924وتار

بارگرانی زانكۆكان یان .......؟!

9/20/2021 5:14:00 PM
د. کارزان تۆفیق محمود


ھەر بەڕاستی وایە؟!
 زانكۆكانی ھەرێم بارگرانی خستۆتەسەر شانی حكومەت؟
ئەگەر وایە با بزانین ھۆكار چییە؟ ئەی چارەسەر لە كوێیە؟

ئەوەی بارگرانی دروستكردووە ئەو ھەموو زانكۆ و زانكۆچكانەن كە بە درێژایی حكومڕانی كوردی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا كرانەوە لە كاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن و دەنگ كڕینی ناوچەیەكی دیاریكراو كە كەمترین پێوەری زانستدان تێدا نییە كە بوونی ستافی ئەكادیمییە لەمەشەوە بۆ سەرجەم شتەكانی تر. 

ئەوەی بارگرانی دروستكردووە ئەو بەلێشاو وەرگرتنەی خوێندكارانە كە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ساڵانی ڕابردوو وەك دەستكەوت باسیان دەكرد كە ھەر خوێندكارێك دواناوەندی تەواو بكات دەبێت بچێتە زانكۆ. 

ئەمە جگە لە بڕیاری بە لێشاو وەرگرتنی خوێندكاران بۆ خوێندنی باڵا بە نمرە و ئاستی نزمەوە،  بە بڕیاری ئەو وەزارەتە بە بیانووی ڕێگری لە چونەدەرەوەی سەرمایە، یەكێكی ترە لەو كارانەی وەزارەت كە بارگرانی لەسەر حكومەت درووست كردووە. 

وەرگرتن و بەخشینەوەی بڕوانامەی باڵاش بە كەسانی ناشایستە و كردنیان بە مامۆستای زانكۆ مایەی بارگرانییە بۆ حكومەت . 

پاشان كام بارگرانی؟! 
ئەوەی كە بودجەی زانكۆكان بۆ كەمتر لە ١٠٪‏ كەمكراوەتەوە و بە تەواوی كاری كارگێڕی و زانستی پەكخستووە یان  دەستبەسەراگرتنی داھاتی زانكۆكان؟! 

ئەو بارگرانییەی لە ئەنجامی خەڵاتی زانا و توێژەران دەكرێت؟ یان ئەوەی ھۆڵ و تاقیگەو كێڵگەی زانكۆكان پۆشتەكراون تا خوێندكار بە سانایی بتوانێت فێربكرێت؟ 
یان خەرجی بۆ دابینكردنی شوێنی مانەوەی گونجاوی خوێندكار بارگرانییە؟
بیرم چوو ڕەنگە دابینكردنی ئەو ھەموو تەكنەلۆجیاو كەرەستە  سەردەمیانە بێت لە كۆلێج و زانكۆكان تا لە وانەووتنەوە و پراكتیكدا بەكاربھێنرێت، باری حكومەتی قورس كردووە!

یان ڕەنگە ئەو تێچووانە بێت كە بۆ كۆنفراس و گۆنگرەی زانستی و ئەكادیمی و بانگھێشتی زانایانی دنیا خەرج دەكرێت. 
كاتێك كە ئەمانە ھیچی نەكرا بێت كام بارگرانی ؟!

ئەگەر وەزارەت و حكومەت وا ھەست دەكەن زانكۆكان بارێكی گرانە؟ ئەی بۆ سەربەخۆیی دارایی فەراھەم ناكەن؟! 

كە لە ئێستادا زانكۆكان داھاتیان ھەیە كە نەك باری سەرشانی حكومەت سووك دەكات بگرە دەتوانێت ھاوكاریشی بێت. كەواتە سەربەخۆیی دارایی تاكە چارەسەرە بۆ ئەو مەبەستە. 

بەڵام، كاتێك حكومەت دەستی بەسەر ئەو داھاتەدا گرتووە بە بیانووی دابینكردنی مووچە یان خەرج كردنەوەی بە شێوەیەكی ناوەندی«مركزی»، زانكۆكان چۆن بتوانن خەرجی خۆیان بۆ پێداویستییە كارگێڕی و زانستییەكانیان دابین بكەن؟!  

كەواتە حكومەت بارگرانی بۆ زانكۆكان دروستكردووە نەك بە پێچەوانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن