بەپەلە.. دوو ترلیۆن و نیوی چاودێری کۆمەڵایەتی دیار نەماوە
02:52 - 23/11/2025
زەمەن _ عێراقی
دوو ترلیۆن و نیو دینار لە وەزارەتی کاری عێراق دیارنەماوە و وەزیریش دەڵێت: پارەکە لەنێوان وەزارەتیی ئەوان و داراییدا بووە و سکاڵایان تۆمارکردوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، لەبارەی دۆسییەیەکی هەستیار قسەیکرد و ڕایگەیاند: تەواوی پارەی سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی کە بڕەکەی دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دیناربووە و لە وەبەرهێنان و پشکی سندوقەکە لە قازانجی کۆمپانیاکانەوە کۆکراوەتەوە دیار نەماوە.
ئاماژەی بەوەشدا وەزارەت پلانی وابووە، لەبری پشتبەستن بە حکومەت و خەزێنەی دەوڵەت، لەڕێگەی ئەو پارەیە و قازانجی وەزارەت موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دابینبکات.
لەبارەی ئەوەشی چۆن بە بابەتەکەیان زانیوە ئاماژەی بەوەداوە، دوو مانگێک پێش ئێستا کاتێک چوونە سەیری سندوقەکە بکەن تووشی سەرسوڕمانبوون کە زانیویانە هەموو پارەکە بێئاگاداریی ئەوان ڕاکێشراوە.
وتیشی مامەڵەکردن بە پارەکەوە لەنێوان وەزارەتی کار و داراییدا بووە و پێدەجیت پارەکە بۆ سەنەدات ڕاکێشرابێت و وەزارەتەکەشیان سکاڵای تۆمارکردوە.