ئەگەر یاساکە بە بەری شەقامی عێراقی بپێوین...
12/25/2019 9:55:00 PM
گمۆ محەمەد
لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و بە دەنگی فراکسیۆنە عەرەبیەکان و ناڕەزایەتی فراکسیۆنە کوردیەکان یاسای هەڵبژاردن وەک خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا.
لە شەقامی عێراقیدا وەک دەستکەوتێکی گەورە تەماشادەکرێت و کوردیش پێی وایە یاساکە زیان بەوان دەگەیەنێت، هەردوو لایەنیش بیانوی خۆیان هەیە و بیانوەکانیشیان تا ڕادەیەکی زۆر ڕەوایە.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ڕوون بکرێتەوە ئەوەیە ئایا شەقامی عێراقی ئامادەیە بۆ یاسایەکی لەم جۆرە کە زۆرێک لە بنەما دیموکراسی و مەدەنیەکانی تێدا جێکراوەتەوە؟ بۆ وەڵامی پرسیارەکە چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:
ـ یاساکە سیستمی براوەی یەکەمی کردۆتە بنەما و بازنەکانی هەڵبژاردنی لەسەر ئاستی قەزا دابەشکردووە کە ئەمەش ڕوبەڕووی چەندین کۆسپ و تەگەرەی دەکاتەوە لەسەر ئاستی عەمەلی لەوانە:
- سیستمی براوەی یەکەم دەنگێکی زۆر بە فیڕۆ دەدات، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە تاک کورسین و کاندیدەکان ململانێ لەسەر بردنەوەی یەک کورسی دەکەن کە بەشی زۆری قەزاکان دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە، بە تایبەت بۆ کورد کە لە ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان زیانی زۆری بەردەکەوێت. بۆنمونە لە قەزایەکی وەک دوزخورماتوو یاخود خانەقین کە یەک کورسیان بەردەکەوێت، بە ئەگەری زۆرەوە کورد کورسی ئەو ناوچانە لە دەست دەدات، چونکە دەنگەکان کۆناکرێنەوە و تەنها کاندیدی زۆرینە سەردەکەوێت و سەرجەم دەنگەکانی تر بە فیڕۆ دەچێت. یاخود لە پارێزگایەکی وەک کەرکوک کە دیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەهۆی ئەو ڕوداوانەی کە لەماوەی ڕابردوو ڕویان دا بە ئەگەری زۆرەوە کورد کورسیەکانی پێشوی لە دەست دەدات.
- ئەو کاندیدانەی کە بەسەربەخۆ خۆیان کاندید دەکەن و ناچنە چوارچێوەی کاندیدی لایەنە سیاسیەکانەوە توشی کێشە و ڕێگری زۆر دەبنەوە، چونکە ئەو کاندیدانە خاوەن میدیایەکی بەهێز یاخود چەک و پارە نین تاوەکوو لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا بتوانن بردنەوە مسۆگەربکەن.
- ئەو هێزە سیاسیانەی کە بە هێزی هەڵبژاردن ناسراون لەناو کۆمەڵگەی عێراقی و هەرێمی کوردستاندا بەم سیستمە توشی کێشە دەبنەوە، چونکە لە بنەمادا ئەم هێزانە بڕوایان بە ئەنجامدانی تەزویر و بەخشینیەوەی چەک و پارە نیە، و تەنها کار لەسەر ململانێی مەدەنیانەی هەڵبژاردن دەکەن، نمونەی وەک بزوتنەوەی گۆڕان کە ڕەنگە لەبەرامبەر کاندیدانی یەکێتی و پارتیدا توشی کێشەی گەورە ببنەوە، لەسەر ئاستی ڕێگری یاخود گەیشتنیان بە ناوچە جیاوازەکان و بانگەشەکردن بە ئازادی.
- هێزە مەدەنیەکان، ئەوانەی کە بڕوایان بە خێڵ و عەشایەرگەری نیە دوبارە کێشەی گەورەیان دێتە ڕێ لەبەرامبەر هێزەکانی تردا کە لە ناوچە دورە دەستەکان(قەزا و ناحیەکان) پشت دەبەستن بە کاندیدی خێڵ و هۆزەکان کە نفوسێکی زۆریان هەیە، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق ئەم کێشەیە زیاتر زەق دەبێتەوە.
ـ دەنگدان و هەژمارکردنی ئەلکتۆرنی:
ئەمیش یەکێکە لەو کێشانەی کە دوبارە یەخەی هەڵبژاردن دەگرێتەوە و هێزەکانی دەسەڵات، ئەوانەی کە پشت بە ساختەکاری دەبەستن سودی لێدەبینین، ئەزمونی سیستمی ئەلکترۆنی لە عێراقدا ئەزمونێکی تاڵە و ئەو ڕوداوانەی کە ئێستا ڕودەدەن دەرهاویشتەی دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنن.
سیستمی کۆتا(ئافرەتان و کەمایەتیەکان)
سیستمی کۆتا لەم یاسایەدا جێگەی نابێتەوە و دیاریکردنی ڕێژەی ٪۲٥ تەنها بۆ چاوبەستکردنی خۆپیشاندەرانە، چونکە سیستمی براوەی یەکەم و فرە بازنەیی سیستمی کۆتا ناگرێتە خۆی.
ئەوەی دەمێنێتەوە یاساکە وەک نوسراوو ئاستە نەزەریەکەی یاسایەکی تەواو مەدەنی و دیموکراسییە و ئەگەر وەک خۆی جێبەجێبکرێت بە دڵنیایی سەرکەوتنی گەورە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەست دەهێنێت، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی کە بەسمان کرد ڕەنگە خۆزگە بۆ یاساکەی پێشوو و گەڕانەوەی سانتلیگۆی هەموارکراو و هەژماری دەستی بخوازین.