411وتار

خۆراک تەنھا ووزەیە؟!

8/25/2021 11:10:00 AM
د. کارزان تۆفیق محمود

ھەمووان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانیین کە خۆراکی مرۆڤ سێھەم پێداویستی ژیانەلە دوای ھەوا و ئاو، بەڵام با بپرسین مرۆڤ بۆچی خواردن دەخوات؟
 
بەکارھێنانی خۆراک بۆ چەند مەبەستێکە:- 

 وەک دابینکردنی ماددە سەرەکی و پێداویستییەکانی لەشی مرۆڤ بۆ درووست بوون و گەشە کردن، بەشێکی تریشی بۆ پڕکردنەوەی کەم و کوڕی ماددە سەرەتاییەکانی پێکھاتەی لەشی مرۆڤە وەک ڤیتامین و کانزاکان چونکە وەک دەووترێت «مرۆڤ ئەوەیە کە دەیخوات».

بەشێکی تری خۆراک بۆ پێدانی و وەرگرتنی ووزەی پێویستە بۆ بەردەوامی ژیان و کاروچالاکی ڕۆژانەی.

 ئەمانەش ھەمووی دەچنە خانەی بەڕێکردنی ژیانێکی تەندرووست. 

بەکارھێنانی خۆراک بەشێکی گرنگی تریشی ھەیە کە تێرکردنی حەزی مرۆڤەکانە کە زۆرجار وا دەکات لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ ژیانێکی تەندرووست و بێ کێشەی ھەیە بەڵام جۆرێک یان چەند جۆرێک لە خواردن بەکاربھێنێت، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت خۆراک تەنھا ووزە نییەو چەندین سودی گرنگی تریشی ھەیە بۆ ژیانێکی ئارام و تەندرووست وە ناکرێت سودەکانی تری خۆراک فەرامۆش بکرێت .

بەڵام ھەندێک پسپۆڕی خۆراک تەنھا فۆکەسیان لەسەر بەشێکی بەکارھێنانی خۆراکە و لە چاوپێکەوتن و نووسین و ووتارەکانیان دا ئەویش «ووزەی خۆراک»ە. 

ئەم بابەتە بە شێوەیەک زەقکراوەتەوە کە بەشێک لە خەڵک بەتایبەتیش ئەوانەی کێشەی زیادبوونی کێش و گرفتی قەڵەوییان ھەیە، خۆیان وەک ئامێرێک ببین بۆ سووتاندنی خۆراک و وەرگرتنی ووزەی ئەو خۆراکەی بەکاریدەھێنن و تا ئاستێکی زۆریش پێیان وایە ئەو ووزەیەی بە ڕەھایی لەھەر خۆراکێکدا ھەیە و دیاریکراوە بەوشێوەیە وەریدەگرن و کێشەکەیان گەورەتر دەکات، بۆیە ھەمیشە چاویان لەسەر بڕی ووزەی ئەو خۆراکەیە کە دەیخۆن و ھەوڵدەدەن کەمترینی لێ بەدەست بھێنن لە ڕێی دیاریکردنی بڕی خۆراکەکەوە، ئەمەش وا دەکات سودی تەواو لەو خۆراکە نەبینن و ھەندێک سودی ئەو خۆراکانە بە «تەواوکاری خۆراکی» وەربگرن کە زۆربەیان درووست کراوون و سرووشتی نین،  جگە لەوەی لە زۆر بەکارھێنانی کاریگەری ناتەندرووست درووست دەکات، پاشانیش چێژ لەو خۆراکە وەرنەگرن، کە ڕەنگە کاریگەری دەروونیش بە دوای خۆیدا بھێنێت.

ووزەی ھەر خۆراکێک بەڕەھایی مرۆڤ سودی لێنابینێت واتە کاتێک دەووترێت ٥ دەنک خورما، چنگێک چەرەس یان میوەیەکی ووشک کراو خراپە چونکە بڕێکی زۆر ووزەی تێدایە، ھەموو ئەو بڕە ووزەیە ڕاستەوخۆ مرۆڤ سودی لێنابینێت تا بۆ ئەوەش ھەوڵێکی جەستەیی زۆر بدات و چەندین کیلۆمەتر بە خێرایی ببڕێت تا سەرفی بکات، بەڵکو سود لە بەشێک لەو ووزەیە دەبینێت کە زۆرجار نیوە یان بڕێک زیاتر لە نیوەی ئەو ووزەیەیە کە لە خۆراکەکەدا ھەیە ئەوەش دەکەوێتە سەر ھەندێک فاکتەر کە بەشێکیان تایبەتە بە خودی خۆراکەکە و بڕ و جۆری سەرچاوەی پێکھاتە ووزەبەخشەکەی و بەشێکیشیان بە پێی فسیۆلۆجیای کەسی بەکاربەری خۆراکەکە دەگۆڕێت، پاشان بەشێک لەو ووزەیەش بۆ بەردەوامی ژیان بەکاردێتەوە و پێوویست بە ھیچ جۆرە ھەوڵێکی جەستەیی ناکات.

لە کۆتاییدا دەکرێت بەو ڕەھاییە باس لە وەرگرتنی ووزەی نێو خۆراک نەکرێت و ئەوانەی کە ھیچ کێشەیەکی کێشیان نییە زۆر نەترسن و نەپرسن لەوەی خۆراکێک چەند ووزەی تێدایە، ئەوانەش کە کێشەیان ھەیە دەتوانن تەنھا ئەو جۆرە خۆراکانە کەم بکەنەوە کە ووزەیەکی زۆریان تێدایە نەک بە تەواوی لە بەکارھێنانی دوور بکەونەوە و پاشانیش سەرچاوەی دابینکەری ووزەکەش لە خۆراکەکەدا گرنگە بۆ بڕیاردان لە کەمکردنەوەی.  

«بێگومان زۆر و زیاد لە پێوویست بەکارھێنانی ھەر خۆراکێک و بە بەردەوامی کاریگەری نەرێنی ھەیە ئەگەر بڕی ووزەکەشی کەم بێت».

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن