241وتار

موڵكەكانی شاسوار!

9/3/2025 9:22:00 PM
د. کارزان تۆفیق محمود


 ئەوەی پێی ئەوترێت موڵكەكانی شاسوار و ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە و بانگەوازی فرۆشتنی بۆ دەكرێت تا قەرزەكانی حكومەتی پێ بدرێتەوە كە بە زیاتر لە ٩٢ ملیارد دینار دەخەمڵێنرێت، لە بنەڕەتدا ھەر ھەموو موڵكەكان و ئەوەشی لەسەری دروستكراوە لە باغ و ڤیلا و كابینەی گەشتیاری و ...ھتد، موڵكی گشتین، چونكە كاتی خۆی ئەو زەویانەی لەم حكومەتە وەرگرتووە بەبێ بەرامبەر یان بە نرخێكی زۆر كەم كە شایەنی باسكردن نییە «بێگومان بە پاڵپشتی حزب و كەسانی دەست ڕۆیشتوو» و ئێستاكراوە بە ناوی خۆی یان خانەوادەكەی، ئەوەشی كە دروستی كردووە دوو بەشە: یەكەمیان بە پارەی خەڵك كە ھەموی خەڵەتاندووە بەناوی پشك و قازانجەوە و بڕێكی زۆر پارەی كۆكردۆتەوە كە ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لەوەی لە دامەزراندنی پڕۆژەی چاڤیدا خەرجی كردووە.
 دووەمیان ئەو قەرزە زەبەلاحەیە كە نزیكە لە نیوەی ئەو پارەیەی كە حكومەت داوای دەكاتەوە و بە سویەكی زۆر كە خۆی لەخۆیدا جێگەی پرسیاری شەرعی و دارایشە. كەواتە حكومەت تەنھا پارەكانی خۆیەتی و وەریدەگرێتەوە. بەڵام دەسەڵات و حكومەت لەڕوی سیاسییەوە قازانجی كرد« باسی دەكەین» وە زەرەر بەر بەرژەوەندی گشتی كەوت. بەڵام با بزانین لە بەرامبەردا شاسوار چی دەستكەوت و چی لەدەستدا.
 ١- شاسوار لەوە سودمەند بوو كە بووە كەسێكی ناسراو و كەسایەتییەكی مەعنەوی بۆ دروستكرا كە بووە ھۆی ئەوەی لە پاشدا ببێتە سەرۆكی جوڵانەوەیەكی بەناو ئۆپۆزسیۆن كە زۆرینەی دەنگی ناڕەزایی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە خۆی كۆكردەوە و حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی لەمە قازانجی كرد و بەرژەوەندی گشتی زەرەر.
٢- بەو پارەو قازانجە زۆرەی پڕۆژەكان كە لەبەردەستی بوو توانی پڕۆژەكانی گەورەتر بكات و قازانجی زیاتر بكات كە ھەموی بۆ خۆی و بنەماڵەكەی و كڕینی ھەندێك كەسایەتی و قەڵەم بەدەست بۆ پاڵپشتی جوڵانەوەكەی بەكارھێنا.
٣- دامەزراندنی چەندین كەناڵی ئاسمانی كە بە دوو لایەنە سودی لێ دەبینی ، سودی ماددی و سودی پاڵپشتی بۆ جوڵانەوەكەی و خۆ بەپاڵەوانكردن و سڕینەوەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە.
٤- دروستكردنی ژیانێكی شاھانە بۆ خۆی و بنەماڵەكەی بۆ چەندین ساڵ بە ئێستاشەوە.
 ٥- ڕەنگە چەندین موڵك و ماڵی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات كڕیبێت كە ھەمووی بەو پارەیە یان قازانجی ئەو پارەیە كڕدرابن، كە شاسوار خۆی خاوەنی ھیچ نەبووە پێشتر.
 لە ھەموو ئەمانەشدا چەند ھەزاركەسێك زەرەرمەند بوون بەوەی كە ساڵانێكی زۆرە لە چاوەڕوانی قازانجی پشكەكانیانن، خەڵكانێكیان تێدایە كە ئەگەر ئەو پاڕەیەی داویانە بە پشك بیادایە بە ئاڵتون بۆ نمونە ئێستا ٢-٣ قات قازانجیان كردبوو، بەڵام لە بەرامبەر ئەو قازانجە زۆرەی پڕۆژەكە كارتی یاریكردنیان پێ دراوە بۆ جۆلانێ كردن.
لە لایەكی ترەوە بەھۆی ئەو جوڵانەوەیەوە كە شاسوار دروستیكرد بە پاڵپشتی حكومەت و حزب و پێدانی چەندین كورسی پەڕلەمان لە ھەردوو پەڕلەمانی كوردستان و عراق، خەڵكی بێ ھیوا كرد لەبەرامبەر ھەڵبژاردن و گۆڕینی سیستمی حكومڕانی، كە لەمەشدا حكومەت قازانجی كرد. بۆیە كاتێك حوكمی ڕەشید و سیستمی حكومڕانی ڕاستەقینە ھەبێت، دەبێت تێڕوانین بۆ ئەم جۆرە لە وەبەرھێنانە بگۆڕدرێت و نابێت كەس لە پڕێكا بكرێت بە كوڕێك. كە ئێستاش ئەو جۆرە وەبەرھێنانە بەردەوامە و موڵك و بەرژەوەندی گشتی دەكرێتە قوربانی كەس و كۆمپانیای حزبی لەبەرامبەر پڕۆژەیەكی بچوكی خراپ و بێ كواڵیتی.
 لە كۆتایدا شاسوار چۆن ھات ئاوا لێی دەرنەچوو ، بەڵكو بە ڕەسمی بووە خاوەنی چەندین موڵكی گشتی لەسەر حسابی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی چونكە تەنھا ٦٠ موڵك دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت ڕۆژكردنەوە لە بەندینخانە بۆ تەنھا شەوێك وەك تاوانباری ھەموو سەروەتی دنیا قەرەبوی ناكاتەوە. ئەوەش زەرەرە گەورەكەی شاسوارە
. د. كارزان تۆفیق محمود مامۆستای زانكۆ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن