سوڕی نوخبەی سیاسی
6/30/2026 11:43:00 AM
ئومێد خدر
ئاشکرایە ڕێژەو
حەجمی گەندەڵی لەعێڕاق لەلوتکەدایە لەڕیزبەندی پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵە، هەروەکو
باس دەکرێت کارێکی ئاسایی و نۆرماڵت لەفەرمانگەیەک بۆ ناڕوات بەبێ بەرتیل و ڕەشوە.
واتە حکومەت بریتیە لەتۆڕێکی گەندەڵی بەمەش نەوەستاوە دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانانیش
پشکی گەورەی گەندەڵیان بەرکەوتوە و بەشێک لەوانەی دەست گیرکراون پەرلەمانتارن ئەمەش
ترۆپکی گەندەڵی وڵات پیشان دەدات، هەرێمی کوردستانیش ئەگەر لەعێڕاق خراپتر نەبێت وەکو
عێڕاق وایە لەڕووی گەندەڵی و ناشەفافی و بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات ، بەڵام یەک
خاڵی جیاوازی جەوهەری لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە ئەویش ئەوەیە کەلەبەغدا سوڕی
نوخبەی سیاسی هەیە واتە هەر چوارساڵ جارێک دەسەڵات دەگۆڕێت ئەمەش یەکێکە لە مقوماتەکانی سیستەمی دیموکراتی
و بەرەو شەفیافیەت هەنگاو دەنێت، چونکە ئەو دەسەڵات و نوخبە سیاسیە لەبەر ئەوەی سوڕ
دەخوات چاوپۆشی ناکات لەگەندەڵی چوار ساڵی دەسەڵاتی پێش خۆی ، بەڵام لەهەرێمی
کوردستان لەبەر ئەوەی سوڕی نوخبەی سیاسی نیە دەسەڵات ناگۆڕێت ئەمەش وادەکات سیستەمەکە
خۆی بۆتە سیستەمێکی گەندەڵ و بەدرێژای حوکمڕانی هەرێمی کوردستان یەک نوخبەی سیاسی
حوکمی هەرێمی کوردستانی کردووە وەهیچ دەلاقەیەک نیە بۆ ئاشکرابوون و تێکشکانی ئەم
سیستەمە گەندەڵە ، وەتا ئێستاش بەدرێژای سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان تەنانەت
یەک بەڕێوبەری گشتیش لێپرسینەوەی لێ نەکراوە لەسەر گەندەڵی، بۆیە تا گۆڕانکاری لەدەسەڵات
و سوڕی نوخبەی سیاسی ڕوونەدات هیچ گەندەڵێک ڕاپێچی دادگا ناکرێت، چونکە ئەم سیستەمە
گەندەڵەی ئێستا هەیە بەرگری لەکاراکتەرە گەندەڵەکانی ناوی دەکات بەئاشکرابوونی یەک
دۆسیەی گەندەڵی تەواوی سیستەمە گەندەڵەکە دەڕوخێت!!