چەند تێبینییەک لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەد
8/27/2026 12:33:00 AM
د نەوزاد ھێتوتی
پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەد لە ٢٥ی ئاب ٢٠٢٦، بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بوو کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتن کرابوو. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئەو کات ئەو ڕێککەوتنە کرا و هۆکارە ڕاستەقینەکانی چی بوون؟ لە ڕاستیدا، کاتێک لە مانگی یەکدا ئەو ڕێککەوتنە کرا، چەندین هۆکار لە پشتەوەی بوونی ئەو ڕێککەوتنە هەبوون.
یەکەم، ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە کاتێکدا کرا کە کورد لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە ژێر گوشاری زۆر گەورەدا بوون؛ لەلایەن حکومەتی سووریا و هێزە دژەکوردەکان لە ناوچەکاندا. هەروەها، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کورد پشتگیرییەکی زۆر بۆ پرسی کورد نەبوو و هەڵوێستەکان لەم ڕووەوە زۆر لاواز بوون. تەنانەت لەو کاتەدا، تۆم باراک گوشاری زۆری لەسەر کورد دروست کرد بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. بۆیە ڕێککەوتنەکە لە بارودۆخێکی ئاسایی و ئارامدا نەکرا، بەڵکو لە بارودۆخێکدا کرا کە هەڕەشەی گەورە لەسەر کورد هەبوو و هیچ ئاماژەیەک نەبوو کە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر کورد دووبارە دەست پێ بکەن، لایەنێک یان دەوڵەتێک ئامادە دەبێت، ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، لە ڕووی سەربازییەوە پشتگیریی کورد بکات.
دووەم، ڕێککەوتنەکە لە کاتێکدا کرا کە لەسەر ئەرزی واقع، لە ڕووی سەربازییەوە، هیچ هاوسەنگییەک نەبوو. بەتایبەت ئەوە تەنیا هێزەکانی سووریا نەبوون کە لەگەڵ کورد شەڕیان دەکرد؛ بەڵکو تورکیا بە تەواوی هێزی سیاسی و سەربازیی خۆی، هەروەها هەندێک دەوڵەتی عەرەبی لە ڕووی سیاسی و لۆبیکردنەوە، پشتگیریی سووریایان دەکرد. ئەمە هەمووی بەرامبەر گەلێکی بێدەوڵەت و بێپشتوپەنا بوو. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم فشارانە، پێویست بوو بیر لە تاکتیکێکی سیاسی بکرێتەوە.
چوارەم، ئەوەی لەم ڕێککەوتنەدا هەبوو، جگە لە هەندێک مافی مەدەنی، وەک دانپێدانان بە زمانی کوردی، ئەوە بوو کە لایەنی سووری ڕازی بوو هێزی هەسەد وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریا ڕێکبخرێت (integration) و ئەو هێزە لە ناوچە کوردییەکاندا بمێنێت. ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگی ڕێککەوتنەکە بوو و تا ڕادەیەک پاشەکشە بوو بە سیاسەتی دیمەشق و تورکیا، کە پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی کوردیان دەکرد. هەروەها، بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆییەوە دەبێت؛ ئەمەش دیسان خاڵێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە بوو.بۆیە، ئەوەی لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦ ڕوویدا، واتە هەڵوەشاندنەوەی هەسەد، جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتن کرابوو.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد لەم قۆناغەدا دەتوانێت لەمە زیاتر دەستەبەر بکات؟یەکەم، بیگومان زۆر سەختە، بە تایبەتی کە کورد هیچ پشتگیرییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەهێزی نییە و ئەمریکاش خۆی بە تەواوی هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و پشتگیریی حکومەتی سووریا دەکات. بەڵام بۆ کورد زۆر گرنگ بوو کە مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەد دواخرابا تاکوو داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری سووریا جێگیر بکرێن. دووەم، دەبێت کورد هۆشیار بێت لە مەسەلەی هێزی سەربازی. نابێت ڕێگە بدرێت، جگە لە هێزە کوردییەکان کە لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریا ڕێکخراون، هێزێکی تر بهێنرێتە ناوچە کوردییەکان. چونکە ئەگەر ئەەم رووبدات ئەو کات شتێک بە ناوی پرسی کورد نامێنێت و سووریاش دەتوانێت لە هەموو داواکارییەکانی پاشگەز ببێتەوە. کاتێک هێزت لەسەر زەوی نامێنێت، واتە هیچ شتێکت نامێنێت. سێیەم، پێدەچێت ئەمە پلانی سووریا بێت دوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەد؛ واتە قۆناغ بە قۆناغ کار بکات بۆ ئەو ئاراستەیە و هیزەکانی لە ناوچە کودرییەکان جێگیر بکات. بۆیە دەبێت کورد دیسان لەسەر ئاستی ئەمریکا و ئەوروپا، دوای پاراستن، گرەنتی بکات. چوارەم، مەزلوم عەبدی نە دەبوو بە پلەی راوێژکاری رازی بێت و گرنگ بگەرێتەوە رۆژئاوا و لەرووی سیاسییەوە کیانێک درووست بکات درێژە بە خەباتی سیاسی بکات.