744وتار

سەرەتای کۆتایی دەوڵەت لە عێراق

11/7/2021 11:46:00 AM
بەهرۆز جەعفەر*


دەوڵەت، ئاماژەیە بۆ چەند دامەزراوەیەکی دەستوریی و شەرعی کە تیایدا کەمینەیەک لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە ئەو مافەیان ئەدرێتێ کۆنترۆڵی هێزی شەرعی دەوڵەت بکەن و لە بەرژەوەندی گشتی بەکاری بهێنن.  بەڵام لە عێراق ئامرازەکانی هێزی دەوڵەتیی بەدەست خودی دەوڵەتەوە نین!. کەواتە دەوڵەتەکە مەترسی لە ناوچون و هەڵوەشانەوەی لەسەرە. کەی هەڵ ئەوەشێتەوە؟ . ئەو کاتەی  شەڕی ناوخۆ دەست پێ ئەکات.

دەمەو ئێوارەی (٦ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) زانیارییەک هەبو، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەیەوێت کە سبەینێ ڕۆژ ئەبێتەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پەسەند بکات و  بە پەلە ڕەوانەی دادگای فیدراڵی بکات. 

لە کاتێکدا، گروپەکانی نزیک لە ئێران بە تایبەتی کەتیبەکانی نوجەباو حیزبوڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی جۆراوجۆریان لە کازمی و حکومەتی عێراق کرد، ئەگەر کۆمسیۆن بەردەوام بێت لەسەر نە ژماردنەوەی دەنگی هەموو وێستگەکان بەدەست ئەوا ئاقارەکەی خراپ ئەبێت. 
لەسەر ئەم بنەمایە، نزیکەی چوار کاتژمێر بەر لە هێرشە -درۆن-ییەکە بۆ سەر ماڵی موستەفا کازمی ئێمە میوانی کەناڵی کوردستان -24 بوین، لە دیدارەکەدا بەڕوونی باسی گرژیی و ئاڵۆزییەکانمان کرد کە ڕووئەدات…

یەکێک لەو ڕەهەندە گەورەو ناوچەییانەی کە هەیە، ئەوەیە نزیکەی ساڵێکە گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان سعودیەو ئێران هەیە، کە عێراق تاڕادەیەکی باش بەسەرپەرشتی کازمی ڕۆڵی تیا هەیە، لەدوای ئەوەی گروپەکانی نزیک لە ئێران بە نزیکەی (٨٠٪) دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە بون و دەنگەکانیان کەمی کرد، دوای ئەوەی دەرکەوت کە سعودییەو ئیمارات دەستێکی باڵایان لە پاڵپشتی چەند لایەنێکی عێراقی هەیەو دەستوەردانیان هەیە، جگە لەوەش موقتەدا سەدر بە ئاشکرا لە لایەن سعودییەوە پاڵپشتی ئەکرێت، بۆیە ئێران لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سعودییە پاشەکشە ئەکات، دوور نییە ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن لە عێراق بە زووترین کات کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی ئێران و گروپی٥+١یش دابنات.

وەکو لە بەرنامەکە ئاماژەمان پێکرد، ئەمە کۆتا هەڵبژاردنە لە عێراق، چونکە نە دیکتاتۆریەت نە دیموکراسیەت لە عێراقدا ناچەسپێت لە دوای (٢٠٠٣) ەوە، بۆیە تەوافوق تاکە بژاردەیەک بوە بۆ بەردەوامیدان بەو جۆرە فەرمانڕەواییە، ئەمەی ئەیبینن لەدوای هەڵبژاردنەکانی (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) ەوە کۆتایی تەوافوقە لە عێراق، هێشتا سەرەتایەو حکومەت پێک نەهاتوە (٣٤٧) کەس بریندارەو (٧) کەس کوژراوەو بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ماڵی سەرۆکوەزیران، کەواتە کۆتاییەکەی باشتر نابێت..بۆیە بە ئەگەری زۆر کۆتایی عێراقە وەکو دامەزراوەو دەوڵەت، کەی بینیتان شەڕی ناوخۆ لە نێوان شیعەکاندا دەستی پێکرد،  ئەوە سەرەتای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن