22وتار

لەبارەی چەمچەماڵەوە؛ بڵێین چی؟

12/14/2025 1:44:00 PM
بەهرۆز جەعفەر*

ئەگەر ویڵاش نەبێت کۆرپەلە لە سکی دایکیدا دەخنکێت، وێڵاش، ئەرکەکەی بریتییە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ کۆرپەلە. چەمچەماڵ وێڵاشی کەرکوکە، وێڵاشی سێکتەری وزەی کوردستانە، وێڵاشی ئەدەبیاتی بەرگرییە.

بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵە؛ ئێمە هەموومان هەر لەو خانوە هاتینە دونیاوە کە ئێستاش ماڵی خۆمانەو لە شوێنی خۆیدایە لە چەمچەماڵ؛ هەر لەو گەڕەکەوە فێری ئەوە بووین لێقەومان و بەتەنگەوەچوونی خەڵکی چی و چۆنە! دارا دوو داری دی لەوێ فێربووین. هەر ئەمە نییە؛ لای خوارەوە باسی دەکەم چەمچەماڵ وێڵاشی تەونی کۆمەڵایەتی ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانە. بۆ سەلماندنی ئەوەی "وێڵاش"ەکە چۆن زیانی بەرکەوتوە، بیست ساڵی ڕابردوو زۆرمان نووسی و وتوە، زۆرمان لەگەڵ هاوپۆلەکانی منداڵی و نوخبەکانی ئێستا باسکردوە.

لافاوەکە هەموو شت نییە؛ لەڕاستییدا لافاو نەهاتۆتە سەر ماڵی خەڵکی، خەڵکانێک بێ ئەسڵ و فەسڵ چوونەتە سەر ڕێگەی "ئاو" و شەڕیان بە "لافاو"ەکە فرۆشتوە؛ خەریکە بەرە-بەرە زۆرکەس بەتایبەت هێشتا پیاوی بە جورئەت و نیشتیمانپەروەری ناو ئەو حیزبەی دەستەڵاتی دەڤەرەکەی بەدەستە تێدەگەن ئەمە چی بوو، لە کوێوە هات و چۆن وایلێهات. ئااای ئەو "حیزبەی دەستەڵاتی دەڤەرەکە"ت سێ دەیەیە بەدەست بوە؛ چۆن هێشتا نەتتوانی نەخۆشخانەیەک بۆ دەڤەرەکە درووست بکەی! بیست ساڵە نەتتوانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەنجەکان درووست بکەی و سەرقاڵیان بکەی بە ژیانەوە! بەهەرحاڵ لافاوەکە زۆر لەوە زیاتر زیانی داوە کە میدیاکان باسی دەکەن و خەڵکی بەچاوی خۆیان دەیبینن، زیانێک کە تا ساڵەهایەکی تر شتێک ڕووبدات؛ بوترێ کاریگەریی لافاوەکەی ئەو ساڵەیە؛ بەڵێ؛ باسی ڕۆچوونی زەوی دەکەم، باسی ڕۆچوونی نەک ماڵەکان و خانوەکان بەڵکو گۆڕستانەکانیش دەکەم.

هەموو شوێنێکی کوردستان لای من چەمچەماڵە، دوژمن توانیویەتی زۆر شت بکوژێت، بەڵام هێشتا ڕۆحییەتی کوردبوون و پێکەوەیی بوون لەناوماندا لە لووتکەدایە، بادینان و هەولێر و هەڵەبجەو کەرکوک و سلێمانی و دەڤەری ڕاپەرین و هەموو جێگاکانی دی لەو چەند ڕۆژەدا هاتن بۆ چەمچەماڵ. مینبەری مزگەوتەکان، فڵچەی نیگارکێشەکان، شاحینەی دەزگا خێرخوازییەکان ئاڕاستەیان ڕووەو چەمچەماڵ بو. چۆن هەموو ناوچەیەکی کوردستان خوازیارە دەست بە گەورەیی و خەسڵەتەکانی خۆیەوە بگرێت، ئاوهاش دەیانەوێ چەمچەماڵ دەست بە خۆیەوە بگرێ و نەتەپێ، نەلەرزێ، نەکەوێ [ماڵیان ئاوا بێت].

ئەمە ئەیگەرەکە بەرجەستەتر نیشان بدرێ چۆن-چۆنی چەمچەماڵ وێڵاشی کۆمەڵایەتی و ئابوریی و نەتەوایەتیمانە، تەنانەت پاراوترین شێوازی دەربڕینی زمان و ئاخاوتنی کوردیی-سۆرانی لەم ناوچانەدایە. چەمچەماڵ دوو گەڕەکی دیاریکراوی نییە؛ بوترێ خەڵکی ئەوێیت؟ ئەوە چەمچەماڵیت، ئەوێ نییت شتێکی ترە، چەمچەماڵ ڕەگی لە کەرکوکدایە، لە سەنگاودایە، لە ناوچەی جەباری، زەنگنە، هەمەوەندو شوان دایە، لە سلێمانیدایە، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردەکانی لوبنان و سوریادایە (عەشیرەت هەیە هەر لە کۆنەوە لەسوریاو ئێرانی ئێستاوە هاتوون بۆ ناوچەی چەمچەماڵ).

من و باوکم و باپیرم و باپیری باوکم نفووس (ئەمڕۆ پێی دەڵێن کارتی نیشتیمانی)یمان قادرەکەرەمی کۆنە (ئەوەی ئەمڕۆ لەناو جەرگەی کێڵگەی کۆرمۆر)دا شانی داداوە؛ لادێکەمان و هەموو لادێکانی دەوروبەریشمان کەسوکاری یەکدین و لەگەڵ ناوچەی جەباری و شێخان و بناری سەڵباتوو دا، ئەم ناوچەیە پێکەوە ڕێک ئەنفالستان و شەهیدستان و قارەمانستانە، لەڕووی جوگرافییەوە وا هەڵکەوتوە خاڵی پێشەوەو بەریەککەوتنی کوردو نەیارەکانی بوە. ئەگەرچی ئەمڕۆ وەکو براندێکی بازرگانیی لێهاتوە بەهۆی گازی کۆرمۆرەوە تەنانەت "ترامپ"یش دەمانناسێ..بەڵام تاک بەتاکی دەڤەرەکە ڕێک لەوەدا بێ شەنسن کە یەکێکی وەکو "یەشار کەمال" لە زوەوە هاوڕێیان نەبوە تاوەکو شاکارێکی وەکو "حەمەدۆک"یان لەسەر بنووسێ!

ئنجا؛ نیزیکەی نیوە زیاتری چەمچەماڵ لەو "سەرژمێریی"ەی عێراقدا کە لە (٢٠٢٤) ئەنجامدرا، چوونە کەرکوک (بە خۆشمەوە) تاوەکو تای تەرازووی کەرکوکەکە هەرچۆنێک بوە بە قوورسی بمێنێتەوە. چەمچەماڵ وزەی داوە بە بازیان تا سلێمانی ڕووناک بێت، وزەی داوە بە هەولێری پایتەختی نیشتیمان تا لە پێش چاوی دونیادا هەر بە ڕووناکی و سەربەرزیی ئاوازی خۆی بپچڕێت؛ خاڵۆژنە ناهیدە پێنج دانە کوڕی بەخشی بە نیشتیمان تا هەر بوترێ "کەس نەڵێ کورد مردوە"، سالە گورگە لە جەلەولاو شێرکۆ لە کەرکوک و ئەسعەد جەباری لە موسڵ مەرگی خۆیان کرد بە مەشخەڵی ڕێ. هیچ چەمچەماڵییەک نییە سەروخوانێکی لەگەڵ کەرکوک دا نەبێت؛ مانگانەو هەفتانە بۆ پرسەیەک و بۆ بۆنەیەک نەچێتە کەرکوک.

بەڵێ.. بەڵێ، هەروا ئاسانە ئێوەیەکی بێدەربەست وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن، بتانەوێ لەملاولا قومار بەناوی چەمچەماڵ و کۆرمۆرەوە بکەن و، بارەگای شەقوەشێنەکانتان لەسەر چەمچەماڵ بێ و، ئۆفیس لە باڵەخانە هەوربڕەکانی ئەملاولا بکەنەوەو، بتانەوێ پێ بخەنە سەر ئەو هەموو ئێسک و پەراسوەی باسمکرد لای سەرەوە؛ شتی وانییە؛ گەرەکتان بێ خەڵکەکەی بڕەتێنن و بیکەن بە پیشەسازییخانەو پیسخۆریی تیابکەن، خۆتان و دارودەستەکانتان وەک بیست ساڵی ڕابردوو پێی ببنە ملیاردێر! بۆچی گوایە وێنەی شەهیدەکانی چەمچەماڵ لە بازگەی بانی مەقان تەنها وەک پێشەنگایەکن بۆ وێنە هەڵواسین!؟ ئەوە ئەوانەن کە لەپاراستنی سەنگەرەکانی کەرکوک و دەوروبەریدا خۆیان بەختکردو، ئێوەش دواتر کەرکوک و دووز تان ڕادەستی دەبابەکانی حەشدو حەسەن پلایسەکان کرد.

ڕووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ شتێکی گرینگی دەرخست؛ ئیتر "ڕووداو" بەنهێنی نامێنێتەوەو، هەر دەردەکەوێ چی و چۆن کراوە! بەسە! ئیتر ئەو خەڵکە چاوی فرمێسکی نەماوە؛ دوو هەفتە پێشووتر بەهۆی هێرشەکەی سەر "کۆرمۆر"ەوە برینی سەت ساڵی ڕابردوو، کاولبوونی لادێکان و کوێرەوە بوونی کانیاوەکانمان، خەمی پارێزراویی کەسوکار لە دەڤەرەکە، نەبوونی پلانێکی گشتگیریی هاوچەرخ و نەبوونی دامەزراوەی نیشتیمانیی یەکگرتوو بۆ بەرزڕآگرتنی ئاسایشی وزە، داخی بێ مەعریفەیی و بێ گوێی ئێوە تێر- تێری گریاندین؛ ئێستا لەبارەی چەمچەماڵەوە بڵێین چی!؟ ئەی کەرکوک تیایدا کورد زۆرینەی لەدەستدا !؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن