782وتار

دوای کۆرۆنــا
بەشی دووەم

4/27/2020 11:15:00 AM
د. کارزان تۆفیق محمود


لە بەشی یەکەمی نووسینەکەمدا زۆر بە کورتی باسم لەوە کرد کە ڕەنگە ووڵاتانی هەناردەکاری بەرووبومە کشتووکاڵییەکان وەک جاران بەرهەمەکانیان هەناردەی ووڵاتانی تر نەکەن و زیاتر بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکاریبهێنن، ئەویش یان بەهۆی قەیرانی داریییەوە کە بەهۆی کۆرۆناوە بەرۆکی گرتوون ، یان ڕەنگە بیانەوێت بە نرخێکی زیاتر بیخەنە بازاڕەوە تا باری لاری ئابووریانی پێ ڕاست بکەنەوە.
ئەوەتا هەر دوێنێ یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی گەنم " ڕووسیا"، هەناردەی گەنمی بۆ بازارەکانی جیهان هەڵپەسارد تا کاتێکی دیاری کراو، کە بە بۆچوونی من بەشێکی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە بیەوێت بە نرخێکی زیاتر لە جاران هەناردەی بکات، چونکە بەرووبومی گەنمی ئەو ووڵاتە زۆر زیاترە لە پێداویستی ناوخۆیی، بەمەش بۆشاییەک لە بازاڕی گەنم لە جیهاندا درووست دەبێت ، ئەو ووڵاتانەش کە پشتیان بە هاوردەی گەنم بەستووە لەو ووڵاتەوە تووشی قەیران دەبن. ئەمە نموونەیەکی بچووکی گۆڕانگاری و کاریگەرییەکانی کۆرۆنایە لە ئێستادا کە ڕەنگە دوای کۆرۆنا کاریگەرییەکانی قوڵتربن. بێگومان ئەمەش ئەو زەنگی ئاگادارکردنەوەیەیە کە ڕەنگە بۆ زۆر کاڵا و بەرووبومی کشتووکاڵی تر هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. لە ئێستاشدا بازاڕی نەوت بەوشێوەیەیە کە ناتوانرێت بۆ هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان پشتی پێببەسترێت بۆ دابینکردنی بودجە و تەنانەت موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیش.
بۆیە باسم لەوە کرد کە دەبێت حکوومەتی هەرێم پلانی هەبێت و زانستییانە بتوانێت لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببێتەوە و لە دەرهاویشتەکانی ڕزگاری بێت و لە هەمان کاتیشدا سێکتەری کشتوکاڵ بۆ دوای کۆرۆنا و لە ئەگەری سەرهەڵدانی پەتا و کارەساتی مرۆیی و سروشتی تریشدا ئامادە بکات و بیکاتە سێکتەری گرنگ و خاوەن داهات و دابینکەری ئاسایشی خۆراکی هەرێم. بەو مانایەی دەبێت تێڕوانینی حکوومەتی هەرێم و تەنانەت هێزە سیاسییەکانیش بەرامبەر کەرتی کشتووکاڵ بگۆڕێت و چیتر کەرتی کشتووکاڵ وەک کەرتێکی بێبەها و لاوەکی سەیر نەکرێت، واتە وەزارەتی کشتووکاڵ دەبێت ببێتە وەزارەتێکی " سیادی" . 
پرسیار ئەوەیە کە لە ئێستادا حکومەت چی بکات؟ 
ڕەنگە زۆر پێشنیار و وەڵام هەبێت بۆ ئەمە بەڵام دیسان پرسیار ئەوەیە ئایا تا چەند حکومەت و دەسەڵاتی ئەم هەرێمە وەڵامدانەوەیان دەبێت بۆ ئەوەی کە پێشنیار دەکرێت؟  
لێرەدا چەند هێڵێکی گشتی بەبۆچوونی "متواچع" ی خۆم باس دەکەم، لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕابردووشدا باسمان کردووە، دەکرێت کاری لەسەر بکرێت  بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتووکاڵ، هەندێکیان بەپەلە دەبێت کاری بۆ بکرێت و هەندێکیشیان کاتی زیاتری دەوێت. 
بێگوومان دەبێت زانکۆکان  بە گشتی و بەتایبەتیش کۆلیج و پەیمانگا کشتووکاڵییەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت لە پێدانی زانیاری نوێ و دەرئەنجامی توێژینەوەکان تا ببێتە بنەمایەمی زانستی بۆ کشتووکاڵێکی مۆدێرن. لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا گرنگە پەرەی پێبدرێت بەتایبەتیش لە دابینکردنی بودجەیەکی پێویست بۆ توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکانی  کشتووکاڵ بە هەمئاهەنگی کۆلیجەکانی کشتووکاڵ و وێستگەکانی توێژینەوەی کشتووکاڵی، هەروەها بۆ سازدانی ڕاهێنان وخولی زانستی بۆ جووتیاران و ئەندازیارانی کشتووکاڵ.     
یەکەم: پێکهێنانی کۆمیتەیەکی ڕاوێژکاری کشتووکاڵی نەتەوەیی لە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری کشتووکاڵ، سەربەخۆ و توانای بڕیاردانی هەبێت.  گۆڕانکاری لەم کۆمیتەیەدا لەسەر بنەمای کارو لێهاتوویی بێت نەک لەسەر گۆڕانی حکومەت و کابینەی وەزاری. 
دووەم: بەپەلە کار بکرێت بۆ دانانی داتابەیسێکی نیشتیمانی بۆ بەرهەم هێنان و بەکاربردنی بەرووبوومی کشتووکاڵی تا بزانرێت چەند بڕو جۆری بەرهەمی زیادە  هەیە لە بەکارهێنانی ناوخۆیی و کەمی بەرهەمەکانی تریش کامانەن. 
سێیەم: دانانی بودجەیەکی باش و گونجاو بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتووکاڵی کە لە 10% کەمتر نەبێت.
چوارەم: دانانی نەخشەیەکی جوگرافی و دابەشکاری ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بۆ چەند ناوچەیەک بە پێی گونجاندنیان بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومێک یان چەند بەرووبومێکی دیاریکراو " دەشتەکانی شارەزوورو هەولێر ......هتد" وە هەوڵ بدرێت جووتیار بەو نەخشە کار بکات. 
پێنجەم: داڕشتنی یاسایەکی گونجاو و سەردەمیانە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتووکاڵ کە هەلی زیاتر بخاتە بەردەستی وەبەرهێن "کەرتی تایبەت" تا وەبەرهێنانێکی درووست لەم کەرتەدا بکات دوور لە قۆرخکاری. 
شەشەم: بە پیشەسازی کردنی کەرتی کشتووکاڵ یەکێکی ترە لەو هەنگاوە گرنگانەی کە دەبێت حکوومەت یان کەرتی تایبەت پەیڕەوی بکات، بەو واتایەی کە بەرووبومە کشتووکاڵییەکان  تەنها وەک ماددەیەکی خاو بەکار نەهێنرێت، بەڵکو دەبێت بەشێکی ئەم بەرووبومانە لە بواری پیشەسازیدا بەکاربێت، لەلایەک بۆ پاراستنی بەرهەمی زیاد لە پێداوویستی ناوخۆیی لە خراپ بوون و فڕێدان " بەداخەوە کە ئێستا ناو بەناو دەبینرێت"، لە لایەکی تریشەوە بۆ بەهەمهێنانی خۆراکی جۆراوجۆر کە دەکرێت بەشێکیشی هەناردەی ووڵاتان بکرێت، کە دەبێتە سەرچاوەیەکى تری داهات، ئەمەش بە درووستکردنی کارخانەی گەورە و مامناوەند یان بە شێوەی پڕۆژەیەکی تەواو لە بەرهەمهێنانەوە تا بەکاربردن." پڕۆژەی تەواوکاری".  
حەوتەم: هەوڵدان بۆ بە میکانیزەکردنی کشتووکاڵ ، بەو واتایەی ئامێر و تەکنەلۆجیای تازە بەکاربهێنرێت لە کشتووکاڵکردن دا، لەلایەک بۆ زیادکردنی بەرهەم و لەلایەکی ترەوە  بۆ کەمکردنەوی  زیانگەیاندن بە بەرووبومە کشتووکاڵییەکان. 
هەشتەم: بوژاندنەوەی بانکی کشتووکاڵی و پێدانی قەرز بەَ گەنجان بە تایبەت دەرچووانی کۆلیجە کشتووکاڵییەکان، تا لە ڕێگەیەوە بتوانن پڕۆژەی بچووک و مامناوەندی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، کە دەبێتە پاڵپشت  بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هەم لەڕووی ئابووریشەوە سودی زۆری دەبێت بەتایبەتیش ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان. لەهەمان کاتدا لەم بانکە پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت.
نۆیەم: هەوڵدان بۆ تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی کە تەواو نەکراون و پلانیش هەبێت بۆ درووست کردنی بەنداوی نوێ لە هەندێک شوێن کە لە وەرزی گەرمادا کەم یان بێ ئاو دەبن، تا بتوانرێت زەوی بەراو زیاد بکرێت، ئەمە جگە لەوەی لە خۆی لە خۆیدا دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و جۆرێکی تر دەبێت لە داهات و زیادکرنی هەلی کار.
دەیەم: هەوڵی جدی بدرێت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان ئەویش بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک " ئاو ، کارەبا، قوتابخانە......هتد" و دروستکردنی بازاڕی هەرەوەزی بۆ ساغ کردنەوەی بەرووبومەکانیان، وە هەموو ئەو زەویانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی سیاج کراون و کراون بە باخ و بۆ بەکارهێنانی کەسی بەکاردێت، لا ببرێت و جارێکی تر بۆ کشتووکاڵ بەکار بهێنرێتەوە. 
یانزەیەم: درووستکردن و دابینکردنی کۆگای گەورە و ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی ئەو بەرووبومانەی زیاد لە پێوویستی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنرێت لە وەرزێکی تایبەت بۆ وەرزەکانی تر یان تا کاتی بەبازاڕکردنی.  
دوانزیەم: هەڵوەشاندنەوە  یان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی یەکێتییە جووتیارییەکان،  دوور لە سیاسەت و پشک پشکێنە و درووست کردنی گرووپی جووتیاری بچووک و تایبەتمەند لە بەرووبومێک یان چەند بەرووبومێکی دیاریکراو ، کە لێرەدا هەوڵ و توانای جووتیارەکان بۆ دەستنیشان کردنی گرفتەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکان کاریگەرتر دەبێت ، ئەمە جگە لەوەی کە ڕۆڵی جووتیاری نموونەیی بۆ داهێنان باشتر دەرەخسێت و دەگاتە جێی خۆی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن