وتار

بایدن و ترەمپ: جیاوازییەكانیان لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا

10/28/2020 3:57:00 PM 160 جار خوێندراوەتەوە
د نەوزاد ھێتوتی


بێگومان جیاوازی زۆر ھەیە لە نێوان ھەر دوو كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا، بایدن و ترەمپ سەبارەت سیاسەتی دەرەكی.
وەك زور جار باسمان كردووە ترەمپ كەسێكی نەتەوە پەرست و بازرگانە و باوەری بە سیستمی ھاوپەیمانیتی و بنەماكانی دیموكراسی نییە.
 ترەمپ باوەری بەوە نییە كە ئەمریكا دەبێت سەركردایەتی جیھان بكات یان لەڕێگەی  دامەزراوە نێودەۆلەتییەكانەوە و بەھاوبەشی لە گەل ھاوپەیمانەكانی ڕووبەڕووی كێشە و قەیرانەكان ببێتەوە. ترەمپ زیاتر باوەری بەوە ھەیە تاكلایەنە و دەرەوەی دامەزراوە نێودەولەتییەكان و دوور لە كاری ھاوبەشی بەرگیری لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات.
 تەنانەت لە سەردەمی ترەمپدا زۆربەی ئەو دامەزراوە نێودەۆلەتیانەی كە لە دوای شەری دووەمی جیھانی، ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی ڕۆلی سەرەكیان لە درووستكردنیاندا ھەبووە، ئیستا جێگەی چوڵكردووە بۆ نەیارەكانی كەلەم دامەزراوانەدا بەھێز ببن.

لە لایەكی تریشەوە،  ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆكی  ئەمریكا، بێگومان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا گورانكاری زۆری بەسەردا دێت. بایدن زیاتر جەخت لەسەر ڕۆلی ئەمریكا دەكات بۆ سەركردایەتیكردنی جیهان و سیستمی نێودەۆلەتی و بەھێز كردنی پێگەی ئەمریكا لە دامەزراوە نێودەولەتییەكاندا و بەھێز كردنی سیستمی ھاوپەیمانی لەسەر ئاستی دەرەكی.
بایدن پێیوایە سیاسەتی نەتەوە پەرستی ترەمپ یان وەك ترەمپ دەلێت "ئەمریكا یەكەم" بووەتە ھۆی ئەوەی لەسەر ئاستی دەرەكی ئەمریكا بە تەنیا بمێنیێەووە و چیتر دۆست و ھاپەیمانەكان باوەرییان بە واشنتون نەمێنێت و تەنانەت ڕوڵی ئەمریكا لە سیاسەت و ھاوكێشەكانی نێودەۆڵەتیدا لاواز كردووە. كەواتە بایدن زیاتر جەخت لەسەر سەركەردایەتی ئەمریكا (America Leadership) دەكات لەسەر ئاستی جیھان نەك America First .

بە ھەمان ئاراستەش،  بایدن زیاتر ھەوڵ دەدات كە لە ڕێگەی ئامرازە سیاسی و دیپلوماسییەكان و گوشاری ئابووری، رووبەرووی نەیارەكانی ببێتەوە. بەلام لە پرسی بەكارھینانی ھێزی سەربازی یان گوشاری سەربازی كۆتا كارت یان بژاردە دەبێت پەنای بۆی دەبات.
بە پێچەوانەی ترەمپ گوشاری ئابووری و كارتی سەربازی یەكەم بژاردەن كە پەنای بۆی دەبات بۆ رووبەروو بوونەوەی نەیارەكانی یان پراكتیزە كردنی سیاسەتەكانی.
بۆ نمونە سەبارەت ئێران بایدن پێیوایە دەبێت دەست بەجێ بگەرێنەوە بۆ رێككەوتنامەی ئوتومی لە گەڵ ئێران و بە ڕێگەی دیپلوماسی و ئامرازەكانی  ئاشتییانە  كیشەكان لە گەل ئێران چارەسەر بكەین. بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بەڕنامەی ئەتومی ئێرانەوە ھەیە. ھەروەھا سەبارەت سیاسەت و رەفتارەكانی ئێران لەسەر ئاستی دەرەكی ئەگەر ئامرازە دیپلوماسییەكان كاریگەری نەبوو، ئەو كات دەكرێت پەنا بۆ گوشاری ئابووری ببەین. بەڵام، ترەمپ ھەر لە بنەرەتدا باوەری بە بە دیالوگ و دیپلوماسییەت نییە بۆ ملكەچ كردنی ئێران. بەڵكو زیاتر لە ڕێگەی زۆرترین گوشاری ئابووری و ھەرەشەی سەربازییەوە ھەول دەدات ئێران ناچار بكات داواكارییەكانی ترەمپ جیبەجێ بكات.
ھەر چەندە تاكو ئێستا نە ئامرازە دیپلوماسیەكان و نە گوشار و ھەرەشە سەربازییەكان نەیتوانیەتی رەفتا و سیاسەتی ئێران لە سەر ئاستی ناوخوی و دەرەكی بە شێوەیەكی مەزن بگۆرن. ترەمپ ھەمان سیاسەتیش بەرامبەر كوریای باكوریش پراكتیزە كرد.

لەلایەكی تریشەوە، بایدن زیاتر باوەری بە دەستێوردان Engagement لە سەرەتای سەرھەڵدانی كێشەكانەوە ھەیە و ھەول دەدات زوو ئێحتوا بكات بۆ ئەوەی كیشەكان گەورەتر نەبن و نەبنە قەیرانێكی گەورە و مەترسی درووست بكەن لە سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی. بەلام ترەمپ رێك بە پێچەوانەی ئەم سیاسەتە كار دەكات بە درێژایی ئەم چوار سالە، ئەگەر ھەرەشەكان راستەخۆ بەرژەوەندی ستراتیژی ئەمریكا نەكرابیتە ئامانج، ھەر كێشەیەك دروست ببێت، ترەمپ خۆی لێ دورخستووەتەوە و ھەوڵی چارەسەركردنی نەداووە. بگرە زۆر كاتیش كیشەكان ئیھمالی كردووە و ڕێگەی داووە ئەكتەرەكانی دێكە دەستێوەردان بكەن و بە حەز و ویستی خۆیان ھاوكێشە سیاسییەكان بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بگۆرن كە ھەندێك جار ئەم گۆڕانەش لەسەر حسابی ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا بووە.
تەنانەت ئەگەر ترەمپ دەستێوەردانیشی كردبێت ھەموو كات  لە كوتایدا قسەی خۆی كردووە.
بێگومان ئەم سیاسەتەی ترەمپ بۆ دۆست و نەیارەكانی راستە.
نمونەكان زۆرن سەبارەت ئەم سیاسەتی ترەمپ. لەوانە:
* ھەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر ھێرشی میلیشیا شیعەكان بۆ سەر ھەریم.
* ھێرشی توركیا بۆ سەر روژئاوای كوردستان.
*شەری نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان و پرسی گەمارووەكانی سەر قەتەر.

ھەروەھا سەبارەت مانەوە یان كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، دیسان جیاوازی و ناكوكی لە نێوان ترەمپ بایدن ھەیە. راستە لە ھەندیك خاڵدا ھاوبەشن وەك ئەوەی نابێت  ئەمریكا دووبارە شەرێكی دیكە لە سەر ئاستی دەرەكی درووست بكات و دەبێت كوتای بە شەرە بێ كوتاییەكان بھینرێت.
 نابێت ئەمریكا دووبارە ھەوڵی رووخاندنی سیستمە سیاسییەكان بدات. ھەروەھا ھەر دووكیان  ھاوران لەسەر ئەوەی دەبێت بوونی ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا كەم بكرێتەوە. بەلام لە ھەمان، كاتیشدا جیاوازی ھەیە لە سەر شێوازی كشانەوەیان. بایدن جەخت لەسەر ئەوە ده‌كات كاتێك ئەمریكا دەتوانێت ھەموو ھێزەكانی بكیشیەوە سەقامگیری ھەبێت. ھاوپەیمانەكانی ئەمریكابەھێز بن وھەرەشەی تیرور نەمێنێت.

 سەبارەت عیراق، سوریا و ئەفغانستان، بایدن پێیوایە كە دەبێت بەشێكی كەم لە ھێزه‌كانی ئەمریكا لەم ولاتانەدا بمینن بۆ ئەوەی بتوان لە رووی مەشق و ڕاھینان ، لۆجیسیتی و ھەوالگەرییەوە پاڵپشتی ھیزە لوكالییەكان بكەن. بایدن باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر  ئەمریكا بە تەواوەتی لەم ولاتانە بكیشیەوە، ئەوكات بە دلنیاێیەوە دوژمنەكانی ئەمریكا  به‌ھێز دەبن و جێگەی ئەمریكا دەگرنەوە و ھەروەھا داعش دووبارە سەر ھەڵدەدات و دەتوانێت كێشەی راستەقینە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا درووست بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ترەمپ بریاری داوە بە یەكجاری لە ئەفغانستان بكێشیتەوە.
 دووجاریش ھەۆڵیداوە لە سوریاش بكیشیتەوە و ھیچ گرنتییەك نییە ئەگەر ترەمپ بووە سەروكی ئەمریكا بە تەواوی لە سوریا نەكشێتەوە..

 ھەروەھا، بایدن  پێیوایە بەرژەوەندی ستراتێژی ئەمریكا لەوەدایە كە سیستمی ھاوپەیمانەتی لەسەر ئاستی دەرەكی بەھێز بكرێت. ھەروەھا دەبێت ئەمریكا بە ھاوكاری ھاوپەیمانەكانی سەركردایەتی جیھان بكەن. بایدین پێیوایە بۆ ئەمریكا گرنگە ھەبوونێكی بەھێزی ھەبێت لەو  ناوچانەی كە  لە رووی جێوپولتێكییەوە گرنگن. لەم چواچێوەیەدا،  بایدن ھەوڵدەدات لە ڕێگەی بەھێز كردنی سیستمی ھاوپەیمانەتی نێوان دەوڵەتانی دیموكرات و پاڵپشتی كردنیان بەرژەوەندیە ھاوبەشەكان بپاریزێت و نەیارەكانی ئێحتوا بكات.
لەم رووەوە بایدن زیاتر یارمەتی دەۆڵەتە ئەوروپییەكان دەدات و دووبارە ناتۆ بەھێز دەكات بۆ ئەوەی رووبەرووی مەترسییەكانی روسیا ببنیەوە. لە ناوچەكانی رۆژھەلاتی ئاسیا و دەریای ئارام بە ھەماھەنگی لە گەڵ ھاوپەیمانەكانی مەبەستیەتی ھاوسەنگی ھێز لە گەل چین رابگرن. ھەروەھا لە ڕۆژھەلاتی ناوەراستیشدا گرنگی زیاتر بە بەھێز كردنی سیستمی ھاوپەیمانیتی دەدات.

لەلایەكی ترەوە، ترەمپ لەسەر ئاستی دەرەكی زۆر حەزی لە ھاوپەیمانی دوولایەنی و پەیوەندی كەسی لە گەل دەۆڵەتان و سەركردەكانی جیھاندا ھەیە.
ترەمپ زیاتر پاڵپشتی دەۆڵەتە ھاوپەیمانە دیكتاتورەكانی دەكات لەوەی دەوڵه‌تە ھاوپەیمانە دیموكراتەكانی.
 بۆ نمونە ترەمپ زورترین كیشەی لە گەڵ دەوڵه‌تانی ئەوروپا و ناتوو ھەیە و كەمتر كیشەش لە گەڵ  توركیا، میسر و عەرەبستانی سعودیدا ھەیە. لە كاتێكدا بەلای بایدنەوە بنەما و پرنسیپەكانی دیموكراسییەت گرنگن و دەبیت ئەمریكا  زیاتر پالپشتی ئەو پرنسیپانە بكات لەسەر ئاستی دەرەكی. بەلام ترەمپ ھیچ گرنگیەتی بەو بنەمایانە نادەت.

 بێگومان ئەم سیاسەتەی ترەمپ مەترسی گەورە لەسەر ئەو گەلانە درووست دەكات كە لاوازن و ژێر دەستەن یان خود ئەمریكا بە ھۆی بنەما و پرنسیپەكانی دیموكراسییەوە ماوەیەكی درێژە پاڵپشتیان لێدەكات. بەھەمان ئاراستەش چونكە ترەمپ لە روانگەیەكی بازرگانییەوە سەیری دۆست و  ھاوپەیمانەكانی دەكات. بەرامبەر پاراستنی ھەر وڵاتێك، داوای تێچوون و پارە دەكات. كە بێگومانیش ئەمەش مانای وایە  ئەو دەۆڵەتانەی  رووی ئابوورییەوە لاوازن، ھەموو كاتێك ئەگەری ئەوە ھەیە ترەمپ پشتیان تێبكات، تەنانەت با دۆستی زۆر نزیكی ئەمریكاش بن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement