11وتار

تەلەفونەکەی ترەمپ و بڕیارەکەی هەرێم

3/7/2026 2:29:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی

لە ٢ ئاداری ٢٠٢٦ ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی کورد، لەوانەش سەرۆک بارزانی و بافڵ تەلەبانی، قسەی کردووە. هەروەها لە سەر دەستپێشخەری بارزانی، ترەمپ لەگەڵ موستەفا هیجری، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش قسەی کردووە. بەپێی سەرچاوەکانی واشینگتۆن پۆست، ترەمپ بە سەرکردەکانی کورد ڕاگەیاندووە کە دەبێت لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵوێستێکی ڕوونتان هەبیت ؛ یان لەگەڵ ئەمریکا دەبن یان لەگەڵ ئێران. هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم قسەیە زیاتر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کراوە.

لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵانە، عەباس عیراقچی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و دواتر لەگەڵ بافڵ تەلەبانی قسەی کردووە. لەلایەکەوە بۆ ئەوە بوو بزانێت ترەمپ چیان پێگوتووە، و لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات سنووری هەرێم لەلایەن هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بەکاربهێنرێت بۆ هێرش کردنە سەر ئێران.

لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە زۆر کەس بە هەڵە تێگەیشتوون و باس لەوە دەکەن گوایە داوا کراوە هەرێم ڕاستەوخۆ بچێتە شەڕەوە. ئەم دەنگوباسانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نین و ئەمریکاش ئەم داوایا لە کورد ناکات. بەڵکوو ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت هێزە ئۆپۆزسیۆنی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە کوردییەکاندا دەست بە هێرش کردن بکەن  و ئەمریکاش بەلێنی داوە یارمەتییان بدات. هەرچەندە هێشتا ئەم بابەتەش بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە. لێرەدا راستییەک هەیە؛ ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی جدی بێت لەسەر ئەوەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بەکاربهێنێت، هەرێم ناتوانێت ڕێگا لە ئەمریکا بگرێت. چونکە ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بێت، جا هەرێم لەگەڵیدا بێت یان ڕەتی بکاتەوە، ئەمریکا دەتوانێت ئەو کارە بکات.

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە مادام ترەمپ خۆی تەلەفۆنی کردووە، واتە لە ڕێگەی کەناڵەکانی ترەوە نەبووە. بەمەش دەردەکەوێت هەر پەیامێک گەیاندبێت بۆ لایەنی کوردی، زۆر جدی بووە و بۆ ئەوە بووە کە کورد دڵنیا بن ئەمە پەیامی خۆی ترەمپە.

بەڕاستی و ڕاشکاوی دەڵێم، دژایەتی کردنی ئەمریکا، بە تایبەتی کەسی ترەمپ، یان شکاندنی قسەکانی، کارێکی زۆر قورسە و باجێکی گەورەی دەوێت. لەم چوارچێوەیەدا پێموایە ئاساییە هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێک لەم شەڕە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت هەرێم ڕێگە بگرێت لەوەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەست بە هێرش بکەن بۆ سەر هێزەکانی ئێران. چونکە کوردی ڕۆژهەڵات دەرفەتێکی زێڕینیان لەبەردەمدایە و ئەگەر لەدەست بچێت لەوانەیە سەد ساڵی دیکە دووبارە نەبێتەوە.

سەبارەت بە مەترسییەکان بۆ هەرێم، هیچ گومانێک تێدا نییە کە مەترسی هەیە. هەرچەندە تاکوو ئێستا هەرێم هەوڵی داوە هاوسەنگی بپارێزێت و نەبێتە بەشێک لەم شەڕە، بەڵام هەر لە دەستپێکی شەڕەکەوە، ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی بەردەوام بوون لە هێرش کردنە سەر کوردستان. بۆیە، سەرەڕای ئەوەی هەرێم ڕاگەیاندووە بێلایەنە، ئەمە هیچ سودێکی بۆ هەرێم نەبووە و ڕێگری نەکراوە لە هێرشەکان. بۆیە ئەگەر هێزە کوردییەکان بڕۆن بۆ ڕۆژهەڵات، جا بە دڵی هەرێم بێت یان نە، گومان تێدا نییە کە ئێران هێرشەکانی توندتر دەکات لەسەر هەرێم. وەک ئەمڕۆش ئەنجومەنی بەرگریی ئێران ڕاگەیاندووە کە هەموو دامەزراوەکانی هەرێم دەکەنە ئامانج. ئەمەش سەرەڕای گوشاری هێزە شیعەکان و تەنانەت حکومەتی عێراق لەسەر هەرێم.

لێرەدا مەترسییەکە تەنها ئەوە نییە کە ئێران هێرش زیاتر دەکاتە سەر هەرێم، بەڵکوو مەترسییەکە بۆ هەرێم و کوردەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە ئەگەر هێرشەکان وەستان و سیستەمی سیاسی نەڕووخا، ئەو کات مەترسییەکان زیاتر دەبن. هەرچەندە ئەمە ڕاستە، بەڵام دەبێت لەبیرمان نەچێت کە ئێران جارێکی دیکە نابێتە ئێرانی جاران، تەنانەت ئەگەر بمێنێت. لە لایەکی تریشەوە، کورد دەتوانن لەگەڵ ئەمریکا قسە بکەن بۆ هەر دوو حاڵەتەکە؛ واتە سیستەم ڕووخێت یان بمێنێت، کورد پارێزراو بن و پشت لە کورد نەکرێت.

هەروەها نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە ئەگەر ئەمریکا نییەتی بێت هێز بنێرێتە ناو ئێران و کورد ڕەتی بکاتەوە، ئەمریکا دەتوانێت بژاردەی تر هەبێت و لەوانەیە ئازەرییەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. ئەو کات کورد نەک تەنها دەرفەتێکی زێڕین لەدەست دەدات، بەڵکوو لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا پەراوێز دەخرێت و دواتر ناتوانێت گلەی لە ئەمریکا بکات بۆچی پشتگیری کورد ناکات.

لە کۆتاییدا دوبارە دەکەمەوە کە ئەم دەرفەتەی بۆ کورد هاتووە لەوانەیە سەد ساڵی دیکە دووبارە نەبێتەوە. بۆیە هەندێک جار دەرفەتەکان ئەوەندە گەورەن کە شایانی ئەوەن ریسک بۆیان بکرێت. هیچ گەل و میلەتێک بەبێ ریسک و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ناگاتە ئامانجەکانی.

سەرکردایەتی ڕاستەقینەش ئەوەیە کە لە کاتی قەیران و تەنگژەکاندا بڕیاری ڕاست بدەیت. ئەگەر دۆخەکەئارام و ڕێگا پان و پان بێت، هەموو کەس دەتوانێت ببێتە سەرکردە. هەروەها نابێت لەبیرمان بچێت کە هیچ کات بە دەهۆڵ و زوڕنا میلەتان ناگەن بە مافەکانیان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن