سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق نوێنەری عێراقییەکان نیین
5/28/2021 10:24:00 AM
بەهرۆز جەعفەر*
دۆخی عێراق زۆر لەوە خراپترە بوترێت (١٣٢) ملیار دۆلار قەرزارەو ئاوی عێراق (٥٣٪ ) کەمی کردووەو، (٦.٥) شەش ملیۆن و نیو بێوەژن و ملیۆنەها منداڵی بێ باوک هەیەو... تادوایی.
بە پێی دەستور ئەگەر بەشداری هاولاتیان لەدەنگداندا زیاتر بێت لە (٢٥٪) هەڵبژاردنەکە دەستوری و قبوڵکراوە!. لە کاتێکدا بەشداری ڕاستەقینەی خەڵک لە عێراقدا (٢٣٪) بوە لە ساڵی (٢٠١٨) ەدا، لە هەندێ ناوچەی عێراق (١١٪) هاوڵاتیان دەنگیان داوە، لە کەرخ کە بەشێکی گەورەو گرنگی بەغدای پایتەختە (١٣٪) هاوڵاتییان دەنگیان دا. لەکاتێکدا هێزە عێراقییەکان و کۆمسیۆن کۆی بەشداری گشتییان بە (٣٢٪) داناوە!؟.
سەرباری ئەمەش، هیچ کام لە سەرۆک و سەرۆکایەتییە عێراقییەکان بەرئەنجامی ئەو پرۆسەی دەنگدانەش نەهاتونەتە پێشەوە. بەڵکو پاڵپشتی دەرەکی و تەوافوقی ژێر بەژێر و بێ ڕێزی کردن بە دیموکراسیی ئەوانی هێناوەتە پێشەوە.!. هیچ کەسێک لە عێراقدا دەنگی بە هیچ کام لەو سێ سەرۆک و سەرۆکایەتییە نەداوە. بە پێچەوانەوە سێ سەرۆکایەتییەکە هەریەکەیان بەجیاو پێکەوەش خەریکی ڕاوکردنن لە ئاوی لێڵ دا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەوانیش بەشێکن لەو خراپەی گشتییەی لە عێراقی دوای سەددامەوە بەرانبەر بە عێراقییەکان ئەکرێت.
ئەمەی لە عێراقدا ڕووئەدات لە زانستی سیاسیی دا ناوی شکستی ڕۆڵی دەوڵەتە (State Deformation ) ە، پێویستی بە دروستکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەتە (State Reformation) ە. ئێ بەڵام لە عێراقدا میلیشیاکان بەئاشکرا ڕۆڵیان لە دەوڵەت زیاترە. بڕیار لە عێراقدا بەدەست سەرۆکایەتییەکان نییە تا کاتی هەڵبژاردن دیاری بکەن، چونکە خودی سەرۆکایەتییەکان بەدەستی دەرەکی دانراون و هێنراونەتە پێشەوە...
لە کورتی دا، ئەمە ناکۆکییە لە نێوان دەوڵەت و نا- دەوڵەت دا. ئەوانەی لە دەوڵەتدان نوێنەری خەڵک نیین و خۆیان بەشێکن لەو دۆخە دژوار و بێ ئومێدکەرەی لە عێراقی دوای سەددام دا هاتۆتە دی.
بە ڕەهایی، فاکتەری ئێران لە ناوچەکەدا گرنگە. بە بەراورد بە میلیشیاکان هیج کام لە سەرۆکایەتییە عێراقییەکان پاڵپشتی ئێرانیان نییە.
به بڕواى من ڕۆڵى هه‌ره خراپى ئێران له لاوازكردنى ڕۆڵى ده‌وڵه‌ت دا به‌رجه‌سته ئه‌بێت له ناوچه‌كه‌دا، بۆ نمونه: لهسەروبەندی بەهاری عەرەبییەوە، لە یه‌مه‌ن ده‌وڵه‌تێكى له ناو ده‌وڵه‌تێكدا دروست كردوە، ئەوەش له ڕێگه‌ى میلیشیاكانه‌وه كه هیچ ئه‌رزشێكیان بۆ سیسته‌مه‌كه دا نه ناوەو نانەن. له عێراق و سوریاش به‌هه‌مان شێواز. لە لوبنانیش وایە، لە ئەفگانستان هەر بەهەمان شێوە. ئێران هەرگییز پاڵپشتی کاراکتەری دەوڵەت و فاکتەرە فەرمییەکان ناکات، بە پێچەوانەوە بەردەوام مامەڵەو سەروخوانی لەگەڵ گروپ و تاخم و میلیشیاکان و فیگەرە نا-فەرمییەکاندا هەیە. ئەم بابه‌ته‌ش له ڕووى تیۆرییه‌وه ڕۆحى ئه‌مریكا ئه‌كوژێ كه له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا ڕێبازى سیاسه‌تى ئه‌مریكى سه‌ر به تیۆرى ریاڵیزم (Realism Theory)ه، كه جه‌وهه‌رى فیكرهكهى لاى (هانس مۆرگینتاو-Hahs Morgenthau) باوكى دامه‌زرێنه‌رى قوتابخانه‌كه بریتى یه له سهنتهركردنى ڕۆڵى ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌موو كاركردنێك له پێناو (هێز) دا بۆ ده‌وڵه‌ت و هه‌موو شتێك له‌پێناو سیاسه‌تى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی دا، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌بێت كاراكتهرى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بێت. لاى ئه‌مانه "فه‌وزا" له سیسته‌مى جیهانى دا زۆر باشه، چونكه شتێكى سروشتیه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌تێك ململانێ ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هێزى خۆى به ده‌ست بهێنێت، له ئه‌نجامدا " سه‌قامگیریی" جیهانى بۆ هه‌موان دێته دى، چونكه هه‌موان هێزیان هه‌یه. ئێ به‌ڵام ئێران بە تایبەتی و (لەسەردەمی قاسمى سوله‌یمانى دا بەتایبەت) رۆڵى ده‌وڵه‌تى له عێراق و سوریا‌و لوبناندا سفركردۆتەوە، ده‌وڵه‌ت نهى ئهتوانى و ناتوانێت له‌م ناوچانه ململانێ بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانى هێزى سیاسى و سه‌ربازى و ئابوریى و دیبلۆماتى و مرۆیی خۆى، بۆیه چوارچێوه‌ى یاریگاكه له ناوچه‌كه‌دا له ڕووخان نزیكبوەتەوه.
لە دەرئەنجام دا، ئەبێت لە دوای جەنگێکی خوێناوی وکارەساتێکئ مرۆیی دیکە لە باشور و ناوەڕاستی عێراق، وڵاتەکە دابەش بکرێت بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی. وە یان واقعێکی سیاسیی نوێ بێتە ئاراوە، ئەگینا ئەم دۆخە ئاوەها بەردەوام نابێت، چونکە کاراکتەرەکانی ناو دەوڵەت (سێ سەرۆکایەتییەکە) خۆیان ئایکۆنی نا-ئومێدکردنی خەڵکن بۆ گۆڕانکاریی لە سەرانسەری عێراقدا و هەروەها بە ڕێگەی نا-دروست گەیشتونەتە پێگە (دەستورییەکان!).