مه‌ترسی سكاڵاكان له‌سه‌ر كه‌رتی ووزه‌ی هه‌رێمی كوردستان
9/5/2019 4:37:00 PM
بەهرۆز جەعفەر*
له ساڵی (1977) هه‌ریه‌كه له جێگری سه‌رۆكی عێراق "ته‌ها محێدین مه‌عروف" و سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا "سوله‌یمان دێمیرێڵ" هێڵی نه‌وتی نه‌وتی كه‌ركوك – جه‌یهان (عێراق- توركیا) یان له مه‌راسیمێكدا كرده‌وه. ئه‌م هێڵه له‌كه‌ركوكه‌وه تا جه‌یهان (كه ئه‌كه‌وێته باشوری توركیاوه) درێژییه‌كه‌ی (970 كم) ه. هێڵی نه‌وتی عێراق- توركیا (ITP) به‌یه‌كێك له‌هێڵه هه‌ستیارو ستراتیجیه‌كانی ناوچه‌كه دائه‌نرێت؟
نه‌وت و غازی سروشتی ته‌نها كاڵایه‌كی ئابوری نین، به‌ڵكو كه‌ره‌سته‌ی هاوپه‌یمانێتی ستراتیجی و تۆپیكی ناو په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن. بۆیە دروستبونی ناكۆكی له هێڵی نه‌وتی عێراق- توركیادا به بێ ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریكا نابێت، وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كوتله‌كانی وزه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و، ئابوری توركیاش هه‌یه. جگه له‌وه‌ی كه‌مبونه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشت به‌ستنی ئه‌وروپا به نه‌وت و غازی سروشتی ڕووسیا، خواست له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك زیاتر ئه‌كات. چاوه‌ڕوان ئه‌كرێت گه‌وره‌ترین مه‌ترسی به‌رده‌م كابینه‌ی (9) ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریتی بێت له‌و سكاڵایه‌ی كه حكومه‌تی عێراق له‌ساڵی (2014) ه‌وه له‌سه‌ر توركیا له دادگای نێوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی –ICA كه ئه‌كاته ژووری بازرگانی پاریس تۆماری كردوه، ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش هه‌رچییه‌ك بێت كێشه بۆ فرۆشتنی نه‌وت له هێڵی بۆڕی كوردستان- توركیا دروست ئه‌كات، له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا چه‌ند جۆرێكی تر سكاڵای نێوده‌وڵه‌تی و نێۆخۆیی له‌سه‌ر كه‌یسی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ئارادایه:
یه‌كه‌م: سكاڵای حكومه‌تی عێراق له ژووری بازرگانی پاریس (ICA)
دادگای نێوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاروباره بازرگانییه‌كان له پاریس یاخود (ژووی بازرگانی پاریس) وه‌كو ڕێكخراوێكی جیهانی وایه بۆ نێوبژیوانی (التحكیم-Arbitration ) له‌و ناكۆكییه بزنسیانه‌ی دروست ئه‌بن، له‌م چه‌مبه‌ره‌دا كه هه‌ریه‌كه له عێراق و توركیاش تیایدا ئه‌ندامن. سكاڵاكه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كراوه كه توركیا گرێبه‌ست یان سه‌فقه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كردوه له چوارچێوه‌ی هێڵی كه‌ركوك-جه‌یهان بۆ فرۆشتنی نه‌وتی عێراق له‌و ڕێگه‌یه‌وه، به‌ڵام پێشێلی كردووه به‌وه‌ی سه‌روه‌ری عێراقی پێشێلكردووه و، بێ گوێدانه به‌غداد مامه‌ڵه‌یه‌كی تری هاوشێوه‌ی له‌ناو هه‌مان ووڵاتدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دا ده‌ستپێكردووه‌و، هێڵی بۆڕی كوردستان- توركیای كردۆته‌وه، بۆیه ساڵی (2014) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له پاریس سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تی توركیا تۆمار ئه‌كات. ئه‌م هه‌لومه‌رجه له‌كاتێكدا ڕوویدا، كه توركیا له دوای ڕوخانی سه‌دام (2003) په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق باش نه‌بو، سه‌ره‌تا نوری مالیكی بو به سه‌رۆكوه‌زیران له‌و (8) ساڵه‌دا به‌هۆی نزیكیه‌وه له ئێران هیچ ئۆفه‌رێكی به توركیا نه‌دا، دواتریش عه‌بادی بو به‌سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق چوار ساڵ هه‌مان ئه‌زمونی مالیكی دوباره كرده‌وه له‌گه‌ڵ توركیا، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ساڵی (2007 تا 2017) به‌هێزترین ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی بوه له‌گه‌ڵ توركیا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌و، لاوازبونی سوپای عێراق له‌به‌رانبه‌ر داعش، عێراق كۆنترۆڵی ئاسایش و سه‌ربازیی له‌ده‌ستدا، هه‌رێمی كوردستان مرخی له‌وه خۆشكرد كه نه‌وتی كه‌ركوك به هێڵی بۆڕی كوردستاندا بفرۆشێت (واشی كرد)، بۆیه له‌ساڵی (2014) ه‌دا بێگوێدانه حكومه‌تی عێراق حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وتی هه‌ردوو كێڵگه‌ی ته‌ق ته‌ق و تاوكێ ی ڕه‌وانه كرد‌و، عێراقیش هه‌مان ساڵ سكاڵاكه‌ی تۆماركرد. دواتر كه له‌دوای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 ه‌وه حكومه‌تی عێراق به زه‌بری هێزی سه‌ربازیی كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م كێڵگه نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوك و موسڵی كرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم (40%) ی ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی كه‌می كرد، پاشان هه‌رێم ناچاربو بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا بۆ دانوستان. ئێستا جارێكی تر سكاڵاكه سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ی پاریس (ICA) لایه‌نی سه‌ره‌كی تیایدا عێراق و توركیایه، به‌ڵام لێكه‌وته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه. وا چاوه‌ڕوان ئه‌كرێت عێراق داواكه بباته‌وه، ئه‌وكاته توركیا ناچار به مه‌رجه‌كانی عێراق ئه‌بێت، واته هێڵی ووزه‌ی كوردستان – جه‌یهانی توركیا نامێنێت، ئه‌وكات ئه‌بێت هه‌رێم بچێته‌وه بۆ عێراق و، عێراقیش چۆنی بوێ ئاوا مامه‌ڵه به هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی كوردستانه‌وه ئه‌كات. خۆ-ئه‌گه‌ریش توركیا داواكه بباته‌وه ئه‌وا هه‌رێم زیانی گه‌وره‌تر ئه‌كات و، ده‌یان هێنده ده‌ستوه‌ردانی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر ئه‌كات.
دووه‌م: فیدراڵیزم و سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان
سكاڵای دووه‌م، داوای یاسایی تۆماركراوی دادگای فیدراڵی عێراقه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه بۆچی سه‌ربه‌خۆیانه نه‌وتی فرۆشتوه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری هه‌رێم له‌به‌غدا ئاماده نه‌ئه‌بو، دادگا مه‌جرای یاسایی خۆی وه‌ر نه ئه‌گرت، ئیتر دوای ئاسایی بونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و حكومه‌تی مه‌ركه‌زیی (دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر) هه‌رێم بڕیاری دا نوێنه‌ری ئاماده‌بێت، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كێ ئه‌یباته‌وه هه‌رێم یان به‌غدا له‌ڕووی یاسایی و ده‌ستورییه‌وه چه‌ند مه‌تریاڵێكمان له‌به‌رده‌سته، یه‌كێك له‌وانه ده‌ستوری عێراق، ئینجا یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به بێ ئه‌وه‌ی له شێوازی پێكهاتنی ئه‌و فیدراڵیه‌ته بگه‌ین كه عێراقی دوای 2003ی له‌سه‌ر بونیادنراوه ناتوانین ته‌ته‌ڵه‌ی كه‌رتی نه‌وت بكه‌ین له ڕووی یاساییه‌وه، ڕاسته له عێراقدا زلهێزه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان ده‌لاقه‌كان یه‌كلایی ئه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌كان زۆرجار به‌هۆی لێزانی ده‌ستوری و یاساییه‌وه بۆشاییه‌كیان دۆزیوه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته له‌مه بگه‌ین.
فیدرالێزم، ئاماژه‌یه بۆ سیسته‌می ده‌وڵه‌ت كه له چه‌ند كانتۆن یان هه‌رێم یان ویلایه‌تێك پێك دێت و تیایدا سیسته‌مێكی فه‌رمانڕه‌وایی ئالۆز (مركب) هه‌یه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م فیدراڵیه‌ته له یاسای ده‌ستوری و سیسته‌مه ده‌ستورییه‌كاندا چۆن پێك دێت، وه له عێراق چۆن پێكهاتووه؟. له‌سه‌ره‌تادا فیدراڵیه‌ت یه‌كێتیه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه له نێوان ویلایه‌ت یان هه‌رێمه‌كاندا، كه هه‌ر هه‌رێم یان ناوچه‌یه‌ك له‌ناو ئه‌و سیستمه‌دا مافی پاراستنی كه‌لتورو زمان و ئاین و سامانی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وی خۆی هه‌یه. پێكهێنانی فیدراڵیه‌ت له‌سه‌ر دوو بنه‌ما ئه‌وه‌ستێت، بنه‌مای یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه، بۆ هه‌ر هه‌رێمێك خۆ-به‌ڕێوه‌به‌رێتی (حكم زاتی) یه‌ك هه‌یه‌و، هه‌ریه‌كه‌شیان ئه‌كرێت سیسته‌می یاسادانان و، ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و قه‌زائی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، به‌ڵام دواجار هه‌موو هه‌رێمه‌كان له‌ژێر یاسا یان ده‌ستوری ده‌وڵه‌تی فیدراڵ (ئیتیحادی) دا كۆئه‌بنه‌وه. بنه‌مای دووه‌میش كه فیدراڵیه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵئه‌سێته‌وه، ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه له‌ناو خۆیاندا ڕێك ئه‌كه‌ون له‌سه‌ر چه‌ند خاسیه‌تێكی دیاریكراو كه ملكه‌چ بون بۆ یه‌ك یاسا ئه‌ویش یاسا‌و ده‌ستوری ده‌وڵه‌تی فیدراڵه. لێره‌دا له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، له په‌یوه‌ند به فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌كرێت كورد به‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه ڕازی بێت، چونكه مادده‌ی 110 له ده‌ستوری عێراقی سه‌رجه‌م ده‌سته‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی دیاریكردووه له نۆ خاڵدا، به‌یه‌ك ووشه‌ش باسی نه‌وت و غازی سروشتی یان ووزه ناكات.
ئینجا به‌پێی یاسای ژماره (22) ی ساڵی (2007) تایبه‌ت به یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان-عێراق له مادده‌ی (1) خاڵی (8) دا ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی هه‌یه، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش تایبه‌ته به نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، كه‌پێك دێت له سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی. له‌هه‌مان یاسادا له مادده‌ی (30) ئاماژه به ده‌سته‌ڵات و تواناكانی وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كان كراوه له ڕێگه‌پێدان و مۆڵه‌ت و به كارخستن و هه‌نارده‌كردن و هه‌ر ڕێككه‌وتنێكی تر، هه‌روه‌ها به پێی مۆڵه‌ته‌كه هه‌ر ڕێگه‌پێدان چ گواستنه‌وه یان هه‌نارده‌كردن یان نوێكردنه‌وه كراوه كه له ده‌سته‌ڵاته‌كانی وه‌زیره. فۆڕمی گۆڕینی ده‌سته‌ڵات (كۆنترۆڵ) له ده‌سته‌ڵاتی وه‌زیرو وه‌زاره‌ته. به‌ڵام ئایا به‌رپرسانی نه‌وت به بێ به‌رانبه‌ر ئه‌مه بۆ كۆمپانیاكان ئه‌كه‌ن؟!. ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه‌سكاڵاكه‌ی كۆمپانیای دیناسیتی له‌سه‌ری وه‌ستاوه:
له ڕوانینی "سكاڵای سێهه‌م" ی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا كه كۆمپانیای دیناستی پیترۆلیۆم-Dynasty Petroleum له 20ی ئۆگه‌ستی 2019 له دادگای شاهانه‌ی له‌نده‌ن تۆماری كردووه، ده‌رئه‌كه‌وێت سامانه سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم وه دوو حیزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌كه له‌هه‌رێمی كوردستان خراپ یاسای نه‌وت و غازیان به‌كارهێناوه، چونكه به پێی ڕاپۆڕته‌كه‌ی ماڵپه‌ری ئۆیه‌ڵ پرایس-Oil Price كه له 21 ی ئۆگه‌ستدا بڵاوی كردۆته‌وه، كۆمپانیای ناوبراو دوو كۆمپانیای هاوبه‌شی كوردی هه‌بوه، به به‌كارهێنانی گۆڕینی ده‌سته‌ڵات (كۆنترۆڵ) دناسیتی پیترۆلیوم دوو كۆمپانیای ده‌ره‌كی تری هێناوه‌ته ناوه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان (MNR) هه‌یه‌تی، به‌ڵام دواتر داوای پاره‌ی نا-شه‌رعی- Illegal Payment یان له كۆمپانیاكه كردووه به ڕێژه‌ی 20 بۆ 30%. كۆمپانیاكه‌ش ماوه‌ی 21 ڕۆژی داناوه ئه‌گه‌رنا داوای (1.5) یه‌ك ملیار‌و نیو دۆلار له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كات. ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئۆیه‌ڵ پرایس تاڕاده‌یه‌ك گوماناوییه، چونكه یه‌كه‌مجاره ئاژانسێكی وا باوه‌ڕپێكراو له‌چه‌ندین شوێنی ڕاپۆرته‌كه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌زانراو" و "سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت" به‌كاربهێنێت، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌مه له ئیشی لۆبیسته‌كان ئه‌چێت كه به پاره كه‌یسه‌كان دنه ئه‌ده‌ن.
سێهه‌م: عێراق له كوێوه نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده ئه‌كا؟
هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیه‌وه به پێی پێگه‌و هه‌ڵكه‌وته‌ی ئه‌م وڵاته بیری لێكراوه‌ته‌وه، له‌سییه‌كان تا كۆتایی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیست هێڵی كه‌ركوك و موسڵ بۆ- حه‌یفا به‌رجه‌سته‌بو، دواتر له كه‌نداو... له ساڵی (1979) ئه‌رده‌ن و عێراق له به‌رنامه‌یاندا بو لوله‌یه‌ك له نێوان هه‌ردووڵاتدا ڕابكێشن و ڕۆژانه (1) ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی عێراق به‌خاكی ئه‌رده‌ندا بگاته ده‌ریای سوور، به‌ڵام دواتر به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئێران- عێراقه‌وه پرۆژه‌كه په‌كیكه‌وت، له‌ساڵی (2011) دیسان عێراق و ئه‌رده‌ن ڕێككه‌وتن كه ڕۆژانه (100) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕێگه‌ی بونیادنانی لوله‌یه‌كه‌وه له شارۆچكه‌ی حه‌دیسه‌ی ڕۆژئاوای عێراقه‌وه تا به‌نده‌ری عه‌قه‌به درێژببێته‌وه تا ئه‌گاته پاڵێوگه‌ی زه‌رقای ئه‌رده‌ن ببه‌ن، گفتوگۆكان به‌رده‌وام بون و، چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، داعش هات و ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵكێشا. له دوای ساڵی (2014) ه‌وه هێڵی نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهان له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌ناوچه‌ی موسڵ (كه به‌ناوچه‌ی 20 كیلۆمه‌تری ناسراوه تێك و پێكدرا). ئینجا وه‌زیری پێشوتری نه‌وتی عێراق "عه‌بدولكه‌ریم لوعه‌یبی" له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی ئێران "بیژه‌ن زه‌نگه‌نه" ڕێككه‌وتن كه نه‌وتی كه‌ركوك و نه‌فتی نه‌فتخانه‌ی خانه‌قین به گوژمی (500) ملیۆن دۆلار به بۆڕی ببه‌نه ئێران، لایه‌نه ته‌كنیكیه‌كانیشی له‌ناو كۆمپانیای نه‌وتی باكور ته‌واو بون. ئینجا به‌هۆی ڕێگرییه‌كانی ئه‌مریكاوه ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش په‌كیكه‌وت. ئینجا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له (2018) ه‌دا فه‌رمانی به نه‌وتی باكور كرد كه نه‌وتی كه‌ركوك بده‌ن به پاڵیوگه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچه‌ندێكیان بۆچووه پێشوتر بكرێت به دوو هێنده تا پێداویستیه نێوخۆییه‌كانی پێ ته‌واو بكرێت. ئینجا له سه‌ره‌تای (2019) ه‌دا دوای چه‌ند سه‌ردانێكی هه‌ردولا، حكومه‌تی ئه‌رده‌ن و عێراق ڕێككه‌وتن، تیایدا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق "عادل عه‌بدولمه‌هدی" بریاری دا ڕۆژانه (10000) ده هه‌زار به‌رمیل بۆ ئه‌رده‌ن هه‌نارده بكرێت به نرخێكی هه‌رزانتر له بازاڕ.
له (28ی ئۆگه‌ستی 2019) ه‌دا وه‌زیری ووزه‌ی توركیا "فاتیح دونماز" سه‌ردانی عێراقی كرد، كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا وه‌زیری نه‌وتی عێراق " تامر غه‌زبان" ئه‌ڵێت "هێلێكی بۆڕی نوێ له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌كه‌ینه‌وه"، له‌كاتێكدا ئه‌و هێڵه‌ی ئه‌و باسی ئه‌كات زیاتر له ساڵونیوێكه له جێبه‌جێكردندایه، ئه‌م هێڵه نوێیه به‌ته‌نیشت هێڵه كۆنه‌كه‌وه ڕائه‌كێشرێت، سه‌ره‌تا له (K1 واته له‌ناو كۆمپانیای نه‌وتی باكوره‌وه په‌مپ ئه‌درێ) ئه‌چێته (K2 – په‌مپێكی گه‌وره‌ی پاڵپێوه‌نه‌ر له بێجی) تا ئه‌گاته ناوچه‌ی فه‌تحه (K3) له‌وێشه‌وه له‌سه‌ر سنوری فیشخابور وێستگه‌یه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێوانه‌كردن-MS – (Measured Station) دانراوه. كه نه‌وتی كوردستان له نه‌وتی عێراق جیا ئه‌كاته‌وه. له‌ودیویشه‌وه له‌ناو توركیا شه‌ش وێستگه‌ی تری په‌مپدان هه‌یه تا ئه‌گاته جه‌یهان، له جه‌یهانیش ته‌نكی هه‌رێم به‌جیایه‌و ته‌نكی عێراقیش به‌جیا، چونكه كوالێتی نه‌وته‌كه‌یان جیاوازه.
سه‌رئه‌نجام
هێڵی بۆڕی كوردستان ته‌نها نه‌وتی كێڵگه‌كانی ته‌ق ته‌ق و شێخان و تاوكێ ئه‌باته خورمه‌ڵه‌و له‌وێشه‌وه هه‌تا زاخۆیه. عێراق گرفتی له‌گه‌ڵ بۆڕییه‌كه نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌كوێوه هه‌نارده بكرێت؟. به‌ڵكو گرفت له فرۆشتنه‌كه‌یدایه كه به‌غدا پێی وایه ئه‌بێت له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه بێت نه‌ك هه‌رێم و توركیا پێكه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن. هه‌رچی سكاڵا‌و ئاریشه یاساییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غدایه، چاوه‌ڕوان ئه‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی هه‌ردولا بچنه به‌رده‌م دادگای فیدراڵی پێشوه‌خت به دانوستانی سیاسی له‌نێوان هه‌ردولادا چاره‌سه‌ریه‌كی بكه‌ن. یاخود به ڕاده‌ستكردنی (25000) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م گرفتانه چاره‌سه‌ر بكات. یه‌كێكی تر له‌هه‌ره خاڵه لاوازه‌كانی كه‌یسی نه‌وتی كوردستان ئه‌وه‌یه چونكه هه‌رێم دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانی به‌هێزی نییه، هیچ لۆبیه‌كی گرنگی نێوخۆیی و عێراقی و جیهانی بۆ نه‌كراوه‌و نیه‌تی. له‌ناو وه‌زاره‌ت و كێڵگه‌كانه‌وه تا ئه‌گاته لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به بواره‌كه یان نین یان هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له‌م سێكته‌ره‌دا نییه. بۆیه له‌پڕ ته‌ماشائه‌كه‌ی به یه‌ك ڕاپۆرتی ئاژانسێكی وه‌ك ئۆیه‌ڵ-پرایس سێكته‌ری نه‌وتی هه‌رێم ئه‌له‌رزێ و، ڕه‌نگه ئابوری هه‌رێمیش توشی داته‌پین بكاته‌وه‌و، بیخاته قاڵبی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و نێوده‌وڵه‌تیه‌وه. هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌ندازه له‌م بواره‌دا كورتی هێناوه كه پێویسته كابینه‌ی 9 ی حكومه‌تی هه‌رێم كاری ووردی له‌سه‌ر بكات. دواجار هه‌رچییه‌ك هه‌یه‌و نییه له سه‌رانسه‌ری عێراقدا به پاره‌ی نه‌وت ئه‌ڕواته ڕێوه. كاتێك نه‌وت هه‌نارده‌كردنه‌كه‌ی تووشی كێشه بێت، كه‌واته كاره‌ساتی جۆراوجۆر دروست ئه‌بێت.