437وتار

گەندەڵى لە پرسى ناموس قورسترە؟

9/29/2019 10:34:00 PM
دابان محەمەد



نەریتێکى ناشرین خەریکە ڕێگە لە کارى دامەزراوەکان دەگرێت، ڕێگە لە بەگژدا چونەوەى گەندەڵى و سزادانى ئەو کەسانەى لەگەندەڵى گلاون. کار وا بڕوات چاکسازیش بێ سەرئێشە نابێت.

لە سەرەتاى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان پێشنیازى  ئەوەمان کرد، لانى کەم ناوى ئەو کەسانە بڵاو بکرێتەوە، لە دۆسییەکانى گەندەڵیەوە گلاون و سزا دراون، یان ئامادەى لێکۆڵینەوە نابن یاخود هەڵهاتوون، بە داخەوە بە بیانوى جۆراوجۆر ، کۆدەنگى لەسەر نەبوو، بەتایبەتى لاى بەڕێزانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە بە بیانووى لایەنى کۆمەڵایەتى و هەندێک جاریش قسەى لاوازیان کردە ڕێگر. ئەم قسانە بە ئامادەبوونى  سەرۆکى دەستەى دەستپاکى و لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى کوردستان کرا (( ڕۆژانە دەیان هەواڵ لەسەر کوشتن و خۆکوشتن لەسەر ناموس بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام بڵاوکردنەوەى هەواڵى دەستگیرکردن و سزادانى کەسێک لەسەر دزى و گەندەڵى باش نەبێت و لێکەوتى کۆمەڵایەتى خراپى هەبێت؟!))

پرسى ئیجرائاتى گەندەڵى، بە شەخسى دەکرێت، هەندێک جار دەبەسرێتەوە بە گروپ و تەکەتول یان بە حزبى دەکرێت.  تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەى دەست بۆ هەندێک پرس دەبرێن، بە زۆن دەکرێت، واتە ئاشکراکردنى گەندەڵیەک دەبەسترێتەوە بەوەى بۆ لێدانە لە کەسێک یان لێدانە و لاوازکردنى گروپ و تەکەتولێکى دیاریکراوە، یاخود بنەماڵە و گروپى کۆمپانیایەکى دیاریکراو، یانیش بۆ لێدان لە زۆنى زەرد یان سەوز ، کۆى پرۆسەى بەگژداچونەوەى گەندەڵى بە دوژمنکارانە و بۆ لاواز کردنى ئەویتر تەماشا دەکرێت.

لە ماوەى ڕابردوودا چەند بەرپرسێک لە هەولێر و سلێمانى لەسەر پرسى گەندەڵى دەستگیرکران. لەوانە (ڕەشید تاهیر) بریکارى وەزیرى دارایى پێشوتر، لەسەر چەند کەیسێکى جیاواز چەند کەسێکى تر لە سنورى هەولێر بە نهێنى گیراون،  هەروەها (عومەر محەمەد ) سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان لە گەرمیان  و (حسێن ئەحمەد) بەڕێوەبەرى گومرگى پەروێزخان گیراون، ئەم پرسانە بە بێ بایەخى و بە بێ گرنگى پێدانى ڕایگشتى و میدیاى تێپەڕى، لە کاتێکدا زۆربەى میدیاکان خۆیان بە ڕاوکەرى دۆسییەکانى گەندەڵى دەزانن (( کەسێک بە تاوانى دزینى ملیۆنان دۆلار بخرێتە زیندانەوە، بە کافەلەتى پێنج ملیۆن دینار ئازاد بکرێت))؟!!!

ئەو دۆخەى پەرلەمانى کوردستانى تێدایە بە هیچ کەسێک ناشاردرێتەوە، بەتایبەت ئەرکى چاودێریکردنى (( لە ئێستادا پەرلەمان لە کۆتایى ئامادەکردنى ڕاپۆرتى لیژنەیەکدایە، لەسەر گەندەڵیەکانى خۆى))، دەستەى نەزاهە شوێنى ڕاوکردنى چەند کەیسێکى گەندەڵى بچوک و سەفەقاتە لەسەر کەیسە گەورەکانى گەندەڵى (( بە هەزاران دۆسییە لە دەستەکەدان، سەدان دۆسییە ون کراون)) دیوانى چاودێرى دارایى شوێنى ئەرشیفکردنى دۆسییەکانە و داواکارى گشتیش دەست  و دەم بەستراوە لە ئاستى گەندەڵیدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن