خه‌رجى ...

گه‌نده‌ڵى و به‌ هه‌ده‌ردان دزیكردن ته‌نیا له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان نیه‌، داهاتى وه‌زاره‌ته‌كان و باج و ڕسوماتى كۆمپانیا گه‌وره‌ نه‌وتیه‌كان تا ده‌گاته‌ كۆمپانیاى ناوخۆیى و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى له‌ هاوڵاتیه‌كى ئاسایى وه‌رده‌گیرێت، ناكرێت ئه‌و باجه‌ كه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانه‌ كه‌ زیاتر له‌ سه‌رانه‌ ده‌چێت ! بسه‌پێنرێت، به‌ڵام چاوپۆشى له‌ 100 ملیار دینارى ڕسومانى چه‌ند كۆمپانیایه‌كى نه‌وتى بكرێت !!! به‌ عه‌قڵى چ كه‌سێك ده‌چێت، هه‌مو داهاتى ناوخۆى ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ته‌نه‌كه‌ى خۆڵى  ماڵانه‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گیرێت تا ده‌گاته‌ پاره‌ى هه‌وا، 240 ملیار دینار بێت، به‌ڵام خه‌رجى چه‌ند وه‌زاره‌تێك به‌ بێ موچه‌ش 200 ملیار دیناربێت !!!

به‌شێك له‌ داهات و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ...

داهاتى ناوخۆى هه‌رێم، به‌و گه‌نده‌ڵى و پاشاگه‌ردانیه‌ى ئێستاوه‌، زیاتر له‌ 240 ملیار دیناره‌، خۆ ئه‌گه‌ر چاكسازى تێدا بكرێت و لێخۆشبونى كۆمپانیاكان و چاوپۆشى له‌ كۆمپانیا حزبیه‌كانى خۆیان نه‌كرێت، 300 ملیار دینار به‌ره‌وژور ده‌بێت.  كۆى داهاتى نه‌وت و غاز، كه‌ زیاتر له‌ 780 ملیار دیناره‌(( ئه‌وه‌ى تا ئێستا دیاره‌))! ته‌نها 360 ملیارى ده‌درێت به‌ وه‌زیرى دارایى، ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى سندوقى داهاته‌ نه‌وتیه‌كاندا شه‌فاف بكرێت و پێداچونه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان تا به‌ بازارخستندا بكرێت، سنورێك بۆ به‌هه‌ده‌ردان و پشكپیشكێنه‌ى كۆمپانیا خزمه‌تگوزارییه‌كان و سكیوریتى كیڵگه‌كان دابنرێت، سه‌دان ملیار دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ش به‌سن بۆ ئه‌وه‌ى فه‌مانبه‌ران 30 ڕۆژ جارێك موچه‌ وه‌ربرگرن و چاوه‌ڕێى ده‌ستى به‌غداد نه‌كه‌ن...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن