14 عیراق

موسەنا سامەڕایی بە 6 ساڵ زیندان سزا درا و دەبێت 30 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە

01:17 - 29/10/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند:، موسەنا سامەڕایی، ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، بەهۆی سوودوەرگرتن لە گرێبەستەکانی دوو کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و باشوور، بە شەش ساڵ زیندان سزا دراوە.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوێک کە دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵ بڵاویکردووەتەوە بڕیارەکە موسەنا سامەڕایی ناچار دەکات ٣٠ ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، ئەو پارەیەی دەستەکە دەڵێت لە رێگەی ناوەندگیری لە گرێبەستەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە بەدەستی هێناوە.
بەمەش بڕیارەکە تەنها سزای زیندان نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەش دەگرێتەوە کە بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە گرێبەستەکانەوە دەستکەوتووە، بڕی 30 ملیار دینار وەک پارەی پێویست بۆ گەڕاندنەوە باس کراوە، نەک تەنها غەرامەیەکی دارایی.
هاوکات دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمان، بەهۆی سوودوەرگرتن لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور، بە 5 ساڵ بەندکردنی توند سزا دراوە و ناچار کراوە 4 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە.
موسەنا سامەڕایی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەتۆمەتی گەندەڵی و سود وەرگرتن لە پلە و پۆست بۆ مەرامی کسی  دەستگیر کرا و دۆسیەکەی پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەکانی عەدنان جومەیلی، بەرپرسی پێشووی کاروباری پاڵاوگەکان لە وەزارەتی نەوت، هەبوو، جومەیلی دواتر وەک گەواهیدەر بۆ دادگاییکردنی سامەڕایی بانگهێشت کرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن