1104وتار

ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان و نامەکەی نەوشیروان مستەفا

1/11/2020 11:08:00 PM
گمۆ محەمەد

گمۆ محەمەد
لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان و دواتریش لە دەنگدان بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی، بەرپرسیارییەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموان  قورسترە و لە هەمووان وردتر دەبێت مامەڵە بکات لەبەر ئەم هۆکارانە:

۱.  چاکسازی گشتگیر لە سەرجەم سێکتەرەکان هۆکارێک بوو لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ۲٠٠۹ و ئێستاش مەرجی  بەشداریکردنی بزوتنەوەکە لە حکومەت ئەنجامدانی چاکسازییە.

۲. پڕۆژە یاسای چاکسازی  لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینی یەکێکە لەو یاسایانەی  کە بزوتنەوەی گۆڕان    لە سەرەتاوە سوور بووە لەسەر  هێنانی بۆ پەرلەمان و کردنی بە یاسا، جگە لەو بڕگەیەی کە باس لە  خانەنشینی پلە باڵاکان دەکات کە پێچەوانەی بنەما و پرەنسیپەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە و پێویستە بە هەمان ڕۆحیەتی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن بونیەوە بجەنگێت لە پێناو گۆڕینی بڕگەکەدا.

۳. نەوشیروان مستەفا ساڵی۲٠۱۲ لە نامەیەکدا کە گرنگە هەر کەسێک بیخوێنتەوە تا لێیەوە فێری ئەخلاقی سیاسەتکردن و ئۆپۆزسیۆن بوون ببێت دەڵێت: 
''فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ خانەنشینی ئەندام پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی‌ هەمو ئەو یاسایانەی‌ كە ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی‌ تقاعدی‌ خدمەی‌ مەدەنی‌ خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی‌ گەڕانەوەی‌ ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی‌ بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی‌، ئەوەشی كە وەزیفەی‌ نەبو بۆ ماوەی‌ ساڵێك موچەی‌ بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە، ئەم پرۆژە یاسایە لە بەرژەوەندی‌ خەڵكە، چونكە ئەندام پەرلەمان هان ئەدا كاری‌ باش بكا بۆ ئەوەی‌ جارێكی‌ تر متمانەی‌ خەڵك وەرگرێتەوە و ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان''.
٤. لە ئەگەری تێپەڕاندنی بڕگەی خانەنشینی پلە باڵاکاندا،
گرنگە بزوتنەوەی گۆڕان ڕێگە نەدات مەرامی ئەو لایەن و پەرلەمانتارانە بێتە دی کە بەناوی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایەتییەوە دەیانەوێت کۆی یاساکە ڕەتکەنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە موچەی خانەنشینی تەواوەتی وەربگرن و بندیوار و ئەوانەی بەردەوامن لە فەرهود کردنی داهاتی هاوڵاتیان، بەهۆی ڕەتکردنەوەی یاساکەوە بەردەوامبن لە وەرگرتنی موچەی نا یاسایی، بەڵکو پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان کاربکات بۆ دواخستنی دانیشتنەکە لە ڕێگەی فشاری مەدەنی جۆراوجۆرەوە بە هەمان نەفەسی ساڵانی ئۆپۆزسیۆن بوونی بزوتنەوەکە.

لە کۆتاییدا پێویستە بوترێت یاسای چاکسازی لە بەرژەوەندی  زۆرێک لە وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و پەرلەمانتار و موچە خۆری نایاسایی دەدات و ئاساییە کە لە ڕێگەی شوێن و کەناڵی جیاوازەوە کاربکەن بۆ شکست پێهێنانی یاساکە  و ڕەتکردنەوەی، بەڵام ئەرکی ئێوە وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموان قورسترە، چونکە لە یەک کاتدا دەبێت شەڕی هەموارکردنی بڕگەی خانەنشینی پلە باڵاکان بدەن و ڕێگەش نەدەن یاساکە لەبار بچێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن