هەڵبژاردنی پەرلەمانتار
9/17/2021 7:34:00 PM
عهلی حهمه ساڵح
كاری پەرلەمانی تەنیا قسەی گشتی نییە، بەدواداچونە بە وردەكاریەكی زۆرەوە، دروستكردنی باوەڕو ڕایگشتیە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و پێڕەویە.. هەبوونی مەعریفەی سیاسیە بۆ دروستكردنی هەڵوێستی سیاسی..
دوو جۆر پەرلەمانتار هەن، نەك ناتوانن خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و كاری پەرلەمانی بكەن، بەڵكو هۆكاری بەردەوامی نادادی و زوڵمن! زهنی دەنگدەر دەشێوێنن.. ئەركی پەرلەمانتاریش بەلاڕێدا دەبەن..
پشتیوانیكردنی كارە چەوت و هەڵەكانی حكومەت هەڵەیە، نابێت پەرلەمانتار وتەبێژی حكومەت بێت. نابێت پەرلەمانتار هیچ لێكۆڵینەوەو بەدواداچونێك نەكات و ئەوەی حكومەت كردی پەسەندی بكات و مكیاژی بكات..
جۆری دوەم كە مەترسی لەجۆری یەكەم كەمتر نیە، پەرلەمانتار توانای ئەوەی نیە بەئەركی پەرلەمانی هەستێت، تەنانەت پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشی نەخوێندوەتەوە چ جای ئەوەی دەیان لێكۆڵینەوە لەسەر ئەركو كاری پەرلەمانی بخوێنتەوە، لە لیژنەكاندا ئامادەبوونی نیەو لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی نیە، تەنانەت بۆ گفتوگۆی پرۆژە یاساكانیش ئامادەنیەو هیچ بەشداریەكی نیە!
لەپێش دانیشتنی پەرلەمان بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئامادەبێت دەنگ و قەرەباڵخیەك دروستدەكات، ئەمە نەك كاریگەری نیە زیانی گەورەش لە ئیشی جدی دەدات! سەرۆكی پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی نیە تاوەكو خەڵك واتێبگەیەنیت! ئەم فریودانە مەترسیدارە.. یان بەبێ كاری جدی و لێكۆڵینەوە لە شاشەوە قسەی نادروست بكەیت!
پەرلەمانتاری باش لەگەڵ عەقڵی دەنگدەر مامەڵە دەكات نەك هەست و سۆز..
كاری جدی پەرلەمانی پێویستی بە ماندووبونە، دەبێ پیشەیی بیت، بەرژەوەندی گشتی بخەیتە پێش ژیانی خۆشت، چاوپۆشی لە گەندەڵی و نادادی كەس نەكەیت، شتەكان بە قەباری خۆی پیشان بدەیت..
٨٠٪ كاری پەرلەمانی لێكۆڵینەوەو بەدواداچونە لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان، لێكۆڵینەوەیە بەوردەكاری و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایە، بەدڵنیایی هەر پەرلەمانتارێك بەم وردەكاریە كاربكات هیچ وەزیرێك ناتوانێت لێی بێمنەت بێت...
وەك خۆم چۆن پشتیوانیكردنی گەندەڵی و ستەمكاری بەتاوان دەبینم، بەكارهێنانی هەست و سۆزی خەڵكیش بە فێڵ و تاوان دەزانم، هیچ بەدواداچونێك نەكەم و هەموو دانیشتنێك بە قسەیەكی گشتی بە سەرۆكی پەرلەمان بڵێم بۆ موچە نادەن! لە كاتێكدا دەبێت زۆرترین لێكۆڵینەوە بكەین لەسەر گەندەڵی و بیسەلمێنین كە دەكرێ موچە بدرێت و پاشان بەپێی پێڕەو داوای دانیشتن بكەیت، ئەوەندە لە ئەستۆی پەرلەمانتارە..
ئەگەر لایەنگری پارتێكی دەسەڵاتداری ئێستا تۆ دەنگ بە كاندیدێك مەدە حیزبەكەت بۆی دیاری كردوی بەبێ ئەوەی توانای بزانیت..
لەبەر ئەوەی هێزێك چەند ڕەخنەی ڕووكەشی گرتوەو هەست و سۆزی خەڵكی فریوداوە، بەبێ ئەوەی بزانی كاندیدەكەی كێیەو توانای چیە! چۆن دەنگی پێدەدەیت!
پرسیار بكە بۆچی دەنگ بەكێ دەدەیت؟ تواناو سەنگی چیە! دەتوانێت چی بكات؟ بە عەقڵ و مەعریفە دەبێت دەنگ بدەین نەك هەست و سۆز..