941وتار

پێشنیار بۆ چارەسەربونی گرفتەکانی بزوتنەوەی گۆڕان

3/18/2021 9:00:00 PM
بەهرۆز جەعفەر*


بزوتنەوەی گۆڕان، لەدروستبونییەوە بۆ ئێستای کەموکوڕی هەبوە، هەموو ئەوانە بخەیتە لایەک، لەلایەکی ترەوە خاوەنی دەیان هەزار دەنگ و دەیان سەرکردەو تیمی مرۆییە. بۆ ئێستای کوردستان ئەوە باش نییە هێزێکی وا لە بری دیدو تێروانین و ئامادەیی لە چارەسەریی نیشتیمانیی و شان دانە بەر بەهێزکردن و چاکسازیی کردن لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، خۆی بەدەست چەندین گرفتەوە ببێتە بارێک بۆ سەر کۆمەڵگەو پرۆسەی سیاسیی لە هەرێم دا.

بەشێک لەو هاوڕێیانەی لە ئاست سەرکردایەتی بزوتنەوەکەدان یان بوون، داوای بەشداری و کۆمێنتی ئێمەیان کردوە لەم دۆخە چەقبەستوەدا. لەبەرئەوەی ئێمە بەشێک نەبوین و نیین لەو بزوتنەوەیەو هیچ پارتێکی سیاسیی تر، تەنها ئەوەیە لەگەڵ بەڕێز کاک سەید عومەر ڕێزو تەقدیرێکمان بۆ یەک هەیەو پیاوێکی پاک و تێکۆشەرو بەئەزمونە، بۆیە لای خوارەوە دوو پێشنیار ئەخەینە ڕوو؛
یەکەم/ بزوتنەوەکە هەرچی زووە یەک پلاتفۆرم (سەکۆ) ی بەرفراوان ڕابگەیەنێت، تیایدا هەموو ئەوانەی گۆڕان بون و گۆڕانن لە دەرەوەی بزوتنەوەکە، هەروەها بەسەدان خەڵکی دیکەی ناڕازی و ئەکادیمیست و میدیاکارو کەسایەتی جەماوەریی و تەنانەت بە گوێرەی پێویست کەسانی حیزبەکانی تریش بانگ بکات بۆ ئەم پلاتفۆرمە، نزیکەی دوو هەفتە بخایەنێت، کە تیایدا بە سەدان سەرنج و پێشنیار و میکانیزم بخەنە ڕوو، تا ئەم بزوتنەوەیە بکاتە بزوتنەوەیەکی سیاسیی، ئەقڵانیی سەردەم، هەروەها بزوتنەوەیەکی نیشتیمانیی گشتگیر کە خزمەت بە ئێستاو ئایندەی کوردستان بکات.

وە هەروەها خۆی دوور بخاتەوە لەو دەنگەدەنگ و شەڕە قسەو پەلاماردانی کەسێتی ئەم و ئەو کە لە ڕابردوودا بەشێک بون لێی.

بەم شێوەیە، گۆڕان ئەتوانێ هەم ئیرادەیەکی گشتگیرو هەمەلایەنە بخاتە سەر پێ، هەم بڕیاری دەستەجەمعی دروست ئەکات و بڕیارو کارەکانی نابنە بڕیارو ئەجێندەی گروپ و تاخم و کەسێکی دیاریکراو. ئۆباڵی ئەو بڕیارانەی دروست ئەکرێن و دەرئەکرێن لەم میساقەی دوای ئەم پلاتفۆڕمەدا ناکەونە سەر کەس و گروپێکی دیاریکراو.

دووەم/ ئەکرێت بزوتنەوەکە لەبەرئەنجامی ئەم پلاتفۆڕمەوە سەرکردایەتییەکی سێ جەمسەری- هاوبەش بۆ خۆی دروست بکات، وەک چۆن خۆی پێشوتر ئەمەی بۆ پارتی و یەکێتی تەرح کردوە. لە ساڵانی حەفتاو هەشتاکاندا  (ی،ن،ک) سێ ئاڕاستەی کۆمەڵەو هێڵی گشتی و بزوتنەوەی سوسیالیستیی لە یەک بەرەی هاوبەشدا کۆکردبوەوە. بەمەش بزوتنەوەکە چەترێک بۆ تەواوی دەنگە ناڕازیی و ڕازییەکانی تر هەڵئەدات و کۆیان ئەکاتەوە.

دواجار هەموو حیزبێکی سیاسیی تووشی گرفت و داهێزران ئەبێتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە دۆش دانەمێنن بۆ چارەسەرییەکی ئەقڵانیی هاوچەرخ کە زۆربەی گرفتەکان چارەسەر بکات. سیاسەت پێناسەکەی ئەوەیە میکانیزمی گونجاو بۆ فۆڕمێکی باشتر لە بەڕێوەبردن بهێنێتە ئاراوە. ئەوەی کە باس ئەکرێت و ئەو سیرو پیازەی ئەمیان و ئەویان و ئەویتریان ئەیخەنە ڕوو لێرەو لەوێ نایانگەیەنێت بە هیچ کوێ. ئەمە وەک پێشنیار وەربگرن و، هیوای ئەوەی حیزبی کوردیی هەموو بە خۆداچوونەوە بکەن و بێنە دەست لەگەڵ ڕووداوەکاندا. بۆیە داوا لە کاک سەید عومەر ئەکەم وەڵامدەرێکی باشی ئەم پێشنیارانە بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن