788وتار

پێدانی زانیاری وەک قۆناغی یەکەمی چاکسازی

7/8/2020 8:47:00 PM
گمۆ محەمەد

یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری یەکێکە لەو یاسا گرنگانەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە دەستکەوتی خۆیانی دەزانن و ساڵانە چەندین پڕۆژە و فەندی نێودەوڵەتی بۆ وەردەگرن، یەکێکە لە یاسا مۆدێرنەکانی کوردستان و ناوچەکەو دوای خەبات و هەوڵی کۆمەڵگەی مەدەنی بەدیهات، ئێستا کە بڕیار وایە چاکەخواز و ڕیفۆرمخواز بن فەرموون جێبەجێی بکەن.
یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ژمارە ۱۱ی ساڵی ۲٠۱۳، هاوشانی چەندین یاسای دیکە، ڕەنجی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناوخۆییەکانە، یاساکە کۆڵەکەی ئەساسی شەفافیەت و قەلاچۆکردنی گەندەڵییە، وەک کۆڵەکەکانی تری ئیرادەی سیاسی و هەوڵ و خەباتی پەرلەمانی.
لە هەرێمی کوردستاندا، تا پێش ساڵی ۲٠۱۳ بەخشین و پێدانی زانیاری بە هاوڵاتیان، ڕێکخراوەکان، هێزە سیاسیەکان و ڕاگەیاندن و هتد، وەک خێر و سەدەقە لە لایەن حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەبینرا و ئەو کات پێیان وابوو کە داواکردنی ژمێرەی مانگانەی وەزارەتێک یان بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی، تێچووی پڕۆژەیەک، دیار نەمانی بڕێک پارە، هێڵی سورە و هاوڵاتی مافی نیە پرسیارێکی لەو جۆرە لە حکومەت بکات و حکومەتیش مافی ڕەوای خۆیەتی وەڵام نەداتەوە، تەنانەت هەندێک جار هەڕەشە لە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان کراوە بە بیانوی بڵاوکردنەوەی زانیاری، بۆ نمونە بە پێی یاسای ۱٤ی ڕێکاری فەرمانبەرانی ساڵی ۱۹۹۱، فەرمانبەران پابەندکرابوون بە شاردنەوە یاخود پاراستنی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستیاندایە، تەنانەت لەئەگەری ئاشکراکردنیدا فەرمانبەرەکە سزا دەدرا، یاسای سزادانی عێراقی ۱۹٦۹ ش هێندەی لە خزمەت شاردنەوە و پاراستنی زانیارییەکانە، هێندە خزمەتی شەفافیەتی نەکردووە.
لە دوای ساڵی ۲٠۱۳ و دەرچونی یاسای ژمارە ۱۱ی مافی بەدەستهێنانی زانیاری بارودۆخەکە پێچەوانە بۆوە، پەرلەمانی کوردستان بە یاسا چەسپاندی کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە زانیاری لە دامودەزگاکانی حکومەت دەستبکەوێت جگە لە بابەتێک کە پەیوەندی بە ئەمنی و سەربازی، یاخود زانیاری کەسی فەرمانبەرێکی دەوڵەتێکەوە هەبێت.
دەرکردنی یاسایەکی لەو جۆرە دەستکەوتێکی مەزن بوو بۆ خەباتی پەرلەمانی و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن لەو کاتەدا، چونکە بە یاسای مافی بەدەسهێنانی زانیاری ئەم خاڵانەی خوارەوە چەسپان:
۱ـ لە بەشی سێیەم، مادەی چوارەمی یاساکەدا هاتووە: هەموو کەسێک چ سروشتی بێت یان مەعنەوی مافی ئاگاداربوون و بەدەستهێنانی زانیاری و چەند دانەیەک لەو دۆکۆمێنتانەی هەیە کە لە دامودەزگاکان داوای دەکات بە دەر لەو زانیاریانەی کە لە مادەی چواردەی یاساکەدا باسکراون.
۲ـ لە بەشی سێیەم مادەی شەشەمیشدا هاتووە کە ئەم زانیاریانەی خوارەوە بڵاوکردنەوەیان ئەرکە:
یەکەم: هەر دامودەزگایەکی گشتی دەبێت ساڵانە دەلیلێک دەربکات، یان لەسەر سایتی ئەلکترۆنی خۆی یان لەسەر ڕاپۆرتێک کە ئەم زانیاریانەی تێدابێت بڵاوبکاتەوە و بەردەوام ئەپدەیتیان بکات.
ئەلف. پەیکەرەکەی، ناونیشان و ماڵپەرە ئەلکترۆنییەکەی، ڕێگاکانی پەیوەندیکردن پێیەوە، ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی زانیاری، ئەرکەکانی، بڕیارەکانی، ڕێوشوێنەکانی دامەزراندن، بەرپرسەکانی و ناونیشانە وەزیفەکەیان.
ب. بودجە و تەرخانکراوەکانی، حسابە کۆتاییەکەی. ج. پڕۆژەجێبەجێکراوەکان، ئەو پڕۆژانەی لە باری جێبەجێکردندان، ئەو پڕۆژانەی بڕیارە جێبەجێبکرێن
د. ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشیان دەکات.
س. ئەو سکاڵایانەی پێشکەشکراون و ئەو ڕێکارانەی گیراونەتەبەر.
بەدەر لە بەشی سێ مادەکانی چوار و شەش، یاساکە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی ناچارکردووە بە پێدانی زانیاری و دەستنیشانی کردنی چۆنێتی پێدانی زانیارییەکە، هەروەها دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤیشی ڕاسپاردووە بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی یاساکە و بەدواداچون بۆی، لە ئەگەری پێنەدانی زانیاریشدا کەسی داواکەر دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات و لەبەرامبەردا سزای مادی ۲٥٠ هەزار کەمتر نەبێت و ٥٠٠٠٠٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت بۆ داناوە.
یاسای ژمارە ۱۱ی ساڵی ۲٠۱۳ ی مافی دەستکەوتنی زانیاری دەبوو لە دوای ۹٠ ڕۆژ لە دەرچونی یاساکەوە بچوایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان لە دوای ۷ ساڵ بەسەر دەرکردنی یاساکەدا، تا ئێستا ناتوانن زانیارییە پێویستییەکانیان دەستبکەوێت و لە لایەن حکومەت و دامەزراوەکانیانەوە ڕێکارە پێوستەکانی جێبەجێکردنی نەگیراوەتەبەر.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاکسازی وەک بنەمای سەرەکی کابینەکە، هێندەی تر جێبەجێکردنی یاساکەی کردۆتە پێویستی قۆناغەکە، چونکە ئەگەر بڕیارە ئیرادەیەک هەیە بۆ چاکسازی و هێزە بەشدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت هەڵە و گەندەڵییەکانی کابینەکانی پێش خۆیان ڕاستبکەنەوە، هەنگاوی یەکەم و پێویستی قۆناغەکە وا دەخوازێت شەفاف بن لە پێدانی زانیارییەکان بە پەرلەمانی کوردستان و ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندن و هاوڵاتیان، تا لەو ڕێگەیەوە پێکەوە هەنگاو بەرەو چاکسازی گشتگیر بنێن، هیچ دەرەچەیەکیش بۆ هەنگاوێکی لەو جۆرە نیە جگە لە جێبەجێکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن