پارتی و یەکێتی بەرەو حکوومەتێکی ھاوبەش دەچن
02:50 - 17/09/2026
زەمەن_هەواڵ
نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکنەھاتووە. ھەڵبژاردنەکە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو و لە ئەنجامە کۆتاییەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسییان بەدەستھێنا. بەو پێیە ھیچ لایەنێک بە تەنیا نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبھێنێت و پێکھێنانی کابینە پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوان ھێزە سیاسییەکان ھەبوو.
لە دوای ھەڵبژاردنەکەوە، گفتوگۆکان لە نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام بوون، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، شێوازی بەڕێوەبردنی حکوومەت و چۆنیەتی ھاوبەشکردنی دەسەڵات بوونە ھۆی درێژبوونەوەی ماوەی گفتوگۆکان و چەند جارێکیش گەیشتە بنبەست و لە ماوەی ئەم قۆناغەدا ھەردوو ھێز ھەوڵیان دا بە ھاوپەیمانییە جیاوازەکان زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکەن، بەڵام ھیچ یەک لەو ھەوڵانە نەگەیشتە ئەنجامی کۆتایی.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەندین قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە، بە جۆرێک لە نیسانی ٢٠٢٥دا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران بافل تاڵەبانی لە دوکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێ و دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکان کرد، بەڵام کۆبوونەوەکە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەگەیشت.
ھاوکات لە ئەیلولی ھەمان ساڵدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بافل تاڵەبانی دووبارە کۆبوونەوە و دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتی نوێیان کردە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانییان پاشان لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا، شاندەکانی ھەردوو دوو حیزب گفتوگۆی فەرمییان لە ھەولێر دەستپێکردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر حکوومەتی داھاتوو. بەڵام ھیچکام لەم ھەوڵانە نەیتوانی ھەردوو حزب بگەیەنێتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
بۆیە لە نیسانی ٢٠٢٦دا، بەرپرسانی یەکێتی گوتیان پەیوەندیی سیاسیی نێوان دوو حیزبەکە بەھۆی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانەوە تێکچووە. بەڵام سێ مانگ دواتر لە تەمووزی ٢٠٢٦دا شاندێکی یەکێتی لە ھەولێر سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانییان وەسفکرا.
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم ماوەیە، نزیکبوونەوەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو دوای ئازادکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە شاسوار عەبدولواحید کە دوای شەش مانگ لە زیندانی سلێمانی، ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بە کەفالەت ئازاد کرا.
دواتر ئەم دوولایەنە لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕێککەوتننامەیەکی سیاسییان بە ناوی ھاوسەنگی و خۆشگوزەرانی واژوو کرد کە ئامانجی ڕاگەیاندراوی ئەوە بوو دۆخی سیاسییان لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق یەکبخەن و بۆ ئەنجامدانی ھەندێک گۆڕانکاریی لە چاکسازیی دامەزراوەیی ھاوکاریی یەکتر بکەن.
ئەم ڕێککەوتنە هاوسەنگیی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بە شێوەیەکی دیاریکراو گۆڕی، چونکە یەکێتی خاوەنی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ خاوەنی ١٥ کورسیی پەرلەمانیی بوو، واتا بە کۆکردنەوەی کورسییەکانیان گەیشتنە ٣٨ کورسی، تەنھا یەک کورسی کەمتر لە پارتی کە ٣٩ کورسیی ھەیە، بەڵام ئەم نزیکبوونەوەی ژمارەیە بە تەنیا نەیتوانی کێشەی پێکھێنانی کابینەی دەیەم چارەسەر بکات چونکە پارتی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە وەک دوو هێز و ژمارەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەدا دەکەن نەک وەکو یەک هێزی هاوبەش لە کۆکراوەی کورسییەکانییاندا.
لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ جارێکی دیکە کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەسەر ئاستی باڵادا ئەنجامدا و داوایان کرد حکوومەتی نوێ لەسەر بنەمای ئەنجامی ھەڵبژاردن و مافی ھەر لایەنێک لە کورسییەکان پێکبھێنرێت، ھەردوو لایەن ھەروەھا گوتیان دەرگای گفتوگۆیان بە ڕووی لایەنە سیاسییەکاندا کراوەیە.
بەڵام تەنھا چەند ڕۆژ دوای ئەوە و لە ئێوارەی ١٥ی ئەیلوولدا نەوەی نوێ لە ڕێگای گوتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند کە لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێم بەشداری ناکات و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە، ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەبوو لە هاوکێشەی سیاسییدا، چونکە نەوەی نوێ لە تەمووزی ئەمساڵ لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکی سیاسی واژوو کردبوو کە ئامانج لێی ھاوکاریی و گۆڕینی هاوسەنگی دەسەڵات بوو.
لە کۆی ئەم گۆڕانکارییەدا، یەکێک لە سیناریۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی پارتی و یەکێتییە بۆ مۆدێلی حکوومەتێکی ھاوبەش، مۆدێلێک کە لە مێژووی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا پێشینەی ھەیە و پارتی و یەکێتی لە ساڵانی ٢٠٠٦- ٢٠٠٧دا ڕێککەوتنێکی ستراتیژییان واژوو کردبوو، ئەو ڕێککەوتنە بە یەکێک لە ھەنگاوە سەرەکییەکانی یەکخستنی بەڕێوەبردنە جیاوازەکانی دوو حزب دادەنرا.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا، دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی بە ھاوبەشی کابینەیان پێکھێنا، لە کاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان و ھەندێک ھێزی دیکە لە حکوومەت بەشدار نەبوون و وەک ئۆپۆزسیۆن مانەوە و، ئێستا یەکێک لە سیناریۆکان دووبارەبوونەوەی ئەم ئەزموونەیە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی، چونکە لە ماوەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان ھیچ یەک لەو دوو ھێزە سەرەکییە بە تەنیا نەیانتوانیوە حکوومەتێکی زۆرینە پێکبهێنن و ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بووەتە یەکێک لە ڕێگاکانی دەرچوون لە بنبەستی سیاسی.
لە لایەکی دیکەوە، دۆخی ناوچەکەش لە ماوەی ئەم مانگانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بەرەو کۆتاییھێنان بە ئەرکەکانییان لە عێڕاق دەچن و بەپێی پلانە ڕاگەیاندراوەکان، پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکان دەبێت تا کۆتایی ئەیلوول تەواوبێت.
لە ھەمانکاتدا، پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تاران بەردەوامە، پێشتریش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە سێی تەممووزی ٢٠٢٦ سەردانی تاران کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانە سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان گفتوگۆی کرد، لەو دیدارانەدا بابەتەکانی پەیوەندیی دوولایەنە، بازرگانی، ئابووری، ئاسایش و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان باسکران.
هەرچەندە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بەڵگە نیە لەسەر بوونی فشارێکی تاران بۆ ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام دوای سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران لە ١٥ی ئەیلوول و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە و ڕاگەیاندنی پەیامی نەوەی نوێ کە مانەوەی خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە کە بەشداریی لە حکوومەتدا ناکەن، ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاشکراکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بوو بە دڵی ئێران.
ئەگەر پارتی و یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ستراتیژیی و بەڕێوەبردنی حکوومەتێکی هاوبەش، ئەوا دەتوانن بنبەستی دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ بشکێنن، بەڵام شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستە سەرەکییەکان، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی نەوەی نوێ، ھەروەھا چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا و دەرەوە، ھێشتا لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی داھاتوودا دەبن.
جێی ئاماژەیە ڕێکەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ واژوو کرا و ئامانجی سەرەکیی ئەوە بوو کە ئەم دوو حزبە لە بەڕێوەبردنی ھەرێم و بڕیارە سیاسییەکاندا ھاوبەش بن و دابەشبوونی پێشووی دەسەڵات کەمبکەنەوە، ڕێکەوتنەکە ھەماھەنگیی سیاسیی دوو حیزبەکە و دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکانی لە نێوانیاندا بە شێوەیەکی ھاوبەش دەخستەڕوو، ھەروەھا یەکخستنی دامەزراوەکانی ھەرێم و ھەوڵدان بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگەش بنەما سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە بوو.بەپێی خاڵێکی ڕێککەوتنەکە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبن، پۆستەکانی دیکەش بەشێوەیەکی هاوبەش وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی پەیڕەو دەکرا، بەڕێوە دەچێت.