495وتار

(ساختەچێتی) وەک تازەگەرییەک لە سیاسەتدا

8/20/2019 3:07:00 PM
گمۆ محەمەد

لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و تایبەتتر لە کوردستان و عێراقدا، کەمن ئەوانەی توانیبێتیان ساختەچی بن لە سیاسەتدا، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو هەر لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکانەوە تا دەگاتە حکومەتی کوردی، میرنشین و حزبەکان لێزان و کارامەبوون لە درۆکردندا، درۆکردنەکانیش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار بووە:

1. شاردنەوەی ڕاستیەک کە نابێت یاخود عەیبەیە بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکرێت.
2. بەکارهێنانی سیاسەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکەو بانگەشەکردن وەک کەسێکی خزمەتگوزار .

لە ماوەی 28 ساڵی حکومڕانی کوردیدا، بەشی زۆری سیاسەتوان و حزبەکان درۆیان وەک بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتکردن بەکارهێناوە و بەردەوام بۆ شاردنەوەی ئەو شتانەی کە نابێت ئاشکرابن کردوویانە، هاوڵاتیانیش کەم تا زۆر لە دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە ئاشنابوون بە درۆی سیاسەتوانەکان، لە ئێستادا درۆکردن لە سیاسەتدا کورتخایەنە و میدیا و هاوڵاتیان هەر زوو نهێنیترین درۆکان ئاشکرادەکەن، تەنانەت بە جۆرێکە سیاسەتوانی درۆزن پاش ئاشکرابوونی درۆکەی بەرگریشی لێ دەکات.

ئەوەی نامۆیە بە کولتوورو سیاسەتی کوردی بریتیە لە ساختەچێتی و فێڵبازی لە سیاسەتدا، ئەگەر بڕیاربێت درۆکردن بۆ شاردنەوەی ڕاستیەک بێت، ئەوا ساختەچێتی بۆ دروستکردنی ڕای گشتیە لەسەر بابەتێک کە نییە، یاخود کەسی ساختەچی بە نیاز نییە بیهێنێتە بوون، یاخود خۆهەڵواسینە بە بابەتێکدا کە خەڵکی دیکە ئەنجامیدەدەن و دەیکەنە موڵکی خۆیان، بۆ نموونە سیاسەتوانی ساختەچی لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ پۆپۆلیستیدا تەواو ئاوێتەی یەکبوون کە زەحمەتە لە یەکتر جیابکرێنەوە، چونکە بە جۆرێک سیاسەت

دەکات کە ڕایگشتی دەجوڵێنێت لەسەر بابەتێک کە موڵکی خەڵکی ترە، یاخود خەڵکی تر بەنیازە ئەنجامی بدات، تەنانەت ئەگەر خاوەنکارەکە کارەکەش نەکات سیاسەتوانی ساختەچی هەر نایکات و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەیەوێت کۆمەڵێک خەڵک ڕازی بکات کە لە چواردەورین، تا ئەوانیش بە ڕای گشتی بڵێن ئێمەین خزمەتکاری ڕاستەقینە، لە کاتێکدا مەبەستی ساختەچێتیەکە نەک بۆ خزمەتکردن نییە، بەڵکو بۆ خۆ بە پاڵەوانکردنە لە سۆشیال میدیاو لەسەر ئەرزی واقیع نییە.

ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا بوترێ ئەوەیە، ئاشکراکردنی ساختەچێتی زۆر گرانترە لە سیاسەتوانی درۆزن، چونکە درۆزن بە ئاشکرابوونی بەڵگەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام ساختەچێتی پێویستی بە کاتە و ماوەیەکی درێژتری دەوێت بۆ ئاشکراکردنی، چونکە کەمتر بەڵگە دەدات بە دەستەوە و هەمیشە وەک سەرابێک خۆی دەردەخات کە لێکۆڵینەوە لێی ئەستەمە، هەردوو سیاسەتوانی درۆزن و ساختەچی لە کۆتاییدا یەک ئەنجام لە کارەکەیان دەکەوێتەوە، ئەویش نەمانی متمانەو دروستبوونی بێ هیواییە لای هاوڵاتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن