کابینەی نۆیەم و ئەرکی ڕێکخراوەکان
7/24/2019 9:50:00 AM
گمۆ محەمەد
سەرەتا بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە وەک خۆی ببینین، پێویستە ڕۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان بەرز بنرخێنین لە داڕشتن و نوسینەوە و پاشان ڕازیکردنی لایەنە بەشدارەکانی حکومەت، بە پەسەندکردنی کارنامەیەکی تەواو جیاواز و مۆدێرن بۆ حکومەتی نوێ، کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و وردببینەوە لە سەرەتاکانی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2009 و پێویستیەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبینین چەند هۆکارێک هەبوون کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:
ا. دەستی حیزب لە سەرجەم جومگەکانی حکومداری هەرێم.
ب. گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی.
ج. مەحسوبیەت و مەنسوبیەت.
د. لاوازی ڕۆڵی پەرلەمان و دادگاکان و هەژمونی حکومەت بەسەریانەوە.
کە ئەمانە وایکرد لە قۆناغێکی مێژوویی گرنگدا بزوتنەوەی گۆڕان وەک پێویستی قۆناغەکە دروستببێت و خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی دامەزراوەو کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی هەرێم ڕابگەیەنێت.
٤ ساڵ ئۆپۆزسیۆن و ١ ساڵ حکومداری و 2 ساڵ چەقبەستووی ئەم هێزە کۆمەڵێ گۆڕانکاری گەورەی لە کایەی سیاسی هەرێمدا هێنایە کایەوە، هەرچەندە لە دوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا جۆرێک لە نائومێدی لای لایەنگران و بێ منەتی لای دەسەڵات دروستبوو، بەڵام جیاواز لەوەی چاوەڕێ دەکرا بزوتنەوەی گۆڕان بە بەهێزیەوە بەشداری لە حکومەت کرد.
کارنامەی حکومەت و ئەرکی ڕێکخراوەکان
جیاوازی کارنامەی کابینەی نۆ لەگەڵ کابینەکانی پێش خۆی بەجۆرێک بوو کە زۆرێک لە چاودێران و هاوڵاتیان هیوایان لەسەر حکومەتی نوێ هەڵچنی، ئەگەر لە کارنامەکە وردبینەوە دەبینین لە ڕووی تیۆریەوە کارنامەیەکە بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆنی 2009 نوسراوە و بە نزیکەیی ئەو داواکاری و پێویستیانەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێکخراوەکان چەندین ساڵە داوای دەکەن، وەک (بنبڕکردنی گەندەڵی، بەکارنەهێنانی وەزارەتەکان بۆ کاری حیزبی، کەمکردنەوەی ڕۆتین، و چاکسازی ڕیشەی و داننان بە ئۆپۆزسیۆن)و... چەندین خاڵی گرنگی تر کە بەرهەمی خەبات و هەوڵی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێکخراوەکانە.
ڕۆڵی ڕێکخراوەکان
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە کۆتاییەکانی 2003 و دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن، شێوازی کار و چالاکیەکانیان گۆڕی و دواتر لەگەڵ نەفەسی ئۆپۆزسیۆنی 2009 یەکیان گرتەوە، ئەوەی بە حیزب نەدەکرا ڕێکخراو دەیکرد و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەبوون یاخود لاوازی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان کە خاوەن بەرنامەی تۆکمە و پڕۆژەی پەرلەمانی و چاککردن بێت، ئەرکی ڕێکخراوەکان قورستر دەبێت و وەک پێویستی قۆناغەکە دەبێتە بەدیلی ئۆپۆزسیۆن.
لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە ڕێکخراوە سەربەخۆ و جدیەکان کاری گەورەیان ئەنجامداوە و جێ پێیان دیاربووە، هەر لە پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان و پێشکەشکردنی پەیپەر و بەرچاوڕونی بە حکومەت و لایەنەکان، تا دەگاتە فشارە مەدەنیە بەردەوامەکانیان، لەم قۆناغەشدا لە لاوازی و نەبوونی ئۆپۆزسیۆندا و بۆ جێبەجێکردنی هەموو یاخود بەشێکی کارنامەی حکومەت، پێویستە جدیتر لە ڕابردوو چاویان لەسەر حکومەت و دەستیان بە پەرلەمانەوە بێت، لەڕێگەی پڕۆژە یاسا و جێبەجێکردنی ئەو یاسا گرنگانەی کە لەماوەی ڕابردوودا دەرچوێنراوە یاخود دەردەچێنرێت.
بەشێک لەو یاسایانەی کە پێویستە ڕێکخراوەکان کاری لەسەر بکەن بۆ هەموارکردنەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە، یاخود فشار بکەن بۆ جێبەجێکردنی:
1. یاسای هەڵبژاردن و ڕاپرسی
2. یاسای توندوتیژی خێزانی
3. یاسای پارتە سیاسیەکان
4. یاسای پارێزگاکان
5. یاسای ڕێخستنی خۆپیشاندان
6. یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری
7. پێکهێنانی دادگای باڵا
لەگەڵ دەرچواندنی چەندین یاسای گرنگ کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوونیان نییەو، کارکردن بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی تەواو لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەوەی دەمێنێتەوە لە کۆتاییدا بیڵێین ئەوەیە کە دوو ئەگەر لەبەردەم حکومەتی هەرێمدایە:
جێبەجێکردنی کارنامەکەی کە خۆی دەریکردووە، تا لەو ڕێگەیەوە هاوڵاتیان ئەگەر بەڕێژەیەکیش بێت متمانەیان بۆ دروست ببێتەوە بە دامەزراوەکان و پرۆسەی هەڵبژاردن لە ٤ ساڵی ئایندەدا.
یاخود بەردەوامی حکومەت بە هەمان نەفەسی کابینەکانی پێشوو کە ئەمەیان دەبێتە چەقبەستوییو بێ ئومێدی زیاتر کە ڕوون نیە ئایندەی هەرێم بەرەو کوێ دەبات.