بوچی كورد لە شیخ مەقسود و ئەشرەفییە شەری كرد؟
1/12/2026 1:29:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی
زۆر كەس دەڵێن بۆچی هەسەدە لە حەلەب بەرگری كرد و بەبێ شەڕ پاشەكە نەكرد. لە كاتێكدا دەیزانی ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ بەرگری بكات. چونكە هەردوو گەڕەکی كوردی لە ژێر گەماروو و گوشاری سەربازی زۆردا بوون و نەتوانرا هێزی پاڵپشتییان بۆ بنێردرێت. لێرەدا، گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین كە مەسەلەكە تەنیا ئەوە نییە كورد بۆچی لە حەلەب شەڕی كرد یان نەیكرد. مەسەلەكە ئەوەیە توركیا و حكومەتی ئەلشەڕع چیان دەوێت و بۆچی هێرشیان كردە سەر كورد لەو دوو گەڕەكەدا، لە كاتێكدا بە پێی ڕێككەوتنی ١ی نیسانی ٢٠٢٥ دەبوو هێزی ئاسایش لەو گەڕەكانەدا هەبێت و حكومەتی سووریاش ئەمەی قبوڵ كردبوو.
پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەگەر كورد بەبێ شەڕ لە حەلەب پاشەكەش بكردایە، ئیدی توركیا و حكومەتی ئەلشەڕع وازیان لە كورد دەهێنا؟ ئایا هیچ گەرەنتییەك هەیە لە ئێستا یان لە داهاتوودا ھیچ هێرشێكی تر نەكرێتە لەسەر كورد ؟ ئایا حكومەتی ئەلشەڕع ئامادەبوو دان بە مافەكانی كورددا بنێت یان چاوی لە ڕۆژئاوای كوردستان نەبێت؟ بێگومان نەخێر. بوویە، پرسیارەكە زۆر گەورەتر و قووڵترە لە بابەتی دوو گەڕەکی كوردی لە حەلەب. ئەم كێشەیە پەیوەندی نییە بەوەی كورد لەو دوو گەڕەدا بمێنێت یان نەبێت؛ بەڵكو توركیا و حكومەتی سووریا دەیانەوێت دیفاكتۆی ڕۆژئاوای كوردستان لەناو ببرن و هیچ شتێك بە ناوی دەسەڵاتی كوردی لە سووریا نەهێڵن. حكومەتی ئەلشەڕع بە پاڵپشتی توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتی لە ڕۆژئاوا هەیە نەمێنێت. بۆیە، ئەوەی لە ئەشڕەفیە وشیخ مەقسوود ڕوویدا، سەرەتای جێبەجێكردنی ئەو پڵانە بوو، و دڵنیام ئێستا پلان وبەرنامەیان ئەوەیە و خۆیان ئامادە دەكەن ئەگەر بوویان بكرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی تر دژی كورد لە ناوچەكانی تری كوردستان. توركیا چەندین ساڵە ئەم بەرنامەی هەیە و ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێ دەكات.
بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە: باشە، ئەگەر كورد لە ئەشڕەفیە و شێخ مەقسوود شەڕ نەكات، ئەی لە كوێ شەڕ بكات؟ ئەگەر لە عەفرین شەڕ نەكات، ئەگەر لە گرێ سپی شەڕ نەكات، لە سەری كانییە شەڕ نەكات، لە سەدی تشرین شەڕ نەكات، ئەی لە كوێ بەرگری بكات؟ ئایا كاتێك حكومەتی ئەلشەڕع بە پاڵپشتی توركیا ناوچە كوردییەكان بەبێ شەڕ داگیر بكات وەك باسمان كرد كە ئەمە پڵانیانە ئەو كات كێ دێت باسی پرسی كورد دەكات؟ كێ ئەو كات ئامادەیە پاڵپشتی كورد بكات یان گرنگی بە فاكتەری كوردی دەدات؟ پێویستە ئەوە بزانرێت: ئەگەر كورد ئەو شەڕەی لە حەلەب نەكردایە، دەبوو ئەمڕو سبەینێ لە سیمالكا، دێریک و قامیشلی شەڕ بكات. كەواتە ئایا باشتر نییە لە ناو قوولای ستراتیژی دووژمندا شەرەكەت بكەیت؟ باشە ئەگەر كورد هەموو ئەوەی حكومەتی سووریا و توركیا دەڵێن بەبێ شەڕ قبوڵ بكات، ئەو كات كام وڵات دێت یارمەتی كورد دەدات؟ كام وڵات دێت و دەڵێت كورد هاوپەیمانی ئێمە بوون و قوربانییەكی زۆریان لە شەڕی داعش داوە و دەبێت مافەكانیان پارێزراو بێت؟
توو سەیری ڕووسیا بكە: بۆچی هێرشی كردە سەر ئۆكرانیا؟ چونكە پێی وایە ئۆكرانیا پێگەیەكی ستراتیژییە بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا. یان سەیری وڵاتانی ئەوروپا بكە: بۆچی یارمەتی ئۆكرانیا دەدەن؟ هۆكارەكە ئەوەیە دەزانن ئەگەر لە ئۆكرانیا لەگەڵ ڕووسیا شەڕ نەكەن، دەبێت سبەینێ چاوەڕێی ئەوە بن كە لە پاریس و بەرلین شەڕی ڕووسیا بكەن. سەیری ئەمریكا بكە: بۆچی هێرشی كردە سەر ڤێنزوێلا؟ یان سەیری ئیسرائیل بكە: بۆچی هێرش دەكاتە سەر حیزبوڵا لە لوبنان، یان كەرتی غەزە، یان بۆچی ئێستا باشووری سووریا داگیر دەكات؟ چونكە ترسی ئەوە ھەیە ئەگەر شەر لەو ناوچانە نەكات سبەید ەبێت لە تەلئەبیب شەریان لە گەل بكات. سەریی توركیا بكە: بۆچی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان داگیر دەكات، یان هێرش دەكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، یان بۆچی لە لیبیا، سۆمالیا و قەتەر پێگەی سەربازی هەیە؟ یان سەریی ئێران بكە: بۆچی ئەو هەموو هێزە پرۆكسییانە لە ئاستی هەرێمی دروست كردووە؟ هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە كە پێیان وایە بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان بەهێز بێت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیان پارێزراو بێت، دەبێت شەڕ ببرنە ناو ناوچەی نفووزی نەیارەكانیان. پێیان وایە ئەگەر ئەو كارە نەكەن، لەوانەیە سبەینێ شەڕ لە ناو وڵاتەكەیان یەخەیان بگرێت. ئەمانە هەموو نموونەن بۆ ئەوەی بۆچی وڵاتان هەوڵ دەدەن شەڕ ببەنە ناو ناوچەی نفوزی دوژمنەكانیان.بۆیە، سەبارەت بە كورد، هێشتا مەترسی جینۆساید لەسەر ھەیە و لە هەموو لایەكەوە دەورەدراوە و نەیارەكانیان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ لەناوبردنیان. بۆیە، ئایا ڕەوا نییە كورد بیر لەوە بكات دوو مەتر دوورتر لە گەڕەكەكانی شەڕ بەرگری بكات؟ لە كاتێكدا كورد باش دەزانێت ئەگەر ئەو شەڕە نەكات، دوژمنان هەڵدەقوڵنە سەر ماڵەكەی و داگیری دەكەن.
بۆیە، دووبارە دەڵێم: یەكەم هەنگاو بۆ ئەوەی خۆت بپارێزیت و خاوەنی كیان و دەسەلاتی خود بیت، ئەوەیە دەبێت ئامادە بێت بەرگری لە ولاتەكەت بكەێت. كاتێك تۆ لەسەر خاكى خۆت بەرگری لە خۆت دەكەیت، دەتوانرێت هاوكێشە سیاسییەكان بگۆڕدرێن، دەتوانرێت ڕای گشتی جیهان بۆ لای خۆت ڕاكێشیت. بەڵام ئەگەر بەرگری لە وڵاتەكەت نەكەیت، یەك كەس لە دونیاش لە سەرت بەجواب ناھێت. خۆزگە ئێمە تەنها دوو ڕۆژ لە كەركوك بەرگریمان بكردایە؛ ئەو كات دیار دەبوو هاوكێشەكان چەند زوو بۆ بەرژەوەندی كورد دەگۆڕان. بەڵام كاتێك لە ١٢ كاتژمێردا كەركوك داگیر دەكرێت و دونیا لە خەو هەڵستا دەبینن، كورد كەركوكی چوڵكردوە. ئەو كات هیچ كەس ئامادە نییە پاڵپشتی بكات یان گوشار لەسەر میلیشیا شیعەكان دروست بكات تا دووبارە كەركوك بدەنەوە بە كورد.