وردبونەوەیەک لە هەڵوێستی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان
10/16/2019 9:45:00 AM
گمۆ محەمەد
پاش ۷ڕۆژ لە داگیرکراری و لەشکرکێشی تورکیا و هێزە ئیسلامیە
توندڕەوەکان بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای
کوردستان و شەهیدکردن و قەتڵ و عامکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە،
لە کاتێکدا هەر لە یەکەم ڕۆژی لەشکرکێشیەکانی تورکیاوە زۆرینەی وڵاتانی دنیا هاتنە سەرخەت و ئیدانەی لەشکرکێشیەکەیان
کرد.
لە سەرەتای لەشکرکێشی و داگیرکاریەکانەوە، چەند
پێشنیار و ڕاسپاردەیەکمان پێشکەش بە چەند پەرلەمانتار و لایەنە سیاسیەکان کرد کە پێویستە
کاری لەسەر بکرێت، گرنترین ڕاسپاردەکان بریتیبوون لە:
۱. ئیدانەی لەشکرکێشیەکانی
تورک و شەرمەزارکردنی بە زمانێکی ڕوون و پاراو.
۲. داوای چونەدەرەوەی
هێزەکانی تورکیا بکرێت کە لە چەند ناوچەیەکی باشوری کوردستان جێگیرکراون.
۳. سنورەکان بە ڕووی
ڕۆژئاوای کوردستاندا بکرێتەوە و چی لە توانادا هەیە هەر لە ناردنی هاوکاری لۆجستیەوە
تا دەگاتە چەک و پێداویستی سەربازی بۆ هاونیشتمانیانی ڕۆژئاوا بنێردرێت.
بەڵام بەداخەوە، جگە لە هەردوو فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کە بەڕونی و
بە هێنانی ناو باسیان لە داگیرکاری تورکیا کرد بۆسەر ڕۆژئاوا و داوای کردنەدەرەوەی هێزەکانی تورکیایان کرد لە
خاکی باشور،
ئەوەی بینیمان لە هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی تر، جگە لە گوتاری لاستیکی
و بێ ستراتیژ و ناوەڕۆک، هیچی دیکە نەبوو.
هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی
نوێ، یەکگرتوو، ئامادەنەبوون بە وشەیەک ئیدانەی تورکیا بکەن و داوای کردنەدەرەوەی
هێزەکانی تورک بکەن لە خاکی باشور.
ئەوەی دەمێنێتەوە لە قۆناغەدا سەختەکاندا و مێژوو
تۆماری دەکات، ئیدانەکردنی داگیرکەران و شەرمەزارکردنیانە،
نەک بەیاننامەی بێ ناوڕۆک و لاستیکی.
جێگەی سەرنجە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ئامادەنەبوو
پێشنیارەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بخاتە ناو ڕاسپاردەکانیەوە و بە چەند پێشنیارێکی گشتگیر،
دەرگای گرنگترین دانیشتنی پەرلەمانی داخست.
مێژوو بەهانە بۆ کەس ناهێنێتەوە و هەڵوێستی هیچ
لایەنێکیش لەبیرناکات.
سەربەرزی و سەرکەوتن بۆ شەڕڤانانی ئازادی.