472وتار

پێشنیارنامەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

3/17/2020 4:30:00 PM
گمۆ محەمەد


بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا  covid 19  لە سەرەتاکانی مانگی ۱ ی ساڵی ۲٠۲٠ لە جیهاندا، سەرنجی هەموانی بۆ لای خۆی ڕاكێشا و وڵاتان  دەستیانکرد بە وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتاکە.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هاوسنوریمان بە دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانەوە کە پەتاکە بەشێوەیەکی مەترسیدار تێیدا بڵاو بۆوە ڕێکاری پێویست بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریرکردن لە بڵاوبونەوەی گیرایەبەر و ئێستاش ڕێکارەکان بەردەوامە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم ڕێکارەکان لە کەرەنتینەکردنی شارەکان و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ماناوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا خۆی بینیەوە، و هاوڵاتیانیش بە ڕێژەی ٪۹٥ پابەندی سەرجەم ئەو بڕیار و ڕێنماییانە بوون کە لە لایەن حکومەت و  بەرپرسانی تەندروستییەوە دەرکران، لێرەدا بۆ ئەوەی بارگرانی و قورساییەکە بە تەنیا لەسەر شانی هاوڵاتی نەبێت و هەمووان پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین پێشنیاری دەرکردنی چەند بڕیارێکی پەیوەندیدار  و تەواوکاری ڕێکارەکانی ئێستا دەکەم و هیوادارم حکومەت و وەزیرەکان لە بەرژەوەندی هەمووان دەریبکەن.

یەکەم: بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی بازار و شوێنە گشتیەکان و بڕیارە تەواوکاریەکان

بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ یەکێک بوو لە بڕیارە گرنگەکان بۆ وەستاندن یاخود سنوردانان بۆ بڵاوبونەوەی پەتاکە، بەڵام لە دەرکردنی ئەم بڕیارە هاوڵاتی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت ئەگەر ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی لەگەڵدا نەدرێت بۆ تەواوکاری:

ئەلف: بەو پێیەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ دەبێتە وەستانی کاری تاکسی، بارهەڵگر، دوکان، بازاڕ، مۆڵ و هتد...،  گرنگی قۆناغەکە وا دەخوازێت بڕیارێکی دیکە دەربکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەیان بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
تاکسی و بارهەڵگر: ئەو خێزانانەی کە هیچ بژوێیەکی تریان نیە و ژیانیان لەسەر کاری تاکسی و   بەرهەڵگرەکانە،بڕیاربدرێت بە پێدانی بەنزین بۆ ماوەی هەفتەیەک  بە بێ بەرامبەر، لە دوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە بە ئامانجی سوکردن یاخود لادانی بارگرانی و قەرەبوکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە کاریان نەکردووە بەهۆی ڕێکارەکانەوە.

دوکان و مۆڵەکان: بەهۆکاری ئەوەی لە ئێستادا سەرجەم بازاڕ و مۆڵەکان داخراون، پێویستە حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەربکات بە پابەندکردنی خاوەن موڵەکان بۆ لێخۆشبونی کرێی مانگی ۳ لە دوکاندارەکان، لەبەرامبەر ئەمەدا حکومەت لە باجی موڵکداری و پارەی ئاو و کارەبای مۆڵ و دوکانەکان خۆشببێت.

شوقە و گوندەکانی نیشتەجێبون: بڕیار دەربکرێت  بە پابەندکردنی خاوەن شوقە و گوندەکانی نیشتەجێبون، بۆ لێخۆشبون لە کرێی مانگی ۳، تایبەت بۆ ئەو خێزانانەی موچەخۆری حکومی نین یاخود بژێویان لەسەر دوو کارەکەی سەرەوەیە.


دووەم: پێدانی موچە

پێدانی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت هاوشانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ ئەوەی ڕێکارەکان یەکتری تەواو بکەن، بۆ ئەوەش پێویستە حکومەت لە ڕێگەی تیمێکی ۱٠٠ کەسییەوە موچە بنێرێت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە ئێستا لە ماڵەوەن و بەهۆی ڕێکارەکانەوە دەوامیان وەستاوە، ئەوانەشی دەوامیان بەردەوامە، موچەکانیان بنێردرێتە شوێنی کارکردنیان.

سێیەم: پارەی ئاو کارەبا (حکومی و ئەهلی)

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە بڕیار دەربکات بە لێخۆشبونی پارەی ئاو و کارەبا لە شوقەکانی نیشتەجێبون و پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە وەرنەگرتنی پارەی مانگی ۳ی ئاو و کارەبا، لەبەرامبەر ئەمەشدا گاز و سوتەمەنی پێویستیان لە لایەن حکومەتەوە بۆ دابینبکرێت.
هاوشانی ئەمە پێویستە حکومەت بڕیار دەربکات بۆ  پاشەکەوتکردنی پارەی ئاو و کارەبای مانگی ۳ ی  سەرجەم ماڵ و شوێنەکانی دەرەوەی سیتی و گوندەکانی نیشتەجێبون و لە داهاتودا و بە چەند قیستێک لێیان وەربگیرێتەوە.

لە کۆتاییدا ڕەنگە ئەم ڕێکارانە باری سەرشانی حکومەت قورس بکات و توشی بارگرانی دارایی بکات، بەڵام بۆ ئەوەی بارگرانیەکە لەسەر شانی هاوڵاتی نەبێت و بشتوانن باشتر پابەندنی ڕێنماییەکانبن و خۆیان بپارێزن لە پەتای کۆرۆنا، دەرکردنی ئەم بڕیارانە لە بارێکی لەناکاوی وەک ئێستادا دەبێتە پێویستی هەنوکەیی قۆناغەکە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن