628وتار

خۆپیشاندانەکانی عێراق و گواستنەوەیان بۆ هەرێم

10/4/2019 10:33:00 PM
گمۆ محەمەد


لە دوای ۱۷ شوباتی ۲٠۱۱ەوە چەندین جار و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا خۆپیشاندان هەرێمی کوردستان و تایبەتتر شاری سلێمانی گرتۆتەوە، بەڵام خۆپیشاندانەکان  ئەگەر بێ ئەنجام نەبوبن، ئەوا تەواوی داخوازیەکانیان بەدی نەهێناوە، لە هەمان کاتیشدا کۆتاییان پێهاتووە.
لە ئێستاشدا کە لە پایتەختی عێراق و  بەشێک لە شارەکانی تر خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەدەچێت، پرسیارێک دێتە ئارەوە، ئایا خۆپیشاندانەکان هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و چونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حکومەت، جۆرێک لە بێدەنگی و نەمانی ناڕەزایەتی دەستەجەمعی بەدیدەکرێت، کە ڕەنگە هۆکارەکەشی بەپلەی یەکەم بۆ نەمانی سەرکردەی نەڕەزایەتیەکان نەوشیروان مستەفا بگەڕێتەوە، چونکە بوونی ئەو لەسەر گۆڕەپانی سیاسی پاڵپشتیەکی گەورە و هێزێکی زۆربوو بۆ چینی هەژاران کە چینی سەرەکی ناو ناڕەزایەتیەکانن.
جگە لەو هۆکارە گۆڕانی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕانە بە بەراورد بە ساڵانی پێش ۲٠۱٤، چونکە لەو کاتەدا بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هێزی گەورەی پشت ناڕەزیەتیەکان بوون و بارەگاکانیان شوێنی مانەوەی ئازادیخوازان بوو، هەڵبەت بە هاوکاری کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئەهلی و ڕۆشنبیران، کە هەموو پێکەوە بەرەیەکی بەهێزی دژە دەسەڵاتیان دروستکردبوو.

لە دوای ساڵی ۲٠۱٤ەوە  پاشەکشەیەکی بەرچاو و گۆڕانکاری گەورە هەبوو لە تێڕوانینی هێزەکان بۆ شەقام و ناڕەزایەتیەکان، بە جۆرێک نەوشیروان مستەفا بەهۆی نەخۆشکەوتنیەوە دورکەوتەوە وگۆڕان و کۆمەڵ و یەگرتووش بە کێشەی ناوخۆیەکانەوە سەرقاڵبوون کە زۆرێک پێیان وابوو دەسەڵات هۆکاری جیابونەوە و ناڕەزایەتیەکانە.

نەمانی میدیای ئەهلی و تاپۆکردنی یەکجار کەناڵی ئێن ئاڕ تى  لەسەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ، و گۆڕینی ئاڕاستەی کارکردنی لڤین و ئاوێنە و کڕینەوەی پەیجە گەورەکانی فەیسبوک لە لایەن چەند کەسێکەوە و بەکارهێنانیان بۆ ململانێی سیاسی،  نەمانی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یاخود کارکردنیان بە ئاڕاستەی سیاسەتی یەکێتی و پارتی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، هەموو ئەمانە پێکەوە پەرتەوازەییەکی گەورەیان دروستکردوو کۆتاییان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە گەورەکان هێنا.

ئایا ئامادەین بۆ  دەرهێنانی ناڕەزایەتیەکان لە سۆشیال میدیا و پێچەوانەکردنەوەیان بۆ  شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر و شارەکانی تر؟

لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد، ڕەنگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کورتخایەن بێت و ئامانج و مەبەستی خۆی نەپێکێت تا کاتێک کە:

1. سەرکردەیەکی کاریزمی هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا لە پشتی خۆپیشاندانەکان بێت، کە هیچ بەرژەوەندیەک نەبێت بۆ پاشەکشەکردن پێی.
2. خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و بوونی میدیایەکی بەهێزی ئەهلی کە بەکارنەهێنرێت لە پێناو هێزێک یاخود بەرژەوەندی هێزی سیاسی.
3. هێزێکی خۆڕسکانەی جەماوەری هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕانی سەردەمی نەوشیروان مستەفا، کەهیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئاڕاستەی بکات و سەرکردەکانی مەلەفدار نەبن، یاخود هیچیان نەیابێت بەدەستەوە، تاوەکوو بێ دودڵی هاوشێوەی سەدر ڕابەرایەتی ناڕەزایەتیەکان بکات..
4. شکستی کابینەی نۆیەمی حکومەت و کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی کە بزوتنەوەی گۆڕان دایناوە بۆ چاکسازی و گەڕانەوە بۆ کارکردنی هاوشێوەی پێش ۲٠۱٤.

لە کۆتاییدا گرنگە بوترێت، لە ئەگەری ڕونەدانی خاڵی دووەم و چوارەمدا خاڵی سێیەم خۆی دەسەپێنێت و دروستبوونی سەرکردەش پێویستی بە کات و قۆناغێکی زەمەنی دیکە هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن