غازی سروشتی كوردستان و پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست
2/4/2020 2:31:00 PM
بەهرۆز جەعفەر*
وزەو جیۆپۆڵەتیك، پەیوەندییەكی دانەبڕاویان لەگەڵ یەكتر هەیە، سەدەی بیستەم گەواهیدەری ئەوەیە، ئەو هێزانەی لە دەرئەنجامی ناكۆكی و شەڕەكاندا، دەستیان گەیشتووە بە سەرچاوەو هێڵەكانی نەوت و غازی سروشتی، ئەوانە تام و بۆنی سەركەوتنیان چەشتووە، ئەگەر كاریگەری غازی سروشتی و نەوت بەسەر ناوچەیەك یان جوگرافیای سیاسیەوە ناوبنێین “جیۆپۆڵەتیكی وزە”، ئەوا “پیترۆپۆڵەتیك - Petro politic” یش وەك چەمكێكی تازەی ناو پەیوەندییە ئابوورییەكان، بریتییە لە كاریگەریی پیترۆڵ بەسەر خودی سیاسەتەوە، پیترۆڵ لە دەیان شوێن هۆكاری هاوپەیمانێتی ناوچەییە، لە دەیان شوێنیش مایەی جەنگ و هەڕەشەی گەورەیە. بۆیە ئەم نووسینە دەیەوێ وەڵامی دوو پرسیاری سەرەكی بداتەوە، ئایا هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت لەیەك كاتدا ئیش لەسەر جیۆپۆڵەتیكی وزە “قوڵایی ستراتیژی و هەڵكەوتەی جوگرافی خۆی” و بازاڕی ئابووریی بكات؟. ئایا غازی سروشتی و نەوتەكەی هەرێمی كوردستان لە دوای پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (ئیست مێد -East Med) بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟.
بەرەبەیانی گۆڕانێكی گەورە لە دەریای ناوەڕاست
ململانێكە لەدەریای ناوەڕاست تا بڵێی سەرنجڕاكێشە، لانی كەم ئەمجارەیان كێبڕكێی دۆزینەوەو دەرهێنانی غازی سروشتی و پێكهاتە كیمیاوییەكانی تر لە ژێر دەریاوە دەستی پێكردوە، ناوچەكەش (دەریای سپی ناوەڕاست بە گشتی و رۆژهەڵاتی دەریای سپی بەتایبەت) لە رووی جیۆ -ستراتیجیەوە دڵی جیهانە، مەبەست لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی قوبرس و لوبنان و ئیسرائیل و سوریایە هەروەها بەشێك لە سنورە ئاوییەكانی توركیا. ئەم ناوچانە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن بە باشوری ئەوروپاوە، لە ڕووی ئەمنیەوە تا بڵێی بۆ ئەوروپا مەترسیدارە، هیچ نەبێت لەبەر ئەو ملیۆنەها كۆچبەرەی ساڵانە لەم ئاوانەوە ئەپەڕنەوە بەرەو ئەوروپا. بۆیە پرسە گەرمەكان لەدوای جەنگی ساردەوە لەم ناوچەیەن. ساڵی (1995) گەڵاڵەنامەی بەرشەلۆنە-Barcelona Declaration لەنێوان وڵاتانی ئەوروپاو دەوڵەتانی ئەكەونە سەر دەریای ناوەڕاست ڕاگەیەندرا بۆ پرسی هاریكاریی هاوبەش و ئاسایشی هاوبەش، ساڵی (2008) پێكەوەبوونەكە توندوتۆڵكرا لە چوارچێوەی دروستكردنی (یەكێتی بۆ دەریای سپی ناوەڕاست-Union For the Mediterranean) وەكو ڕێكخراوێكی حكومی نێودەوڵەتی كە لە (43) دەوڵەت پێكدێ (28 دەوڵەتی ئەوروپی و 15 وڵاتی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كە دەكەونە سەر دەریای ناوەڕاست). كاتێكیش بەهاری عەرەبی لە تونس و میسرو دواتریش ئاشوب لە جەزائیرو سوریا سەریهەڵدا، دەركەوت ئەم یەكێتیە بۆ ئەوروپا بووە نەك بۆ گەلانی ناوچەكە، بەوەی خۆرئاوا بەگشتی پاشەكشەی كرد لەو بەرپرسیارێتی و هاریكارییە مرۆییانەی دەبوو بەجێیان بگەیەنێت.
ڕۆژی 2ی جانیوەری 2020 ئەستێڵی مێژوو ڕێككەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، هەریەكە لە قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (ئیست مێد=East-Med) یان ڕاگەیاند. تیایدا بە درێژایی 1900 كیلۆمەتر بۆڕی بەژێر ئاودا غازی كەنارە ئاوییەكانی ئیسرائیل و قوبرس دەگوازرێتەوە بۆ دوورگەی “كریت -Crete”ی یۆنان لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیاو ناوچەكانی تری باشوری ئەوروپا. هێڵەكە لەتوانایدایە ساڵانە 10 بۆ 12 ملیار مەتر/3 غازی سروشتی بگوازێتەوە. ئەمەش لەكاتێكدایە غازی سروشتی بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ كارگەو كارخانە پیشەسازییەكانی جیهان و، سەرچاوەی سەرەكی جووڵەو مەكینەو هەروەها خۆگەرمكردنەوەشە، بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی جیهانی لە ساڵی (2019)ەدا تێكڕای پێویستی جیهان بۆ غاز هەتا ساڵی (2024) بە بڕی (1.6%) زیاد دەكات.
زۆربەی چاودێرانی بواری ئاسایشی وزەو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان لایانوایە، ئیسرائیل لەم گەمە جیۆپۆڵەتیكی و ئابوورییەدا براوەی یەكەم و توركیاش هیچ شتێكی ئەوتۆی دەست ناكەوێت؟. لەساڵی (1958)ەوە هەتا (2009) لە كەنارە ئاوییەكانی دەریای ناوەڕاست، لە قووڵایی دەریا، لە دەوروبەری حەیفا، بەدوای نەوت و غازی سروشتیدا ئەگەڕێن، لە (1958) لە بیابانی زیفە (2) ملیار مەتر غازی سروشتیان دۆزییەوە لە كێڵگەی “زوهر”، ئەمە هیچی وا نەبوو، ساڵی (1999-2000) دوای وچانێكی زۆر لە هەردوو كێڵگەی (نوعاو میری) لە دەریای ناوەڕاست لە بەرانبەر عەسقەلان بڕی (45) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتیان دۆزییەوە. ساڵی (2009) بە بەكارهێنانی پێشكەوتوترین تەكنۆلۆژیاو تەكنیك ئیسرائیل توانی لە كێڵگەی (تیمار و تیمار دروم) لە باكوری خۆرئاوای حەیفا (307) ملیار مەترسێجا غازی دیكەی بدۆزێتەوە بە قووڵی (1750) مەتر لەژێر ئاودا. كۆتایی ساڵی (2010) كەناوچەكە سەرقاڵی لێكەوتەكانی هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی بون، ئیسرائیل گەورەترین كێڵگەی لەمێژووی خۆیدا دۆزییەوە بەناوی (لیڤاسان-Leviathan) كە یەدەگی غاز تیایدا (622) ملیار مەتر/3. بەمجۆرە كۆی یەدەگی غازی ئیسرائیلی بەدیاریكراوی لەنێوان (1,071 بۆ 2.2) تریلیۆن مەتر/3 دایە.
ناوەندەكانی ئیسرائیل تەنها لەوەدا ناكۆكن ئاخۆ ڕۆژی یەكەمی هەناردەكردنی غازی وڵاتەكەیان لە پرۆژەی ئیست – مێد ناوبنێن “ڕۆژی جەژن” یان “ دێڵە مێژووییەكە”. جارێ پێش هەموو شتێ بە مێژووی خۆیان ئەم وڵاتە پێویستیان بە ئاو و نەوت و غاز بوە، لەنەوەتەكاندا ئاویان لە توركیا ئەكری، ئەو پێداویستیەیان كۆتایی پێهێنا. لە دوای ڕێككەوتنامەی ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل (1979) ەوە لە ڕێگەی هێڵی عەریش- عەسقەلان ەوە ئیسرائیل غاز لە میسرەوە هاوردەئەكات، كەچی لە 16ی دیسەمبەری 2019 ەوە ئەمە پێچەوانە بۆتەوە!. ئیسرائیل غاز بەهەمان هێڵ دا بە میسر ئەفرۆشێت!. بەپێی پەیمانگەی ئۆكسفۆرد بۆ ئینێرجی و هەروەها پەیمانگەی دیراساتی وود ماكینزی غازی میسر تەنها بەشی 3 بۆ 5 ساڵی دیكەی ماوەتەوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیە نێوخۆییەكانیان. هەروەها بەپێی سەنتەری بیگن-ساداتی ئیسرائیلی بوونی ئەو یەدەگە لە غازو نزیكەی (4.8 - 7) ملیار بەرمیل نەوت لە چڕیی غازەكە بەتایبەت لە كێڵگەی لێڤاسان، وا لە ئیسرائیل دەكات ساڵانە لە نێوان (16 بۆ 22) ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریی لەسەر بكات لە پرۆژەی ئیست - مێد دا. ئەمە جگەلەوەی ئیسرائیل بۆ (50) ساڵ پرۆژەی تۆڕباین و كارەبای خۆی لەسەر ئەم یەدەگە مسۆگەر كردووەو ژمارەی دانیشتوانەكەشی بەو ڕادەیە زۆر نیە كە پێداویستی نێوخۆیی بۆ وزە زۆر بێت.
لەوبەرەوە، قوبرس دوورگەیەكی سەرنجڕاكێشە، ڕووبەرەكەی 9250 كم چوارگۆشەیە، تەنها 60كم لە كەنارە ئاوییەكانی توركیاوە دوورە، 100كم یش لە كەنارەكانی سوریاوە، دووری نێوان كێڵگەی لێڤاسانی ئیسرائیلی و ئەفرودێتی قوبرسی تەنها 33كم ی ئاوییە. لەساڵی 2011ەدا كۆمپانیای نۆبڵ ئینێرجی توانی كێڵگەی ئەفرۆدێت - Aphrodite بدۆزێتەوە كە یەدەگی سروشتی تیایدا 3.6 بۆ 6 تریلیۆن پێ سێجا (129 ملیار م3) یە، كۆماری قوبرس تا ماوەی (18) ساڵ تەنها لەم كێڵگەیە ساڵانە سەروو (9) ملیار دۆلاری دەست دەكەوێت. جگە لەوەی كۆمپانیای ئینی ENI ئیتاڵی بە قوڵایی (4200) مەتر لەناو ئاودا لە بلۆكی ژمارە (6)دا كێڵگەی “كالیپسۆ-Calypso”ی لەساڵی (2018)ەدا دۆزییەوە، ئەمیش 5 بۆ 8 تریلیۆن پێ/3 و، هەروەها كێڵگەیەكی گەورەی تر بەناوی (گلاوكۆس-1-Glaucus) لە لایەن قەتەر پیترۆلیۆم و ئیكسۆن مۆبیلەوە لە شوباتی 2019ەدا دۆزرایەوە. ئەمەش چانسێكی مێژوویی دەداتە قوبرس (قوبرسی یۆنانی كە دەوڵەتەو ئەندامە لە یەكێتی ئەوروپا) كە ببێتە یاریكەرێكی نێوچەیی. ئەم پێشكەوتنانەی قوبرسی یۆنانی بەتەواوەتی توركیای خستۆتە جموجوڵ و كاردانەوە:
توركیا: تینووی وزەیەو گڕ بە پرۆژە ستراتیژیەكانی ناوچەكەدا دەكات
ئەو وزەیەی توركیا پێویستی پێیەتی لەناوخۆدا تەنها (4/1) واتە (25%) ی لەناوەوە بەرهەم دەهێنێت لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەك وزەی با، سۆلار، بڕێكی كەم لە نەوت و غازی سروشتیەوە، بۆیە توركیا ناچارە (75)ی وزەی پێویست لە دەرەوە هاوردە بكات، توركیا ساڵانە بە نزیكەیی پێویستی بە (50) ملیار/ مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، بەمەش دوای چین و ئەڵمانیا توركیا بە سێهەم وڵاتی هاوردەكاری غازی سروشتی دادەنرێت، ڕووسیا سەرچاوەی یەكەمی غازی سروشتییە بۆ توركیا كە(58%)ی پێداویستیەكانی غازی سروشتی بۆ پڕ دەكاتەوە، دوای ئەویش توركیا (19%)ی غازی سروشتی خۆی لە ئێران، پاشان (9%) لە جەزائیرو (3%)ی لە نەیجیریاوە هاوردە دەكات. جگە لەوەی بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران توركیا پابەند بوە بەوەی نەوت و غاز لە ئێرانەوە هاوردە نەكات. لە ماوەی (2009 بۆ 2019) توركیا ساڵانە بایی (46 بۆ 60) ملیار دۆلار تەنها غازی سروشتی كڕیوە. كەواتە توركیا پێویستی بە وزەیە بۆیە هەڵپە دەكات لەناوچەكەدا.
لەلایەكی ترەوە كێشەی قوبرسی توركی بۆ توركیا بوەتە مۆتەكە، قوبرسە توركیەكە تا دێت بە نەناسراوی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەمێنێتەوە، توركیاش وەك داگیركاری ئەو پارچەیە دەناسێنرێت لەلایەن قوبرسی یۆنانی و یۆنانەوە. ئەو غازە سروشتیەی لە قوبرسی یۆنانی بەرهەم دەهێنرێت داهاتەكەی پشكی قوبرسە توركیەكەی تێدانیە، ئەوەش بەهۆی بوونی دەسەڵاتی (100%)ی سەربازیی و سیاسی و ئیداری توركیا لە قوبرسە توركیەكەدا. ئەگەرچی لەسەرەتادا ئیسرائیل لە 2016 بیریان لەوەكردەوە كە بە خاكی توركیادا غازی سروشتی هەناردەی ئەوروپا بكەن، بەڵام دواتر بینیان ئەردۆغان بەردەوام پێشێلكاریی یاسا ئاوییەكان دەكات و كەشتی بۆ هەڵكەندن دەنێرێتە قوبرسە توركیەكە (هیچیشیان نەدۆزییەوە)، بۆیە پرۆژەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی لە نێوان قوبرس- یۆنان – ئیسرائیل هەروەها میسریش چووە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئەم وڵاتانە هەموویان ناحەزی پلە یەكی توركیان. لە ئەنجامی ئەمانەدا توركیاش هەستا بە ڕێككەوتن لەگەڵ لیبیا (كە ئەكەوێتە ئەوبەری یۆنانەوەو سنوریی ئاویی پێكەوەییان هەیە) تەگەرە بۆ پرۆژەی غازی سروشتی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان دروست بكات. بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی توركیا لەگەڵ حكومەتی دانپیانراوی لیبیا كردویەتی مافیان هەیە گەڕان و پشكنین لە سنورە ئاوییەكانی یۆناندا بكەن بەتایبەتی لە دەوری دورگەی “كریت”..!. ئەمەش ڕاستەوخۆ توڕەبونی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاو ئیسرائیل و قوبرس و یۆنانی لێكەوتەوە. ئەم بێنەوبەرانەی توركیا وای كردووە كە لەساڵی (2019)ەدا گەشەی ئابووریی دابەزی بۆ (سفر). وادیارە توركیا واز لە دەستوەردان لە وڵاتانی دەوروبەری خۆی ناهێنێت لە (2020)دا، چونكە نزیكەی (6000) هەزار سەربازیی لە گروپە چەكدارەكانی سوریا گواستۆتەوە بۆ لیبیا بۆ هەر چەكدارێكیش (2000$)ی مانگانە خەرجی دابین كراوە.
زۆرجار ئەو پرسیارەم بە مێشكدا هاتووە، جارێكیش هاوشێوەی تەنزێك ڕووبەڕووی هاورێیانی ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێز پرۆفیسۆر ویساڵ “سەرۆكی ناوەندەكەو ڕاوێژكاری ئەردۆغان”م كردۆتەوە، ئاخۆ بۆچی غازو نەوت لە میسر، ئیسرائیل، قوبرس، سوریا، عێراق، ئازەربایجان، ڕووسیا و تەواوی دەوروبەری توركیا هەیە، بەڵام لەناو خاكی توركیادا نییە؟!. ئەمە ئیشی خودایە؟ یان چی!؟. ئەوان بە كاردانەوە وەڵامیان نواند، وتیان ئێمە غازو نەوتمان هەیە، ئەوەتا موسڵ، ئەوەتا كەركوك، غازو نەوتی ئەو ناوچانە هی توركیایە.
دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە): كلیلی سەربەخۆیی سیاسیی كوردستانی عێراق و سوریایە
هەرێمی كوردستانی عێراق، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (2003) ەوە، لەلایەكەوە بازاڕێكی تازەی وزەیەو كۆمپانیا فرەڕەگەزە نێودەوڵەتیەكان (Multi National Company) بە لێشاو ڕووی تێدەكەن، لەلایەكی تریشەوە، بەپێی دەستور (عێراق) دەوڵەتێكی فیدراڵییەو بەرپرسیارێتی پەرەپێدانی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەپێی ماددەكانی (111 و 112 و 115 و 121)ی دەستوری عێراق كەوتۆتە دەستی ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێم، لەژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (22ی ساڵی 2007)ی پەرلەمانی كوردستان كە لەهەمان ساڵدا كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە تێڕوانینی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (ئاژانسی وزەی جیهانیش پشتڕاستی كردۆتەوە) یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بە (200) تریلیۆن پێ سێجا (3.5 بۆ 6 تریلیۆن مەتر/3) دایە كە دابەشكراوە بۆ (57) بلۆكی جۆراوجۆر، ئەمە لەكاتێكدا كۆی یەدەگی غازی سروشتی هەموو جیهان (186 تریلیۆن م3)یە، واتە هەرێم (3%)ی قەبارەی غازی سروشتی هەموو جیهان پێكدێنێت. لەكاتێكدا هەموو ئەو غازەی لە ئیسرائیل و قوبرس و میسر هەیە ئەكاتە (122 تریلیۆن پێ سێجا) واتە (1.2%)ی غازی سروشتی هەموو جیهان. كەواتە یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان پترە لەو غازە سروشتیەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست هەیە.
هەرێم ئەم دەرفەتە مێژووییە گەورەیەی بۆی هاتۆتە ئاراوە بە ئاسانی دەتوانێت خۆی بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی، بە ئاسانیش دەتوانێت سەربەخۆیی سیاسی لەسەر بینا بكات. بەجۆرێك لەسەر سێ وەتەر كاربكات، وەتەری یەكەمیان بازاڕ، بازاڕە رۆحی ئابووریی ئازادو جیهانگیریی، ترامپ بەرهەمی بازاڕە، قەتەرو ئیمارات و قوبرس بەرهەمی بازاڕن، چونكە بەشێكن لە بە دۆلاریزەكردنی پرۆژەكانی خۆرئاوا. بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان پێویستە بونێكی مۆدێرنی هەبێت لە بازاڕەكانی جیهاندا، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە لۆبی بۆ خۆی بكات، ناكرێت بە ڕاپۆرتێكی میدیایی ئۆیەڵ -پرایس كە لۆبیستەكان دژی كیانی كوردستان بەڕێوەی ئەبەن لەسەدان ناوەندی جیهانیدا ناوبانگی كوردستان بزڕێت. چما حكومەتی هەرێم بۆ ناتوانێ پاڵپشتی دەیان ناوەندی قووڵی ستراتیژی بكاو سەرپێیان بخات؟. دووەمین خاڵ پرسی ناسینەوەی قووڵایی ستراتیژیی كوردستانە، كوردستان دراوسێی ئێران و توركیایە (وەك جیۆپۆڵەتیك) بەڵام دۆستی ئەوروپاو ئەمریكایە (وەك بازاڕ). هەرێمی كوردستان لەخوارەوە بە حەوزەی كەنداو دەوردراوە (وەك دیارە ئێران هەژمونی هەیە بەسەریداو ئاسایش تیایدا بەرقەرار نیە)، لە باكوری خۆرهەڵاتێكی دوورەوە كوردستان بە حەوزەی قەزوین دەوردراوە (وەك دیارە ڕووسیا كۆنترۆڵی كردووە). لە باكوری خۆرئاواشەوە بە دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە) دەوردراوە كە ئەم حەوزەیە پاڵپشتی بێ چەندوچونی ستراتیژی ئەمریكاو بەریتانیاو ئیتاڵیاو ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس و میسر و فەڕەنساو ئەڵمانیای هەیە. ئەمڕۆ یان سبەی ئەبێت كوردستان سەری خۆی بگەیەنێتە نێو -خوانی دەریای ناوەڕاست، لەپێشدا بەهۆی كۆنێكتكردنی بۆری غازەوە، دواتریش هۆیەكانی تر. خاڵی سێهەم، كەرتی وزەی هەرێم سەراپا پێویستی بەچاكسازییە ئەو چاكسازییەش دامودەستگەی ئابووریی مۆدێرنی دەوێت، نمونەیەكی سادە، كێڵگەی كۆرمۆر كە دووەم گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمە بە ڕێژەی (70%)ی بەرهەمەكەی بۆ پێداویستی بەرهەمهێنانی كارەبایە لە ناوخۆدا؟!. لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی بەكاربردنی كارەبا بەڕێژەی نا-ئاسایی زیادیكردووە. ئەوەش دەبێت دامودەستگەی زانستی چارەسەری بكات، نەك گروپی حیزبی و موزایەداتی ئایدۆلۆژیی و سیاسی لەسەر هەڵبچنرێت.
*سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS، خوێندكاری دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتیەكان.