وتار

تورکیا ئەوەندەش بچوک نییە

12/30/2021 10:05:00 AM 311 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز جەعفەر*

هەروا ئاسان نییە، لە شوێنی خۆتەوە، بڵییت کۆتایی ئەردۆگان کۆتایی تورکیایە!. دابەزینی لیرەی تورکی تیاچونی تورکیایە!.
تورکیا حاڵەتێکی تایبەتی هەیە لە پەیوەندییە نێو-دەوڵەتییەکاندا، هیچ وڵاتێک لانی کەم لە ئاسیادا ئەو تایبەتمەندییەی تورکیای نییە، ئەوەش هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و سروشتی پەلهاویشتنی بۆ دەرەوەی خۆی پێی بەخشیوە، وڵاتێکی (٨٤) ملیۆن کەسیی و جوگرافیایەکی جیاکەرەوە. ئەمانە زیاتر لە (٦٠٠) ساڵ نوێنەرایەتی ئیسلام و جیهانی ئیسلامیان بەهۆی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە کردووە.


تورکیا ئەکەوێتە سەر دەریای رەش، ئەڕوانێت بەسەر بولقاندا، کەوتۆتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، لە سەرەوە کەوتۆتە ناو جوگرافیای ئەوروپاوە لە خوارەوە پێیەکانی و دەستەکانی لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.  ئاسیاو ئەفریکاو ئەوروپا لە نزیک تورکیا بەریەک ئەکەون.


هەمیشە ئەوانەی گرەو لەسەر لەناوچونی تورکیا ئەکەن، ئەوانەشی گرەو لەسەر گەیشتنە لوتکەی تورکیا ئەکەن، بە هەڵەدا ئەچن، ئەتوانین بڵێین لیرەی تورکی ئەگاتە ئاستێک کە سەروو ( ٢٠٠٠لیرە بەرانبەر ١٠٠دۆلاری ئەمریکی بێت) ئەشتوانین بڵێین وەک ساڵی (٢٠١٣) سبەینێیەک (١٥٠ لیرە بەرانبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ئەوەستێت).

هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا لە چاوتروکانێکدا لە سفرەوە بگاتە سەت و لە سەتیشەوە بگاتە سفر.

ڕاستە تورکیا لە ناوچەکەدا نەوت و گازی نییە، بەڵام تورکیا ووڵاتێکی پیشەسازی گەورەیە، لە پیشەسازیی فڕۆکەو درۆنەوە بۆ دەرمان و کەرەستەکانی ناوماڵ و تەکنەلۆژیا. هەروەها ئاستی باران و بەفر تیایدا بەرچاوە، لە ڕووی کشتوکاڵ و ئاودێریی و بەرهەمهێنانی کارەباوە ئاستی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی ناوینە دوای ئیسرائیل. هەشتا فڕۆکەخانەی هەیە، تەنها فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ تەنها لە ساڵی (٢٠١٩) ەدا (٤٠) ملیۆن گەشتیاری لێوە هاتوەو چووە! ئەم ژمارەیەش لە ئاسیادا تۆمار نەکراوە.
ئەمە جگە لە سەرنجڕاکێشی ترام و هاتوچۆ و جموجوڵی ژێر زەمینی و دەریایی کە سەرنجی نەک سیاسەتی وڵاتان بەڵکو هاوڵاتی ووڵاتانی ناوچەکەشی ڕاکێشاوە.


زۆربەی ووڵاتانی ناوچەکە، یان ڕوونتر بڵێین هەموو عێراق بە قەدەر دوو گەڕەک و ناوچەی ئیستانبوڵ یان ترابزۆن یان ئیزمیر و ئەنتاڵیاو ئەنکارا سەرنج ڕاکێش و گرنگی پێدراو نین.


کۆمەڵگەی تورکی کۆمەڵگەیەکی ئاوێتەیە، ئەمەش وایکردوە ناسنامەیەکی یەکگرتووی نەبێت، بۆ نمونە لە ئەڵمانیا یەک سیستەمی کۆمەڵایەتی و ستراکچەر لە بەرلین و ميوشن و فرانکفۆرت و هامبۆرگ و کۆڵن و دۆسلدۆرف ئەبینی. لە پۆڵەندا بەهەمان شێوە لە شارەکانی وارشۆ و پۆزنان و کراکۆ و لودز…لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر تۆ پۆڵەندا ئەبینی، بەڵام لە تورکیا بەو جۆرە نییە؛ بچۆ ئامەد لاتوایە کورد و کوردستان و کۆڵ نەدان هەیە، بچۆ ئیزمیر چەپ و ڕەگەزپەرست ئەبینی، وەرە کۆنیا شارێکی ئاینپەروەر ئەبینی، لە ئیستانبوڵ تەواوی ئەوروپا ئەبینی، ئەنکارا کپ و بێدەنگ و خەڵکانی زانستخواز ئەبینی، لە ترابزۆن وا تێ ئەگەیت ئەمە ڕووسیایە!.لە خوارەوە ئەدەنەو گازی ئەنتاپ وا هەستەکەیت شوێنی پیشەسازیی و تەقە-تەق و مامەڵەبازییە ( شیرین و پاقڵاوەی ئەنتاب لە تورکیا بەناوبانگە)، جگە لەوەی ئاوارەو سورییەکی زۆر ئەبینی، زۆربەی ئەم ناوچانەی خوارەوە یان دایکیان عەرەبەو باوکیان تورک، یان باوکیان کوردەو دایکیان تورک و عەرەب!. لە ئورفە کورد ئەبینی خۆیان کردوە بە تورک و پەکەکەو میت جیاناکەیتەوە، وا باشە خەریکی کەبابەکەیان بیت نەک سیاسەت ( ئورفەلی کەباب و وەجبەیەکی بەناوبانگیان هەیە). بەمشێوەیەیە تورکیا.


لەگەڵ ئەمانەشدا تورکیا بە یەکگرتویی ماوەتەوە!. چونکە تورکیا هەر تورکیا نییە، پێنج دەوڵەت کە لە سۆفیەتی جاران جیابونەتەوە بە زمانی تورکی قسە ئەکەن؛ ئازەربایجان ، تورکمانستان ، قیرغستان ، ئۆزبەگستان ، کازاخستان بێجگە لە باکوری قوبرس کە تورک زمانن. کە ئەمانە کاریگەری تورکیایان لەسەرە بەرامبەر کاریگەری ڕووسیا.


ئینجا ئیسلامی تورکی ( لەسەر مەزهەبی ئیمامی حەنەفین) زۆر قبوڵکراوترە لە لایەن ووڵاتانی ڕۆژئاواوە و لەوەی لە ووڵاتانی تری ئیسلامی وەکو سعودیە یان میسر یان ئێران هەیە.


فیلم، دراما، ئەدەب، هونەر بە هەموو لقەکانییەوە لەلایەک بە توندی بە کەلتوری تورکیدا چۆتە خوارەوە، لەلایەکیش بۆتە بابەتی پیشەسازیی و بەرهەمهێنان و گرێدراوە بە ئاسایشی نیشتیمانی و دامودەزگە هەواڵگرییەکانی تورکیاوە. زنجیرەیەکی وەکو دۆڵی گورگەکان « وادی زیئاب» نزیکەی (٣٩٧) ئەڵقەی هەستیارە لەسەر ناوچەکە، فیلمێکی وەکو «هاواری بەرد-Cry Stone» سەبارەت بو بە مەسەلەی غەززە، بەتەواوی ئیسرائیلی لە ساڵی (٢٠٠٩) دا توڕەکردو یەکێک بو لە هۆکارەکانی تێکچون و خراپتربونی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل کە تائێستاش چاک نەبۆتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن