953وتار

ئاڕاستەی تیرەکانتان بگۆڕن...

1/2/2020 4:52:00 PM
گمۆ محەمەد

(لە ناو حکومڕانی بازرگانەکاندا یان دەبێت بازرگان بین یان جێیبێڵین، ئێمە ڕێگەی سێیەمان ھەڵبژاردووە).

ڕەنگە ئەم ڕستەیە وەڵامێکی گونجاو بێت بۆ  سەرجەم ئەو لایەنانەی میدیا و کادیر و خۆبەخش، و پەیجەوانەکانیان  پڕ چەک کردووە، و کاریان تەنھا ھاویشتنی تیرە بۆ ئەوانەی نایانەوێت بازرگانی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکیەوە بکەن، و چاویش لە بازرگانی حیزبە خاوەن کۆمپانیاکان داناخەن، کە ڕەنگە لەم کاتەدا و بەم پێناسەیە ھەموو تیرەکان ڕووە و بزوتنەوەی گۆڕان بێن.

 کۆمپانیاکانی قاچاخی دەرمان و خواردن، وەبەرھێنان و ھتد... لە ھەرێمی کوردستاندا دەستیان بەسەر سیاسەتدا گرتووە و  لە ڕێگەی پەیج و کادیرەکانیانەوە ڕای گشتیشیان بە جۆرێک چەواشەکردووە ھەرکەسێک ھاو ھەڵوێستی ئەوان نەبێت تەنز یاخود خۆیان وتنەی سوکی دەکەن، نمونەی ھەرە برینداریش کە زۆرترین تیری ڕوو تێکراوە(ھەڤاڵ ئەبوبەکر و نەوشیروان مستەفا)ن.

لە پاش کۆچی دوای نەوشیروان مستەفاوە ئەو ھێزانەی کە بوێری ئەوەیان نەبوو بەرامبەر ھەنگاوەکانی بچوکترین جوڵکە بکەن، سەریان دەرھێنایەوە و کەوتنە پەلاماردانی ئەو کەسانەی کە پەروەردەی قوتابخانەکەی ئەو یاخود کاندیدی دڵخوازراوی ئەو بوون، تەنانەت ھەندێک لە حیزبە پەیجەوانەکان کەوتنە تۆمەت و بەخشینەوەی تۆمەت و بوختان بۆ خودی خۆی.

نەوشیروان مستەفا لە کتێبی ( ئێمە و ئەوان، جیاوازیەکانمان لەسەر چین) بە ڕونی ئاماژە بەو جیاوازیانە دەکات کە لە نێوان ئەوان و بازرگانە سیاسیەکاندا ھەیە و ھەبووە،  ھۆکاری دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازیە ڕوون و ئاشکرایانە.

 

لەگەڵ چونی گۆڕان بۆ ناو حکومەت لە کابینەی پێشوودا ھێزە دەسەڵاتدارەکان کەوتنە ڕێگری، چونکە  ئەوان جیاوازیان  ھێندە زۆ بوو لەگەڵ حکومدارانی پێشوو لە یەکتر تێندەگەیشتن، ھەموو ڕۆژێک ئەگەری ڕوبەڕبونەوەی چەکداری ھەبوو ئەگەر نەوشیروان مستەفا بیویستایە، بەڵام وەک خۆی دەیوت ئێمە بڕوامان بە چەک نەماوە و ھاتوین ئەو کلتورە بسڕینەوە کە لەگەڵ ھەر ناکۆکیەکدا پشت بە ھێز و چەک  ببەسترێت.


لەگەڵ دروستبوونی کابینەی نوێشدا ناکۆکیەکان لە نێوان دوو جۆر لە عەقڵیەتدا درێژەی ھەیە، یەکێتی و پارتی بە ھەمان شێوازی پێشوو دەیانەوێت بەردەوامبن لە بازرگانی و فەرھود کردنی سەروەت و سامانی نیشتیمان و بزوتنەوەی گۆڕانیش بە ھەمان نەفەسی کابینەی پێشوو دەیەوێت ڕوبەڕو ببێتەوە. 


ھەڤاڵ ئەبوبەکر یەکێکە لەو نمونە جیاوازانەی کە ئەقڵیەتی بازرگانە سیاسەکان ناتوانن دەست و پێی لەگەڵدا نەرمبکەن و ھەمیشە و وەک سەردەمی کاندید بوونی ڕوبەڕوی دەبنەوە، ڕۆژانێک بە بەعسیەکی عەیارە ۲٤ لە قەڵەمیان دەدا و لاپەڕەکانی مێژووییان بە ویستی خۆیان دەشێوان، ئێستاش بە دوای بچوکترین ڕەفتار و بەرنامە و قسەی ئەوەوەن تا لەو جۆرە لە حکومڕانیە بدەن کە ئەو پەیڕەوەی دەکات. 



ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەیەوێت  پێمان بڵێت کە نایەوێت جێی بێڵێت بۆ بازرگان و دەزگا شەقوەشێنەکانیان، ئەو دەیەوێت پارێزگارێکی تەکنۆکرات بێت کە لە مێژووی سلێمانیدا بە خۆیەوە نەدیووە، نایەوێت تێکەڵاوی ململانێ سیاسەکان ببێت و کەمترین کات ھەستەکەی کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان پارێزگارە، تەنانەت بەشداری کەمترین کۆڕ و کۆبونەوەی حیزبەکەی دەکات، پێچەوانەی پارێزگارەکانی تر کە دەبونە پارێزگاری حیزب و لە ناو حیزبیش پارێزگاری باڵ و مەڵبەند و کۆمیتەکان، یاخود دەبونە پارێزەری بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی حیزب و چاویان لەبەرامبەر فەرھود و تاڵانیەکاندا دادەخست، ئەو کە ڕەنگە لە دەربڕیندا ھەڵەی ھەبێت، لە بێ دەسەڵاتی خۆی و ھێرشی ئەوانی تر و خەڵکیدا نەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام دەزانێت کە کاندیدی نەوشیروان مستەفایە، لە لایەکەوە ئامادە نیە بکشێتەوە و پۆستەکەی کە خەڵکی ئەم شارە پێی بەخشیوە بداتە کەسانێک کە جگە حکومڕانی ھێز و چەک ھیچی دیکە نازانن، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت پێمان بڵێت کە دەیەوێت پارێزگاری ھەموان بێت. 


لە کۆتاییدا گرنگە بزانین، ڕوی تیرەکانمان دەکەینە کۆمپانیاکانی قاچاخ و  سیاسیە بازرگانەکان، یاخود ئەقڵیەتێک کە ئەگەر ڕوبەڕوی ھەموو ئەوانە نەبێتەوە ئامادە نیە وەک ئەوان بێت...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن