757وتار

خنکاندن:- سیمای حکومڕانی ھەرێم

12/23/2021 10:11:00 PM
د. کارزان تۆفیق محمود



سەرجەم حوکمی ڕەشیدی حکومڕانانی  دونیا لەسەر بنەمای فەراھەمکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ھاووڵاتیانی دادەمەزرێت، تا لە ڕێگەیەوە ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران پێشکەش بە ھاووڵاتیانی بکات.

ھەمیشەش ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە سیمای حوکمڕانیان بە خاڵێک یان چەند خاڵێکی جیاکەرەوە لەوانی تر نیشان بدەن.

نموونەی ئابووری بەھێز،  حوکم و سەرەوەری یاسا، کلتوری ھونەری و تەکنەلۆجیای تازە و ...ھتد، سیمای زۆرێک لە حوکمی دەوڵەت و گەلانن کە ھەندێکیان تازە پێگەیشتووشن، ھەموو ئەوانەش لە کۆتاییدا بە خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان دەشکێتەوە و ئەوانیش زیاتر وابەستەی خاك و نیشتیمانیان دەبن و ئامادەی گیان فیداکردنن بۆ نیشتیمان و خاکێک کە لە سایەی دەوڵەتداری حوکمڕانەکانیان ژیانی بە واتای ژیان پێبەخشیوون.

ئەی لای ئێمە سیمای حوکمڕانی چییە و چۆن جیا دەکرێتەوە؟!
پاش نزیکەی سی ساڵ لە حوکمی خۆسەری لەم ھەرێمە سیمای ھەرەدیار بۆ حوکمی دەسەڵاتدارانی ھەرێم خنکاندنە.
کە ھەندێکیان فیزیکی و ھەندێکیان مەعنەوین، نموونەی ئەوانەش
خنکاندنی ئازادییەکان.
خنکاندنی ھیوای گەنجان.
خنکاندنی گەنجان لەدەرەوەی سنوور و دوور لە کەس وکاریان لە دەریا و دەریاچەکانی ئەودیوی سنوور.

خنکاندنی نەخۆشەکان لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ھەناسە لە خەستەخانەکان.
خنکاندنی خێزانەکان بە دووكەڵی نەوتی بێ بەرەکەت بۆیان.
خنکاندنی ژینگە  بە سوتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان.

خنکاندن بە پەیمانی درۆ و درووستکردنی  وەھمی دنیایەکی ڕەنگاڵە بۆ ھاووڵاتیان.

خنکاندن بە بارانی ڕەحمەتی خودا،  دوای ساڵانی وشک لە سەنتەری شار.
دوا خنکاندنیش خنکاندنە بە دوكەڵی خەڵوزی دارەبڕاوەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن