برسیکردنی زانکۆکان وەک ھەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردن
8/13/2021 10:02:00 PM
د. کارزان تۆفیق محمود
یەکێک لە فاکتەرە ھەرە گرنگەکانی پێویست بۆ سەربەخۆیی زانکۆکان سەربەخۆیی داراییە، زانکۆکان دەتوانن دەست کراوە بن بۆ باشتر کردنی ڕەوشی خوێندن لەسەرجەم ڕووەکانەوە چونکە زانکۆ دەتوانێت ڕاستەوخۆ بڕیاربدات لەسەر گرێبەست کردن لەگەڵ زانا و مامۆستا و شارەزایانی بوارە جیاوازەکانی زانست لە زانکۆ جیھانییەکان، ھەروەھا پەیوەندی بەستن بۆ بەجێگەیاندنی کۆنفرانس و توێژینەوەی ئاست بەرز، پتەوکردنی ژێرخانی زانستی زانکۆش یەکێکی تر دەبێت لە کارەگرنگەکان لەڕێی باشتر کردنی پرۆگرامی خوێندن و درووستکردنی تاقیگەی پڕ ئامێر و ھۆڵ و کەرەستەکانی خوێندن، تا ئاستی ناردنە دەرەوەی ستافی ئەکادیمی و خوێندکارانیش بۆ وەرگرتنی ئەزموونی زانکۆ پێشکەوتووەکان، بەمەش دەتوانرێت کواڵیتی خوێندن و ئاستی زانستی و داھێنان بەرزبکرێتەوە.
جگە لەوەی سیاسەتی بەڕێوەبردن و کارگێڕی زانکۆش ناکەوێتە ژێر کاریگەری ھیچ لایەن و ڕێکخراوێکی سیاسی و کەسایەتییەک کە ھاوکاری زانکۆ بێت تا ئەجندای خۆیانی تێدا جێ بکەنەو، بەڵکو زانکۆ سەربەخۆ بڕیار دەدات.
بەڵام چی ئەگەر ئەمە نەبێت؟!؟
ئەو کات ھەموو ئەوانە پێچەوانەوە دەبنەوە و خوێندن و زانستیش تا ئاسێکی زۆر، چەق بەستوو دەبێت و زانکۆ دەبێتە پاشکۆ نەک تەنھا بۆ زانکۆ جیھانییەکان بەڵکو بۆ زانکۆکانی چواردەوریش.
بۆ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ئەمەی دووەمیان ڕاستە و دەبینین لە ھەر زانکۆیەک ئەجندای حیزبێکی دیاریکراوی تێداپەیڕەو دەکرێت، ھەر بۆیە دەبینین و دەبیستین لە زانکۆکانی کوردستان داھێنان و داھێنەر زۆر کەمە و ھەمیشەش دەرچووان گازندەی ئەوەیان ھەیەھیچ فیر نەبوون، ڕەنگە ئەمە تا ئەو ئاستە نەبێت بەڵام جۆرێک لە ڕاستیشی تێدایە، چونکە گەر خوێندکار وانە پراکتیکییەکان وەک پێویست نەخوێنن و خۆیان تاقیکردنەوە زانستییەکانی ناو تاقیگە و کێڵگە پراکتیزە نەکەن و ئاشنا نەبن بەئەزموونی زانکۆکانی تر ، چۆن فێر ببن؟
سەرەڕای ئەوەی ستافی ئەکادیمیش ئاستی پەیوەندی کردنیان لەگەڵ پسپۆڕییە ھاوشێوەکانیان زۆر لاوازە و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی زانستیان.
زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لە دوای قەیرانەکانەوە تووشی قەیرانی قوڵی دارایی بوون و بودجەکانیان بەڕێژەیەکی وا کەمی کردووە کە ناتوانرێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی کارە کارگێڕییەکانی پێ دابین بکرێت چ جای پێداویستی خوێندن و پێشخستن.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاری زیادکردنی داھاتی زانکۆکان و خەرجکردنەوەی بەشێک لەو داھاتە بۆ زانکۆکان، زانکۆکانی نزیک کردبۆوە لە سەبەخۆیی دارایی، بەڵام لە ئێستادا بە بیانووی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داھات، حکومەت ٢ ساڵە دەستی بەسەرداگرتووە، لەگەڵ ئەوەی سەجەم داھاتەکان دەباتەوە بۆ خۆی بودجەی زانکۆکانیشی بە کەمی ھێشتۆتەوە.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە حکومەت و دەسەڵات نایانەوێت زانکۆکان لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ بن تا ھەمیشە چاویان لە دەستی ئەوان بێت و ئەوانیش بتوانن ئەجندای حیزبی و کەسی خۆیانی تێدا جێبکەنەوە، لە کۆتاییشدا ئەمە وا دەکات زانکۆکان نەتوانن ھەنگاوی گەورە بنێن و کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر بڕیاری «سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی.....ھتد» درووست بکەن.