1056وتار

دوای کۆرۆنــا
بەشی یەکەم

4/20/2020 2:33:00 PM
د. کارزان تۆفیق محمود

زۆرێک لە ئێمە ڕەنگە ئەو بابەتە ئەدەبییانەی خوێندبێتەوە کە باس لە هاتن و دروست بوونی پەتا گەورەکان دەکەن، بە تایبەتیش ئەوانەی کە بابەتی ڕۆمان و چیرۆکەکانیان لەسەر ڕادەی کوشندەیی و بڵاوبوونەوەی پەتاکە بنیات ناوە، ڕەنگە زۆر جاریش بۆ زیاتر سەرنجراکێشانی خوێنەر خەیاڵی نووسەر لەسەر پەتاکە و چۆنێتی زیان گەیاندن و بڵاوبوونەوە و چارەسەرەکەشی تێکەڵ بە چیرۆکەکە کرابێت، سەیر لەوەدایە کە هەندێک لەو خەیاڵانەش وەک پێشبینی زۆرجار دێتەدی. 
لە هەموو ئەمانەشدا خاڵی هاوبەش شەری مانەوەی مرۆڤەکانە بە چەندین ڕێگە، کە گرنگترینیان دەستەبەرکردنی خۆراکە بۆ بەرونگاربوونەوەی پەتاکان و مانەوەی مرۆڤەکان بە تەندروستییەکی باشەوە. 
لە ئێستادا کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوی جیهانی گرتۆتەوە و لە زۆربەی ووڵاتانیش بە هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە مردن تۆمارکراوە و زۆربەی دەزگا تەندروستییەکانی ووڵاتان و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش بە کوشندە ناوی دەبەن وە ڕەنگە ئەم پەتایە درێژە بکێشێت و وا زوو کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان دەبێت. ئەو سێکتەرەش کە بەرپرسە لە دابین کردنی خۆراک لە زیانەکانی کۆرۆنا بەدەر نابێت کە سێکتەری کشتوکاڵە. 
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سندوقی دراوی نێونەودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەسەر زەرەر و زیانەکانی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و بە ڕاشکاوانە باسى لەوە کرد کە لەم ساڵدا ئابووری ووڵاتان و جیهان بە گشتی ڕوو لە داڕمان دەکات و تا ئێستاش زیانەکان بە نزیکەی 160ملیار دولار دەخەمڵێنرێت، هەروەها ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە ڕەنگە گەشەی ئابووری جیهان بە ڕێژەی 2.8 % پاشەکشە بکات، ئەمەش وا دەکات کە زۆربەی ووڵاتانی جیهان بە ئابووری خۆیانەوە خەریک بن.
 ووڵاتانی هەژاریش کە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز نین گرفتی گەورەیان بۆ درووست دەبێت و ئەو ووڵاتانەش کە تەنها یەک سەرچاوەی داهاتیان هەیە بە واتایەکی تر تەنها پشتیان بە یەک سەچاوەی داهات بەستووە بۆ دابینکردنی بەشی هەرە زۆری بودجەی ووڵات،" بۆ نموونە نەوت" گورزی کوشندە و کاریگەریان بەردەکەوێت. هەرێمی کوردستان و تەنانەت ووڵاتی عێراقیش نموونەیەکی باشی ئەو ووڵاتانەن کە بەشی هەرە زۆری بودجەکەیان تەنها پشت بە بازرگانی نەوت دەبەستێت " تەنانەت نەوتیشیان نەکردووە بە پیشەسازى وەک هەندێک ووڵاتی خاوەن نەوت کە ڕەنگە ئەمەیان ببوایە بە کەرتێکی تری ئابووری گرنگ لە بواری نەوت دا". 
ووڵاتانی زلهێزی دونیاش بێگومان ئابوورییەکانیان ڕوو لە داکشان دەکات و ڕەنگە وەک جاران نەتوانن ژیانێکی باش و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتییەکانیان دابین بکەن کە بەشێکی ئەم خۆشگوزەرانییەش لە دابینکردنی خۆراکێکی باش و جۆراوجۆر و تەندروستدا خۆی دەبینێتەوە، کە بەردەوام بەردەست بێت، نرخی گونجاو بێت لەگەڵ داهاتی تاک واتە ئەوەی پێی دەوترێت ئاسایشی خۆراک دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی تەواوی ووڵاتان دوای ڕێکارە تەندرووستییەکان دابینکردنی ئەو خۆراکەیە، ئەویش بەوەی پەرە بدەن بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەن، تا بتوانن لە بەرهەم هێنانی زیاتردا هەناردەی ووڵاتانی بکەن ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە دەستکەوتێکی ترە و بۆیان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی تری داهات، جگە لە زامنکردنی ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتییەکانیان. 
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا هەرێمی کوردستان تا چەند ئامادەباشی بۆ ئەم گرفتانەی ئێستا و دوای کۆرۆناش کردووە؟ بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا کە چەندین ساڵە پەراوێز خراوە تا بتوانێت خۆراکێکی تەندروست و تەواو بۆ هاووڵاتییەکانی زامن بکات. 
لای هەمووان ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان هەم لە ڕووی ئابوورییەوە پاشەکشەی تەواوی کردووە و تاکەکانی ئەم هەرێمە داهاتیان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و تەنانەت هەندێک خێزان ناتوانێت خۆراکی ڕۆژانەی خۆیشی دابین بکات ، وە هەم بە شێکی زۆری بەرووبومە کشتووکاڵییەکانیش هاووردە دەکرێن لە ووڵاتانی دراوسێ یان لە هەندێ ووڵاتی ترەوە، ئەمەش لە دوای کۆرۆنا ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان دوو مەترسی لەسەر دروست ببێت : 
یەکەم : لە ڕووی چەندایەتی و جۆرایەتییەوە، کە ئەم ووڵاتانە زیاتر ئەو خۆراکانە هەناردەی هەرێم دەکەن کە لێیان زیادە و ڕەنگە لەگەڵ پێداوویستییەکانی هەرێمدا یەکنەگرێتەوە ، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی جۆرایەتیشەوە ڕەنگە باش و گونجاو نەبێت "وەک پێشتریش زۆرحاڵەتی وا بینراوە" بەو شێوەیەی کە یاساکانی کواڵیتی خۆراک ڕێگەی پێدەدات بۆ بەکارهێنان، یان لانی کەم ئەو کواڵیتییە بێت کە کڕیار خوازیارێتی. 
دووەم: لە ڕووی نرخەوە کە ڕەنگە نرخەکان زیاتر گرانتربێت وەک ئەوەی لە ئێستاشدا ڕووی داوە، ئەمەش وا دەکات بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم هەرێمە توانای کڕینی نەبێت، خۆ ئەگەر نرخەکان وەک خۆشی بمێنێتەوە دیسان لەبەر باروودۆخی ئابووری، بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێم توانای کڕینی نابێت. ئەمەش ئاسایشی خۆراکی تاکەکانی هەرێم و ڕەنگە عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە. 
بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم زۆر بەپەلە و بە دانانی نەخشە ڕێگایەکی زانستی و پلانی کورت مەودا و درێژخایەن پلانی بوژاندنەوەی کەرتی کشتووکاڵ دابڕێژیت و هەوڵی تەواو بدات بۆ ئەوەی کە سوود لە توانای پسپۆڕانی ئەم بوارە وەربگرێت.


*مامۆستای زانکۆ 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن